لە سەرەتای باس و خواسەکانی پرسی دەستووری هەرێمی کوردستان و بابەتە پەیوەندیدارەکان پێیەوە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی ڕوئیا و ستراتیجی لەسەر ئه و بابەتانە ڕوون بووە و لە پێشەنگی ئه و کەسانە بوون کە پرۆژە و پێشنیاری گونجاومان پێشکەشکردووە.
بەداخەوە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا هەڵمەتێکی چەواشەکارانەی بە مەبەست، ئەنجامدرا لەسەر فراکسیۆنی یەکگرتوو تایبەت بە پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و مەبەستەکانی ئه و جۆرە پڕوپاگەندانەش لای ئێمە ڕوون و ئاشکرایە.. بۆیە بە هەموو دۆستان و خۆشەویستان ڕایدەگەیەنین:
1 ئێمە لە یەکگرتوو هەر لە سەرەتاوە بەرچاومان ڕۆشن بووە دەربارەی ئەم پرسە و لە کۆبوونەوەکانی سەرۆکایەتی پەرلەماندا تێڕوانینی خۆمان خستووەتەڕوو کە ئەم پرسە پێویستی بە سازانی نیشتمانی هەیە و بژاردەی دەستوورمان بە باشترین بژاردە زانیوە.
2 دوای ئەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە کورستان ڕایگەیاند کە ناتوانێت هەڵبژاردن ئەنجام بدات، بۆیە هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بووە ئه و بژاردەیەی کە دەتوانێت چارەسەری ئەم پرسانە بکات.
3 فراکسیۆنی یەکگرتوو لەلایەن حزبەوە متمانەی تەواوی پێدراوە و پشتگیری بۆچوون و تێڕوانینەکانی کراوە و فراکسیۆنیش ئیلهامی لە نزیکی ڕێکخستنەکان و جەماوەرەکە وەرگرتووە.
4 هەموو ئەوانەی باس لە تەسلیمبوونی یەکگرتوو دەکەن، ئەوان تەسلیمبوون بە هەژموون خوازی و بەهەدەردانی سامانی وڵات و دروستکردنی قەیرانی گەورە و داڕمانی ئابووری و دروستکردنی شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی و بە حزبیکردنی کۆی ژیانی سیاسی هەرێم و دەیان قەیرانی تر کە هەرێمەکەمان پێوەی دەناڵێنێت.
5 ئاساییە لەناو هەموو حزبێکی سیاسیدا بیروبۆچوونی جیاواز لەسەر میکانیزم و شێوازی چارەسەر هەبێت، بەڵام بنەما و پرەنسیپ و تێڕوانینی ستراتیژی لای ئێمە نەگۆڕن.
6- دووپاتی دەکەینەوە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکگرتوو هیچ ئیمزایەکیان لەسەر پرۆژە یاساکەیان نەکشاندووەتەوە و هیچ ڕێکارێک به و ئاراستەیەدا نەگیراوەتە بەر.
بۆیە هەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە ئەمجۆرە تەمومژ دروستکردنە نابنە لەمپەر لەسەر ڕۆڵی یەکگرتوو و فراکسیۆنەکەی لە هاوکێشەی سیاسی کوردستان و خەباتی مەدەنی و پەرلەمانی، بۆ بەدیهێنانی خواست و داواکانی جەماوەر و بە دامەزراوەکردنی ژیانی سیاسی لە هەرێمدا و هێنانەکایەی سیستمێکی دادپەروەرانەی پەرلەمانی کە لە ئاست قوربانیەکانی گەلەکەماندا بێت.
فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان
22-06-2015