ئازاد قەزاز
لە پێناسی کتێبەکەدا کە ناوی سەرەکی "چرپە"یە و ناوی دوەم، یان لە پێناساندن و ڕونکردنەوەی ناوی سەرەکیدا نوسراوە "وەهای گوت خودا". واتە ڕوکارییانە و بە بینینی بەراییانە لە بەرگ و ناونیشانەوە خوێنەر واتێدەگات کە "چرپە" گوتەی خودایە. بەو مانایە خودا لە دوتوێی ئەم کتێبە مامناوەندییە و 43 بابەتەی ناویدا، بە زمانی کوردی، لەگەڵ مرۆڤێکی کورددا قسەدەکات و پەیامی خۆی بۆ مرڤ و مرۆڤایەتی، بەتایبەت بۆ کوردزمان، دەنێرێت. کاتێکیش لاپەرەکان هەڵدەدەینەوە هیچ پێشەکی و ڕونکردنەوەیەک لەسەر ناوەرۆک و تێکستەکان نابینین. ئەگەر بە چاوخشاندنێکی خیرایش، بەبێ خوێندنەوەی دەقەکان، سەیری ئەو 43 بابەت و تایتڵەی کتێبەکە و تەکنیک و شێوازی دێڕەکان بکەین، وادێتە بەرچاو کە دەقی شیعرین، هەرچەند لە بەرگ و پێناسی کتێبەکەدا ئەوە نەهاتوە کە دەقی شیعریی بێت. کاتێکیش دەکەوینە خوێندنەوەی دەقەکان، لە یەکەم بابەتەوە بۆ (42)هەم بابەت، ڕاستەوخۆ بێ چەندوچون و بێ پێچ و پەنا، هەمو خوێنەرێک لەوە تێدەگات کە کەسی یەکەمی قسەکەر "خودا" یان "یەزدان"ە و ڕوی لە کەسی دوەمە کە "مرۆڤ"ە. واتە ئەو 42 دەقە، وەکو لە بەرگی کتێبەدا هاتوە، گوتەی خودان بۆ مرۆڤ. دەقی (43)هەمیش کە بە ناونیشانی "یەزدانەکەم"ەوەیە، بەتەنها گوتەی مرۆڤە بەرامبەر بە یەزدان. ئەگەر بەزمانی ڕۆشنبیریی ئاینیانەش بدوێین، کتێبی "چرپە" سروشی خودایە بۆ مرۆڤێکی کورد و خودا لێرەدا بەزمانی کوردی دەدوێت، وەکچۆن لە قورئاندا بە زمانی عەرەبی و لە تەوراتدا بە عیبری و لە ئینجیلدا بە یۆنانیی کۆن دەدوێت. ئەوەی لەم نوسینە سەرەتاییەدا لەسەری دەوەستین ئەو چوارچێوە میتافیزیکیەیە کە ئەم کتێبە لەخۆی دەگرێت. ئەو چوارچێوە میتافیزیکییەش بۆ کورد وەکو کڵاورۆژنەیەک دەبینین کە دەبێت هەمو نەتەوەیەک و بونێکی کۆمەڵایەتی خاوەنی بێت تاکو خۆی بسەلمێنێت و نەبێتە پاشکۆی ئەوانی دیکە.
"لێکدانەوە و چاوپێخشاندنێکی خێرا بە کتێبی (چرپە) دا" عەلی مستەفا