ناوی ڕێکخراو: بەرەی ڕزگاریی زەحمەتکێشان.
کورتکراوەی ناوی ڕێکخراو: بەرزە.
جۆری ڕێکخراو:سیاسی
پێناسی ڕێکخراو: ڕێکخراوێکی مارکسی_لینینی. چەپی ڕادیکاڵ.
هەرێم: کوردستانی باشوور.
بەرپرسی یەکەمی ڕێکخراو: نەجمەدین فەقێ عەبدوڵڵا (نەجم فەقێ).
بەرەی ڕزگاریی زەحمەتکێشان کە کورتکراوەکەی (بەرزە) یە، ڕەوتێکی فکریی نهێنی بوو لەسەرەتادا لە شێوەی (ئەڵقەی ڕۆشنبیری) لەناو هەناوی (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان) لە ساڵی 1979 لەلایەن کۆمەڵێک کادر بیرۆکەی درووستبوونی هاتە کایەوە. لە تەموزی ساڵی 1982 وەکو ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی خۆیان ڕاگەیاند لە کۆبوونەوەیەکدا لە گوندی (مەلا سەفی). وە یەکەمین کۆبوونەوەی فراوانی لەشێوەی کۆنفرانسیان بەستووە لە هاوینی ساڵی 1984 لە گوندی (ئیلنجاغی گەورە)ی ناوچەی کۆیە.
بە کورتی بیر و باوەڕی ئەم ڕێکخراوە ئەوەبوو کە کۆمەڵە و پارتە چەپەکانی تری ئەوکات لە ڕێبازی مارکسیەت و سۆسیالیزم لایانداوە و بوونەتە حزبی بۆرژوازی بۆیە پێویستە ئەڵتەرناتیڤیان درووستبکرێت بە تایبەتی ئەڵتەرناتیڤی کۆمەڵە درووست بکرێت ئەویش بە درووست کردنی حزبێکی مارکسی تر و سۆسیالست تر وە حزبێک کە لە بەرەی زەحمەتکێشان دابێت لە کوردستانەوە خەبات بکات بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی کرێکاریی و دامەزراندنی حکومەتی کرێکاریی لە سەرتاسەری عێراق، بۆیە ئەو کات ئەم جۆرە ڕێکخراوانە وەکو ڕێکخراوی (عێراقچی) یاخود بە (عێراقچیەتی) تۆمەتباردەکران. دوای ئەوە لەسەرەتای ساڵی 1986 سەرکردایەتی (بەرزە) بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی خۆیان و ڕێکخراوە چەپەکانی تری ئەوکات وەکو بەخۆداچوونەوەیەک و پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی نوێ ڕێکخراوی (بەرزە)یان هەڵوەشاندەوە و ڕێکخراوی (یەکێتی خەباتی کۆمۆنیستی)یان دامەزراند و سەرجەم ئەندامانی پێشووی (بەرزە) لەم ڕێکخراوە نوێیە واتە (یەکێتی خەباتی کۆمۆنیستی) درێژەیان بە تێکۆشان و خەبات دا. دواجار لە ناوەڕاستی ساڵی 1988 و لەهەلومەرجی تایبەتی ئەوکاتدا ڕێکخراوی (یەکێتی خەباتی کۆمۆنیستی) بە تەواوی هەڵوەشاوە و ئەندامانیان پەرش و بڵاوبوونەوە و هەندێکیان وازیان لە خەباتی سیاسی هێنا و ئەوانی تر لە ڕێکراوە جیاجیاکاندا درێژەیان بە خەباتدا.
ناوی دامەزرێنەرانی بەرەی ڕزگاریی زەحمەتکێشان (بەرزە):
دامەزرێنەرانی (بەرزە) دەکرێن بە دوو بەشەوە
1- ساڵی 1979 لە شێوەی (ئەڵقەی ڕۆشنبیری و فکری) کە هێشتا ناوی لێنەندرابوو بیرۆکەی دامەزراندنی هاتە کایەوە کە بریتی بوون لە (نەجمەدین فەقێ عەبدوڵڵا،گوشاد عەبدولڕەحمان بایز، عوبێد خالید، سەباح حەسەن خورشید ناسراو بە سۆران). کە لە سەرەتادا خاوەنی بیرۆکەکە (نەجمەدین فەقێ عەبدوڵڵا) بوو.
2- ساڵی 1982 و لە تەمموزی ساڵی 1982 ڕێکخراوی (بەرەی ڕزگاریی زەحمەتکێشان - بەرزە) وەکو ڕێکخراوێکی مارکسیستی بە فەرمی خۆیان ڕاگەیاند وە ناوی ڕێکخراوەکە لەلایەن (نەجمەدین فەقێ عەبدوڵڵا) پێشنیارکراوە و لەلایەن ئەندامانی دیکەی دامەزرێنەر پەسەندکراوە دامەزرێنەرانی (بەرزە) لە 1982 بریتین لە (نەجمەدین فەقێ عەبدوڵڵا، هۆشیار عەبدولخاڵق، سەباح مەحمود). وە نەجمەدین فەقێ عەبدوڵڵا (نەجم فەقێ) وەکو بەرپرسی ڕێکخراوەکە کاری کردووە.