وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بۆ مانگی ڕەمەزان هیچ پلانێکیان بۆ شوێنە گەشتیارییەکان نییە، بەڵام وەک ساڵانی ڕابردوو لەم مانگەدا گەشتیار کەم دەبێتەوە.
نادر ڕۆستی، وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە ئاژانسی ئەنادۆڵی ڕاگەیاند: "هەرچەندە ئێمە لە مانگی ڕەمەزان پلانی تایبەتمان نییە، بەڵام لە مانگی ڕەمەزاندا شوێنە گەشتیارییەکانی چوار ئەستێرە و پێنج ئەستێرە بە نۆرماڵ وەک ساڵانی دیکە کار دەکەن. شوێنە گشتییەکانیش پارێزگا بڕیاریان لەسەر دەدات".
لەبارەی کاریگەریی مانگی ڕەمەزان لە سەر ئاستی گەشتوگوزار وتی: "هەر چەندە هەر لە ساڵی ڕابردوو لەگەڵ هاتەوەی داعش گەشتیار زۆر کەم بووەتەوە، مانگی ڕەمەزانیش کاریگەری تایبەتی خۆی هەیە لەسەر پرۆسەی بەڕێوەچوونی گەشتوگوزار و بە تایبەتی لە وڵاتانی موسڵمان بە جۆرێک گەشتیار ناتوانێت بە ئاسوودەیی گەشت بکات و خواردن بدۆزێتەوە ئەویش بە هۆی ئەوەیە کە ڕێگە پێدراو نییە و سنووردار دەکرێن، ئەمەش جوڵەی گەشتیاری کەم دەکاتەوە".
وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لەبارەی داخستنی دوکانەکانی مەی و کحول لە مانگی ڕەمەزان وتی: "لە وڵاتانی موسڵمان دەبێ ڕەچاوی بیر و باوەڕی ئایینی هەموو تاکێکی کۆمەڵگە بکرێت و بڕیارەکان دەبێت بە جۆرێک بێت کە ئازادی تاکێک ئازادی کەسێکی دیکە تێک نەدات و هەموو ڕێنماییەکان لە پێناو بەرژەوەندی گشتی بێت نەک شێواندن".
هەروەها باس لە کاریگەریی ئاوارەکان لەسەر گەشتیار کرد و وتی: "زۆری ئاوارەکان کاریگەریی زۆر نێگەتیڤ دەخاتە سەر گەشتیار چونکە زۆربەی شوێنە گەشتیارییەکان بە ناچاری ئاوارە تێدا نیشتەجێ دەبن، هەر لە هۆتێل و مۆتێل تا پارکەکان. ئەوەش هەمووی وا دەکات کە گەشتیار کەم بکرێتەوە".
لە ساڵانی ڕابردوودا لە خوارو و ناوەڕاستی عیراق بە پلەی یەکەم زیاتر لە 60% گەشتیارەکان دەهاتنە هەرێم لە نێو شارەکانی هەرێم پلەی دووەم و دواتر بیانییەکان بوون کە لەنێو بیانییەکانیش ئێران و تورکیا یەکەم و دووەم بوون.
- 19-06-2015