رۆژنیوز, هۆشمەند کوردی
پۆلیسی هاتوچۆی #گەرمیان# ئاماری پێنج مانگی ڕابردووی ڕووداوەکانی هاتووچۆی گەرمیان ئاشکرا دەکات و ڕاشی دەگەیەنێت: هاتنی ئاوارە عەرەبەکان لۆدێکی زۆریان خستووەتە سەر ڕێگا و بانەکانی گەرمیان کە بووەتە هۆی زۆری ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە دەڤەرەکە. نەقیب کارزان مەجید، بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی هاتوچۆی گەرمیان ئاماری پێنج مانگی ڕابردووی بەڕێوەبەرایەتیەکەیانی بۆ ڕۆژنامەنوسان ڕاگەیاند و وتی: لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا لە سنوری گەرمیان 144 ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویانداوە کە بە هۆی 244 ئۆتۆمبیلی گەورەو بچوکەوە ڕوویانداوە و لەو ئامارە 89 ئۆتۆمبیل توشی ڕووداوی پێکدادان بوون و سێ ڕووداوی وەرگەڕانیش هەبووە لەگەڵ 32 شێلان و لەم ڕووداوانەدا 263 کەس بونەتە قوربانی کە تێدا 23 کەس گیانی لە دەستداوە و 240 هاوڵاتیش برینداربوونە و ئەوانەشی گیانیان لە دەستداوە 16 لە ڕەگەزی نیر و 7 لە ڕەگەزی مێیە. نەقیب کارزان، وتیشی: ئەو 23 هاوڵاتیەی گیانیان لەدەستداوە شەش کەسیان تەمەنیان لەنێوان یەک بۆ 15 ساڵیدایە و چواردەکەسیان 15 بۆ 30 ساڵ و سڕ کەسیشیان لە 30 ساڵ بەرەوژورن. بەرپرسەکەی هاتوچۆی گەرمیان ئاماژەی بەوەشدا: بە هۆی سەرپێچی کردنی شۆفێرانەوە لە ماوەی پێنج مانگی ئەمساڵدا 758 ئۆتۆمبیل دەستیان بەسەردا گیراوە و 256 شۆفێریان مۆڵەتیان پێ نەبووە و لەبەرامبەریشدا دراونەتە دادگا و سزاکەشیان لە یەک مانگەوە بۆ شەش مانگە. نەقیب کارزان هۆکاری زۆری ڕووداوەکانیشی خستەڕوو، وتی: خراپی ڕێگاوبانەکانی سنوری گەرمیان هۆکاری سەرەکین و لەگەڵ ئەوەشدا شۆفێران پابەندی ڕێنماییەکانی هاتۆچۆ نابن و هاتنی ئاوارە عەرەبەکانیش لۆدێکی زۆریان خستووەتە سەر ڕێگا و بانەکان گەرمیان کە بووەتە هۆی زۆری ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە گەرمیان.[1]
#07-06-2015#