دوای ئەوەی پرۆژە ناوکەییە ترسناکەکانی حکومەتی ئێران يەکەمجار لە لايەن ئۆپۆزيسيۆنی ئێرانەوە ئاشکرا کرا دەوڵەتانی ڕۆژئاوای پێ سەرسام بوو. چون تا ئەو کات بەوەيان نەدەزانی کە دەسەڵاتدارانی ئێرانی تا چ ڕادەيەک مەترسيدارن بۆ سەر ئاسايشی نێودەوڵەتی..
دوای ئەو ڕووداوە گرينگە بوو کە ڕۆژئاوا بە گشتی و ئەمريکا بە تايبەتی وەخۆ کەوتن بۆ ئەوەی ڕێگر بن بەرامبەر بەو هەنگاوەی حکومەتی ئێران کە ئەگەر ئاشکرا نەکرابا، مەگەر خوای گەورە بیزانیبا جيهانمان چی بەسەر دەهات و چارەنووس بەرەو کوی ملی دەنا.
بەڵام ڕۆژئاوا لە بڕی ئەوەی قەرەبووی ئەم خزمەتە گەورەی ئۆپۆزيسيۆنی ئێران بداتەوە، نە تەنها دەستی کرد بە دانوستانێکی بێ بڕانەوە لەگەڵ حکومەتی ئێران کە تا ئەمڕۆ بەردەوامە، بەڵکو ئەوندەی پێی کرا لە بەرژەوەنديی حکومەتی ئێران بواری دا بە سنووردارکردنی ئۆپۆزيسيۆن لە وڵاتان و ناودێرکردنيان لە ليستی تيرۆر و قەتڵوعامکردنی ئەندامانی لە عێراق و لە ناوخۆی ئێرانيشی گرتن و ئەشکەنجەدان و لە سێدارەدانی لايەنگرانی بە لێشاو. لەگەڵ ئەوانەشدا هەوڵی ئەوەيان دا بەديليکی هاوتەريبی ڕۆژئاوا بۆ حکومەتی ئێران داتاشن تا بەڵکو ئەم ڕژێمە (عاقڵ) بکەن و بيکەن بە (ميانڕۆ)!
بەڵام ئۆپۆزيسيۆن بە گشتی و ڕێکخراوی موجاهيدينی خەلق بە تايبەتی، نەسرەوت و خۆی گرت و ئەمڕۆ تۆکمەتر لە ڕابردوو لە گۆڕەپانەکەدا ماوەتەوە و کاريگەريی خۆی بەسەر دۆزی ئێراندا سەلماندووە کە ناکرێ پشت گوێ بخرێت و وەک ڕابردوو مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.. کۆبوونەوەکانی ئەمدواييانەی ئۆپۆزيسيۆن لە پاريس ديمەنێک بوون لەو ڕاستييە و پێگەی سياسی و کۆمەڵايەتی و نێودەوڵەتيی ئەو بەديلەی دووپات کرد کە خۆی ئامادە کردووە بۆ قۆناغێکی نوی کە بەمزووانە لە ناوچەکە ڕوو دەدات. خاڵی جێی سەرنجی کۆبوونەوەکان ئەوە بوو لە هەموو وڵاتانەوە شاندی باڵا ئامادە ببوو بۆ پشتيوانيکردن لە ئۆپۆزيسيۆنی ئێرانی کە بەڕاستی جێی تێڕامانە و واتای زۆر هەڵدەگرێت. هۆی چيە لە هەموو جيهانەوە لە دەوری ئۆپۆزيسيۆنی ئێرانی کە خاتوو مريەم ڕەجەوی ڕێبەرايەتيی دەکات کۆبوونەتەوە؟!
دانوستانی وڵاتانی 5 + 1 و حکومەتی ئێران بەردەوامە و پێويستە خێراتر يەکلايی بکرێتەوە. چۆن وەرچەرخانێکە بە ڕووی هەر دوو ديوی واژۆکردن يا نەکردنيدا بەرەو قۆناغێکی نوی بە سوودی خەڵکی ئێران و ئۆپۆزيسيۆنی ئێراندا.
کۆمەڵەی (ژنانی ئازاد)ی کوردستان وێڕای پشتيوانيکردنی خۆی لە کۆبوونەوەکانی پاريس داوا لە هەموو لايەنە سياسييەکانی کورد دەکات هەستن بە پشتيوانيکردن لە ئۆپۆزيسيۆنی ئێران و بە تايبەت پەنابەرانی ئێرانی کە دوای ئەوەی لە (ئەشرەف)وە گواسترانەوە بۆ (ليبرتی) لە ڕەوشێکی زۆر سەختدا ئەژين و گيان لە مەترسيدايە.
کۆمەڵەی (ژنانی ئازاد)ی کوردستان
12-07-2015