دەقی ڕاگەیێندراوی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
بۆ/ ڕای گشتی کوردستانی
ئەمرۆ 09-08-2015 جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمان، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پرۆژەی هەموارکردنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەئیمزای شەش ئەندام لەکۆی یازدە ئەندام پێشکەش بە سەرۆکی پەرلەمان کردوە، کە لەبنەرەتدا ئەو ڕاپۆرتە لەلایەن سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمان ڕەتکراوەتەوەو بە نایاسایی لەقەڵەم دراوە.
ئەگەر بەچاوێکی لۆژیکیانە لەرەوتی ڕووداوەکان بروانین دەبینین سەرەتا شێوازی پێشکەشکردنی پرۆژەی ئاماژە پێکراو لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان و خستنە ڕووی لەدانیشتنی 23-ی حوزەیرانی ڕابردوو کە مشتومڕی زۆری لەسەر هەیەو تێپەراندنی بەزۆرینەی شلۆق بۆ ئەوەی ئەو ڕاپۆرتەی لەسەر ئامادە بکرێ خۆی لە خۆی دا مایەی هەڵوەستە کردنە و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێکی ئاسایی یاخود نا ئاسایی پەرلەمان دەچێتە خانەی دوورکەوتنەوە لەسازانی نیشتمانی و پێشێلکردنی ئەو بنەمایەی کە ئەم خولەی پەرلەمان و کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لێ هاتە کایەو وا بڕوات ڕەوشەکە بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەبات چونکە هەموو ئەو هەنگاوانە تەنهاو تەنها دوورکەوتنەوەیە لە سازان و پەنابردنە بەر زۆرینەیەکی شلۆق و فەرامۆشکردنی دەنگی سەدان هەزار هاوڵاتی کوردستان و هەر ئەمەشە بۆتە هۆی ئەوەی پرۆسەی سازان تارادەیەک لە نێوان لایەنە سیاسیەکان ئاڵۆز بێت و پەرلەمانی کوردستانیش لەبری ئەوەی وەک هەمیشە بەشێک بێت لە چارەسەری و سەقامگیریی سیاسی ئێستا نەک هەر بەشێکە لە قەیرانەکان بەڵکو ئاڵۆزتریشی کردوە بەداخەوە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ماوەیەکە ئەدای کاری یاسایی خۆی ناکات و تەجاوزی کارو دەسەلات و تایبەتکارەکانی خۆی کردوەو بەدەر لەبەرپرسیارێتی یاسایی و پەرلەمانی بەشێوازی جۆراوجۆر شوێنی لیژنەی یاسایی گرتۆتەوەو بەزەقی پێشێلکاری ماددەی 11 و بڕگەی 1 و 11ی مادەی 17 و بڕگەی 3 ی ماددەی 18 و بڕگەی 5 ی ماددەی 39 ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان و بڕگەی 10ی مادەی 56 لەیاسای ژمارە 1 ی ساڵی 1992ی هەموار کراوی کردوە.
بەداخەوە ئێستا پەرلەمانی کوردستان ناتوانێت وەڵامێکی دڵنیایی بە خانەوادەو کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان بداتەوە کە ئێستا لەبەرەکانی جەنگی دژ بە داعشن هەر لەشنگالەوە تا خانەقین و ناتوانێت نیگەرانیەکانی خەڵکی کوردستان کەم بکاتەوە کە لەبەردەم تەلاری پەرلەمان لێدوانی توند و تیژ دەدرێت و تەواوی خەڵکی کوردستان توشی نائومێدی بوونە و پرۆسەی سیاسی بەو کارە نەبەرپرسانەیە گەیشتۆتە لێواری هەرەسهێنان و پەککەوتن
شاهێدی ئەوە دەدەم کە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان زوو دەستی کرد بە گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسە بەڵێم بەدەستێوەردانی دەرەکی لایەنێکی سیاسی کە بزوتنەوەی گۆڕانە هەموو پرۆسەکە بە ئاراستەیەکی حزبیانە برا و لە پرۆسەی چاکسازیەوە بەرەو تەحەدای پەراوێزخستنی لایەنێکی سیاسی برا کە ئەویش پارتی دیموکراتی کوردستانە، تا هەوڵەکان گەیشتە ئەو ڕادەیەی بەرەیەکی سیاسی دژ بە یەک دروست بکرێ.
بۆیە خەڵکی کوردستان بەگشتی و خانەوادەی شەهیدە قارەمانەکان دڵنیا دەکەینەوە کە هەموو هەوڵەکان چڕتر دەکەین بۆ گەیشتن بەسازانی نیشتمانی و یەکلایی کردنەوەی ئەم پرسە بە سازان
د. جعفر ئیبراهیم ئێمینکی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
09-08-2015