25-هەمین خولی پەرلەمانی لە کۆماری تورکیادا لە 7-ی حوزەیرانی 2015، بۆ هەڵبژاردنی 550 ئەندامی پەرلەمان ئەنجام دەدرێت، هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەش دەبێتە 24-هەمین هەڵبژاردنی گشتی لە تورکیادا.
مێژووی فرەپارتی لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1946 دوای ئەوەی هەریەکە لەجەلال بەیارو عەدنان مێندێرێس لە پارتی گەلی کۆمار (جەهەپە)ی دەسەڵاتداری ئه و کاتەی تورکیا جیابوونەوە و پارتی دیموکراتی (دەپە)یان دامەزراند، سەرەڕای فشارەکانی ئه و کاتەی دەسەڵات لە هەڵبژاردنەکانی ئه و کاتەی تورکیادا بەڵام پارتی دیموکراتی توانی ڕکابەرییەکی باش لەگەڵ پارتی گەلی کۆماری بکات.
لە یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا لە ساڵی 1950 پارتی دیموکراتی توانی کۆتایی بە 27 ساڵەی تەمەنی دەسەڵاتداری پارتی گەلی کۆماری بهێنێت کە لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە لە لایەن موستەفا کەمال ئەتاتورکەوە دەسەڵاتیان گرتبووە دەست.
بەڵام پارتی دیموکراتی بە سەرۆکایەتی عەدنان مێندێرێس و جەلال بەیار لە دوای کۆتایی 1954 دوای ئەوەی توانییان بۆ جارێکی دی زۆرینەی ڕەها بە دەست بهێنن لە دیموکراتییەوە بەره و دەسەڵاتداریی و دواتر بەره و تاکڕەویی ڕۆیشت.
دوای ئەمەش کودەتایەکی سەربازی خوێناوی لە ساڵی 1960 ئەنجامدراو هەریەکە لە مێندێرێس و بەیار دەستگیرکران و دواتر مێندێرێس سزای کوشتنی بەسەردا جێبەجێکرا.
لە دوای 1961 دەستوورێکی نوێ پەسەندکراو پارتێکیدی بە ناوی پارتی داد(ئەپە) دروستبوو کە توانییان زۆرینەی پەرلەمان لە 1969 بەدەستبهێنن بەڵام پارتی داد نەیتوانی کێشەکانی ئابووری ئه و کاتەی تورکیا چارەسەر بکات و هەروەها ڕێگریش بکات لە زیادبوونی چالاکییە سیاسییە توندڕەوەکانی باڵی چەپی توندڕە و گروپی گورگە خاکییەکان کە گروپێکی نەتەوەپەرستی تورک بوون.
دواتر لە ساڵی 1971 کودەتایەکی دیکەی سەربازی ڕوویدا، لە ساڵی 1973 هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجامدرا و پارتی گەلی کۆماری بەسەرۆکایەتی بولێنت ئەجەوید بووە گەورەترین پارتی پەرلەمان و دواتر لەگەڵ پارتێکی ئیسلامی بە سەرۆکایەتی نەجمەدین ئەربەکان حکومەتی هاوبەشی پێکهێنا، کە ئەربەکان داوای جێبەجێکردنی یاسای ئیسلامی دەکرد.
بەڵام ئەم حکومەتە هاوبەشە زۆری نەخایەند و لە لایەن پەرلەمانەوە دوای ساڵێک دەسەڵاتیان لێوەرگیرایەوە و دواتر لە ساڵی 1975 حکومەتێکیدی پێکهێنرا تاوەکو ساڵی 1977 کە جارێکی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجامدراو ئەمجارە هەریەکە لە بولێنت ئەجەوید و دێمیرێل حکومەتی هاوبەشیان پێکهێنا، بەڵام دواجار ئەمانیش نەیانتیوانی تورکیا لە قەیرانی ئابووری ڕزگار بکەن و ئەمەش ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ دەستوەردانی سەربازی لەلایەن سوپاوە و ئەنجامدانی کودەتای سەربازی لەلایەن سوپاوە لە ئەیلولی 1980 و پێکهێنانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی بە سەرۆکایەتی جەنەڕاڵ کێنان ئێڤرێن.
لەم کاتەدا پەرلەمان داخراو دەستووریش هەڵسەپێردرا، کەسایەتییە سیاسییە دیارەکانیش دەستبەسەرکران.
لە ساڵی 1982 جارێکیدی هاوڵاتیانی تورکیا دەنگیان لەسەر دەستوورێکی نوێدا، کە دەستوورەکە بۆ ڕێگە خۆشکردن بۆ سیستمێکی سەرۆکایەتی بەهێز ئامادەکرابوو، بەم شێوەیە جەنەڕاڵ کێنان ئێڤرێن بووە سەرۆک کۆماری تورکیا، هەر لەم ساڵەشدا بڕیاڕێکی نوێ دەرکرا بۆ ئەوەی ئه و پارتانەی لە هەڵبژاردنەکاندا لە کەمتر لە %10 دەهێنن نەتوانن بچنە پەرلەمانەوە.
لە ساڵی 1983 هەڵبژاردنێکی دیکە ئەنجامدرا و کێنان ئێرڤێن، نەجدەت ئۆزاڵی وەکو سەرۆک وەزیرانی تورکیا دیاریکرد.
لە ساڵی 1987 جارێکی دیکە دەستوور خرایەوە دەنگدانەوە و دەنگدەران توانییان هەندێک له و سەرکردانە بگەڕێننەوە کایەی سیاسی کە بەهۆی کودەتاکەی ساڵی 1980-ەوە بەشداریکردنیان لە کایە سیاسییەکانیان لێ قەدەغەکرابوو.
هەر لە ساڵی 1987 هەڵبژاردنێکی گشتی ئەنجامدرا و جارێکی دیکە ئوزاڵ لە لایەن کێنان ئێرڤێنەوە هەڵبژێردایەوە، بەڵام لە ساڵی 1989 بە بڕیارێکی ئەنجومەنی نەتەوەیی تورکیا تورکوت ئۆزاڵ کرایە سەرۆک کۆمار و ئەویش یڵدریم ئاکبوڵوتی بە سەرۆک وەزیر دیاریکرد.
لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1991 جارێکی دی دێمیرێل دوای ئەوەی 11 ساڵ لەوەوپێش لەلایەن سوپاوە کودەتای کرابوو بەسەریدا گەڕایەوە دەسەڵات و بووە سەرۆک وەزیر.
دێمیرێل تاوەکو ساڵی 1993 وەکو سەرۆک وەزیر مایەوە بەڵام بەهۆی جەڵدەی دڵەوە کاتێک کە تورکوت ئۆزال کۆچی دواییکرد بووە سەرۆک کۆمار و بۆ یەکەمجار تانسو چیللەر کە ژن بوو لە مێژووی کۆماری تورکیادا بووە سەرۆک وەزیران.
دواتر لە ساڵی 1996 تورکیا گۆڕانکاریی دیکەی بەخۆیەوە بینی و دوای هەڵبژاردنەکانی ئه و وڵاتە نەجمەدین ئەربەکان وەکو یەکەمین کەسایەتی ئیسلامی بووە سەرۆک وەزیرانی تورکیا و تانسو چیللەریش بووە جێگری.
بەڵام خواستەکانی ئەربەکان بۆ پشتکردنە ڕۆژئاوا و نزیکبوونەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتیتر لەگەڵ ئێران و سوریا، هەروەها بانگەشەی پارتەکەی بۆ گەڕانەوە بۆ بەها ترادیشنییەکان وایکرد کە لەلایەن زۆرێکەوە بە گەڕانەوە بۆ بەها ئیسلامیی و فیقهییەکان لەیەک بدرێتەوە و ئەربەکانی پێخرایە بەرەی بنەما عەلمانییە کەمالییەکەی تورکیا کە تورکیای لەسەر دامەزرابوو، بۆیە سوپا لەوکاتەدا کە خۆی بە پاسەوانی بیری کەمالیزم دادەنا فشارێکی زۆریان خستەسەری و ناچاریان کرد لە حوزەیرانی 1997 دەست لەکاربکێشێتەوە.
لە ساڵی 1998 دادگای دەستووری بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پارتەکەی ئەربەکانی دەرکرد و بۆ ماوەی پێنج ساڵ سیاسەتکردن لە ئەربەکان و هەندێک لە ئەندامانی پارتەکەی قەدەغەکرا.
دواتر لە ساڵی 2001 پارتی داد و گەشەپێدان (ئەکەپە) بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەلایەن هەریەکە لە عەبدوڵڵا گیول و بولێنت ئارینچ و چەند کەسێکی دیکەوە دامەزرێندرا.
لە 2002 بەهۆی داڕمانی ئابوورییەوە هەڵبژاردنی گشتی پێشخرا و پارتی داد و گەشەپێدان توانی زۆرینەی کورسییەکان بەدەست بهێنێت و له و کاتەوە تاوەکو ئێستا پارتی داد و گەشەپیدان لە دەسەڵاتدایە.
هۆکارەکانی کەمبوونەوەی دەنگەکانی ئەردۆغان وئاک پارتی لەم هەڵبژاردنەدا
-کەمبوونەوەی گەشەی ئابووری-
لە کاتێکدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ کەمپینکردن بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی، ڕکابەرەکانی و پارتە ئۆپۆزسییۆنەکان هێرشدەکەنە سەر لاوازترین و هەستیارترین خاڵی حکومەتەکەی ئەردۆغان کە لایەنی ئابوورییە.
کە ئەمە پێچەوانەی ئه و ئاک پارتییەیە کە لە هەڵبژاردنەکانی 2002-دا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و پەیمانی باشکردنی دۆخی ئابووری تورکیای تا ڕادەیەکی باش بردەسەر، بەڵام لە ئێستادا ڕادەی بێکاری بەرزترین ڕێژەی لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا تۆمارکردووە و بەهای لیرەی تورکیش بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لە نزمترین بەهاکانیەتی.
لە ئێستادا پارتە ئۆپۆزسییۆنەکانی هەریەکە لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و پارتی دیموکراتی گەلان(هەدەپە) پاکێجی ئابووری تایبەتیان ئامادەکردووە بەشێوەیەک کە هەدەپە دەڵێت: "کەمترین مووچەی مانگانە بۆ 1800 لیرەی مانگانە کە دەکاتە نزیکەی 630 دۆلار بەرزدەکەینەوە"، جەهەپە-ش دەڵێت: "کەمترین مووچەی مانگانە بۆ 1500 لیرە بەرزدەکەینەوە"، بەتایبەتی جەهەپە لە کاتی ڕاگەیاندنی کارنامەی پارتەکەی ڕەخنەی زۆر توندی لە سیاسەتی ئابووری ئاک پارتی گرت و هەر ئەمەش وایکرد کە محەمەد شیمشێکی وەزیری دارایی تورکیا بڵێت، ئەگەر ئەمانەی تۆ دەیڵێیت ڕاست بێت ئەوا من دەست لە کاردەکێشمەوە.
بەڵام عەلی باباجان کە ئێستا یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی تورکیایە و پێش محەمەد شیمشێک وەزیری دارایی بووە وتی: "تورکیا لەوانەیە ڕووبەڕووی قەیرانێکی دارایی هاوشێوەی ئەوەی یۆنان ببێتەوە."جگە لەمانەش بازرگانان متمانەیان بە وتەکانی پارتی داد و گەشەپێدان نەماوە کە بەردەوام باس لە جێگیری گەشەی ئابووری دەکەن.
ئیرهان ئوستا یەکێک بوو لە بەڕێوەبەرانی بانکی ناوەندی تورکیا کە ئێستا کاندیدە لەسەر لیستی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا و دەڵێت: "گەشەی ئابووری تورکیا لە ساڵی 2009-ەوە ڕووی لە کەمی کردووە و لەمساڵیشدا بە دوو خاڵ کەم دەکات،" ئوستا و کەمال دەروێش کە بە ئەندازیارانی هەستاوەنەی ئابووری تورکیا دادەنرێن لە ئێستادا لە سیستمی ئابووری تورکیا ناڕازین.
-گۆڕینی سیستەمی حکومڕانی بۆ سەرۆکایەتی-
"رەجەب تەیب ئەردۆغان به و دەسەڵاتانە ڕازی نییە کە دەستووری تورکیا پێی بەخشیووه و داوای زیاتر دەکات" ئەمە سەردێڕی ڕاپۆرتێکی ناوەندی (گەیت ستۆن ئینیستیوت)ە کە سەبارەت بە هەوڵەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ گۆڕینی سیستمی حکومڕانی لە تورکیا بڵاویکردووەتەوە.
رەجەب تەیبب ئەردۆغان دەیەوێت کە بڕیاریدا هیچ پێوانەیەکی دادوەری، پەرلەمانی، دەستووری نەبێت کە بڕیارەکەی هەڵبسەنگێنێت، بەمشێوەیە دەبێتە یەکەم سوڵتانی هەڵبژێردراوی ئیمپڕاتۆریەتی تورکیای خەونەکانی.
بۆ ئەوەی دەستوور بە بێ ڕیفراندوم و گەڕانەوە بۆ ڕای هاوڵاتیان لە پەرلەماندا تێبپەڕێندرێت دەبێت لە کۆی 550 ئەندام پەرلەمانی تورکیا 375 دەنگی بەڵێ بەدەست بهێنێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان بە ئاشکرا ویستی خۆی بۆ گۆڕینی سیسیتمی حکومڕانی ناشارێتەوە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە پارێزگای وانی باکوری کوردستان بە ئاشکرا وتی: "من 400 ئەندام پەرلەمانم دەوێت" و بەردەوامیش باس له و خێرو خۆشییە دەکات کە سیستمی سەرۆکایەتی بە بۆچوونی ئەردۆغان بۆ گەلی تورکیای بە هەموو نەتەوەکانەوە دەهێنێتە کایەوە.
لە 2013-دا پێشئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان خۆی کاندید بکات بۆ سەرۆک کۆماری تورکیا و ئەحمەد داود ئۆغلۆ ببێتە سەرۆک وەزیران، واتە کاتێک ئەردۆغان سەرۆک وەزیران بوو، بورهان کوزو سەرۆکی لیژنەی دەستووری پارتی داد و گەشەپێدان لە پەرلەمانی تورکیا گاڵتەی بە سیستمە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا دەکرد و دەیوت " ئۆباما پیاوێکی بێ دەسەڵاتە، سەرۆک وەزیر بەهێزە"، بەڵام لەم دواییەدا کاتێک کە ئەردۆغان لە سەردانەکەی بۆ کازاخستان گەڕایەوە سیستمی سەرۆکایەتی ئەمریکای بە نموونە هێناوەیەوه و بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بڕوانن، ئۆباما ناتوانێت بڕیارەکانی بە تەنها بدات." کە ئەمەش جارێکی دیکە خواستی ئەردۆغانی بۆ گۆڕینی سیستمی حکومڕانی تورکیا نیشاندەدا.
بەڵام هەمووان بۆ ڕێگەگرتن لە هاتنەدی ئەم خەونەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان چاویان لەسەر پارتی دیموکراتی گەلان(هەدەپە)یە، ئەگەر بێت و هەدەپە بتوانێت بەربەستی لە %10 –ی دەنگەکان تێ بپەڕێنێت ئەوا لەبەردەم سیستمی سەرۆکایەتی ئەردۆغاندا بە وتەی سەڵاحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی هەدەپە "دەبنە مۆتەکە". ئەگەر بێت و هەدەپە نەتوانێت ئه و بەربەستە تێبپەڕێنێت ئەوا ئەردۆغان و پارتەکەی دەتوانن نزیکەی 280-310 کورسی پەرلەمانی ببەنەوە، بەڵام ناتوانن بەوشێوەیەی دەیانەوێت دەستوور بگۆڕن.
ئەمە لە کاتێکدایە کەمال کیلیچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری و گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دژایەتی خۆی و پارتەکەی بۆ سیستمی سەرۆکایەتی دەربڕیوە.
-کێشەی کورد و پڕۆسەی ئاشتی و ئەردۆغان-
هەوڵەکان بۆ چارەسەری کێشەی کورد و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیادا لەسەر دەستی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەستیپێکرد، بەڵام پێدەچێت ئەم کێشانە بە چارەسەرنەکراوی لەسەر دەستی ئاک پارتی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بمێننەوە، بە تایبەتیش دوای ئەوەی کاتێک ئەحمەد داود ئۆغلۆ لە ئەنقەرە کارنامەی پارتەکەی بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی تورکیا دەخوێندەوە هیچ باسێکی کوردو کێشەی کوردی تێدا نەبوو، تاوەکو موراد یەتکین نووسەر لە سایتی ڕادیکاڵی تورکی و حورییەت دەیلی نیوز لە نووسینێکیدا ئاماژەی بەوەکردبوو کە کارنامەی ئاک پارتی کێشەی کوردی تێدا نییە.
دواتر ئەحمەد داود ئۆغلۆ لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند کە لەکاتی بردنی کارنامەی ئاک پارتیدا بۆ چاپ ئه و بەشەی کارنامەکە لە ئۆتۆمبێلەکە کەوتووەتە خوارەوە بۆیە دووبارە جارێکی دی به و بەشەوە چاپ دەکرێتەوە.
جگە لەوەی ئەم وتانەی داودئۆغلۆ دەنگۆیەکی زۆری لێکەوتەوە بەڵام ڕەجەب تەیب ئەردۆغان چەند جارێک دوای ئەم وتانەی داودئۆغلۆ لە کاتی گەڕانەوەی لە گەشتەکانی وتی " کە کێشەی کورد لە تورکیادا بوونی نییە."
بە تایبەتی بۆ ماوەی مانگێک دەچێت سوپای تورکیا بە شێوەیەکی مەترسیدار لە بازگە و شوێنەکانی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان نزیکبووەتەوە و ئەگەری پێکدادانیان لە هەر ساتێکدا نزیکە.
- هەدەپە بەربەستی %10 تێدەپەڕێنێت؟
بۆ دوو دەیە پارتە کوردییەکانی باکوری کوردستان لە ترسی تێنەپەڕاندنی بەربەستی لە %10 بە کاندیدی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی تورکیایان دەکرد، بەڵام دوای ئەوەی سەڵاحەدین دەمیرتاشی کاندیدی هەدەپە بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی تورکیا توانی %9.8-ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، متمانەی هەدەپە بۆ تێپەڕاندنی ئەم بەربەستە زیادیکردو بڕیاریاندا بۆ یەکەمجار بەشداری لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 7-ی حوزەیران-2015-دا بکەن.
لە ئێستادا چارەنووسی لایەنگیران و ڕکابەرانی ئەردۆغان بەستراوەتەوە بە تێپەڕاندنی بەربەستەکەوە، سیری سورەیا ئۆندەری پەرلەمانتاری تورکیا لە نوێترین دیمانەیدا لەگەڵ کەناڵی CNNTURK ڕایگەیاند، کە عەبدوڵڵا ئۆجەلانی سەرۆکی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئیمرالییەوە وتوویەتی کە هەدەپە بەربەست تێدەپەڕێنێت، هەروەها بولێنت ئارینجی یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی تورکیاش پێیوایە کە هەدەپە دەتوانێت لەسەروو ڕێژەی %10 بهێنێت.
لەلایەکی ترەوە بەپێی ئه و ڕاپرسییانەی کە تاوەکو ئێستا ئەنجامدراون هەرچەندە لە هەندێک لە ڕاپرسییەکاندا هەدەپە توانیویەتی بەربەستی %10 تێبپەڕێنێت و %12 بەدەست بهێنێت بەڵام بە وەرگرتنی تێکڕای ڕاپرسییەکان دەنگەکانی هەدەپە لە نێوان %9-10 دەبێت.
ئەوەی زیاتر ئەگەری تێپەڕاندنی هەدەپە دەخاتەڕوو ئەوەیە هەدەپە لەم هەڵبژاردنەدا توانیویەتی هەرچەندە لە بنەڕەتدا پارتێکە کە لە پێناو مافەکانی کورددا تێدەکۆشێت، بەڵام سەرنجی بەشێکی زۆری عەلەوییەکان ڕابکێشێت و فرە ڕەنگییەکی زۆر لە نێوان کاندیدەکانیدا دروستبکات.
-پێشبینی هەڵبژاردنەکان لەلایەن دەستگاکانی ڕاپرسییەوە-
بە پێی دوایەمین ڕاپرسییەکان دەرکەوتووە کە تێکڕای دەنگەکانی هەدەپە لە نێوان لەسەدا 9.7 بۆ 10 دەبێت.
بەپێی شیکارییەک کە لەلایەن هەریەکە لە ئۆنور ئەلتینداغ و بێرت ئەزیزئۆغلۆوە بۆ ناوەندی (Research institute on Turkey) ئەنجامدراوە لە ساڵی 2011-ەوە تاوەکو مانگی نیسان ڕێژەی دەنگەکانی پارتەکانیان بەمشێوەیە ڕیزکردووە:
لەلایەکی دیکەوە بە پێی ئاماژە بەوەکراوە ئەگەر هەدەپە بچێتە پەرلەمانەوە ئەوا ڕیژەی %10.1 بەدەستدەهێنێت و ئەگەر نەشچێتە ناو پەرلەمانەوە واتە بەربەستی هەڵبژاردن تێنەپەڕێنێت ئەوا %9.87-ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت.
هەمان ناوەند ڕێژەی دەنگەکانی پارتەکان لەژێر چەند سیناریۆیەکدا بەمشێوەیە ڕیزکردووە:-
هەروەها ئەنجامی ڕاپرسییەکانی ڕێکخراوە ناحکومیی و حکومییەکانی ناوخۆی تورکیاش بەمشێوەیە:-
ئامادەکردنی: هەڵوێست ئەنوەر
سەرچاوەکان:
www.gatestoneinstitute.org
www.electionresources.org/tr
www.jamesinturkey.com
www.bloomberg.com
www.en.wikipedia.org
www.rethinkinstitute.org
www.meydangazetesi.com.tr
www.cnnturk.com.tr
- 18-05-2015