لە ڕۆژانی کۆتايی مانگی ڕابردوو لە شاری تاران، هێزەکانی حکومەتی ئێران مزگەوتێکی ئەهلی سوننەتيان بە تەواوی تێکدا و ئەوەش تاوانێکيتری ئەم حکومەتی تۆمار کرد دەرهەق بەکەمايەتييەکان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاکاندا..
ئەم مزگەوتە لە شوێنێکی پێتەخت بە ناوی (پونەک) هەڵکەوتووە و ماوەيەکی زۆر بوو لە لايەن حکومەتە داخرابوو. چون بە پێی ياسای حکومەتی مەلاکان، هەبوونی مزگەوت بۆ ئەهلی سوننە لە شاری تاران قەدەغەيە.
ئەهلی سوننە لە ئێران، سەرباری ئەوەی بەشێکی هەرە زۆری ئێران پێک دەهێنن بەڵام بەردەوام لە ژێر هەڕەشە و ستەمی حکومەت دابوون بە ئێستاشەوە. نەبوونی بەرپرس و کاربەدەست بە پلەی باڵا کە (سوننە) بن بەڵگەی ئەو ڕاستيەيە.. لە حاڵی حازردا ژمارێکی زۆر لە پێڕەوانی ئەهلی سوننەت تەنها بە هۆی ئەوەی (سوننە)ن زيندان کراون و ناوەناوە لێشيان ئيعدام دەکرێت. وەک نموونە لە ڕۆژی 4ی ئازاری ئەمساڵ شەش کەسيان کە کورد بوون لە سێدارە دران.
دژايەتيکردن و سەرکوتکردنی کەمايەتييەکان و بە تايبەت سوننە تا ئەو ڕادەيەی بە ناڕەسمی بە (کافر)يشيان لەقەڵەم دەدەن هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاری حکومەتی خومەينيەوە هەبووە و دەستووری ئەو وڵاتەش لەسەر مەزهەبی شيعەی نووسراوە. ئەوەش بە واتايە نيە کە حکومەتی ئێران لاگری شيعە بێ!!
حکومەتی ئێران حکومەتێکی توندڕۆی ئيسلامييە کە لەبەرچاوکردنی ئاپۆرەی 80 مليۆنی ئەو وڵاتە، ڕيکۆردداری ئەو وڵاتانەيە سزای ئێعدامی تێدا ئەنجام دەدرێت. لە سێدارەدراوەکان نەيارانی ئەو دەسەڵاتەن کە هەموو پێڕەوانی نەتەوە و ئايينەکان دەگرێتەوە و لە ناوياندا شيعەش.
کۆمەڵەی دۆستايەتيی گەلانی ئازاد، وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو حکومەتە و بە تايبەت تاوانی تێکدانی مزگەوتی ئەهلی سوننە لە تاران، داوا لە هەموو لايەنە سياسی و نەتەوەيی و ئايينيەکان دەکات بەرامبەر بەو تاوانەی حکومەتی مەلاکانی ئێران هەڵوێست وەربگرن.
کۆمەڵەی دۆستايەتيی گەلانی ئازاد- کوردستان
03-08-2015