دوای ئەوەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پنتاگۆن" ڕایگەیاند، دوێنێ پێنجشەممە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، نەسرین ئەسعەد ئیبراهیم، ناسراو بە "ئوم سەیاف" کە پێشتر لە سووریا دەستگیرکرابوو، لەلایەن ئەمریکییەکان ڕادەستی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە، ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان ڕادەستکردنەوەی ناوبراو بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەگرنگ دەزانێت، بەتایبەتی کە ئوم سەیاف ڕۆلێکی سەرەکی هەبووە لە بەکۆیلەکردن و کڕین و فرۆشتنی ژنان و کچانی ئێزیدی، لەکاتی دەستگیرکردنیشیدا کچێکی بەکۆیلەکراوی ئێزیدی لە ماڵەکەیدا دۆزراوتەوە.
هیوادارین و دڵنیاشین وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وردی لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەم تیرۆریستەدا دەکات، بەتایبەتی لە دۆسیەی بەکۆیلەکردن و کڕین و فرۆشتنی ژنان و کچانی ئێزیدی و زانیاری گرنگ بە دەست دێت بۆ دووبارە نوێکردنەوەی بەرنامەکانی تایبەت بە ڕزگارکردن و مامڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسییە و هەوڵەکانی ڕزگارکردنی ئەوانەی تا ئێستا لەدەستی تیرۆریستانی داعشدا ماون.
پێشتر خاتوو برنادیت میهان، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە هاوسەرەکەی "ئەبو سەیاف"،رۆڵێکی گەورەی هەبووە لە چالاکییەکانی داعش، بەتایبەتی دۆسیەی بەکۆیلەکردنی ژنا ن و کچانی ئێزیدی.
شایانی باسە هێزەکانی ئەمریکا، لە 15ی ئایاری ڕابردوو، لە یەکەمین پرۆسەی سەربازی کە لەسەر زەوی دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش ئەنجامی بدات، ئوم سەیافیان لە سوریا دەستگیرکرد.
ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان
هەینی 07-08-2015