جەماوەری خەڵکی کوردستان،
کرێکاران، زەحمەتکێشان، ئازادیخوازان !
توندبوونەوەی کێشەی نێوان هێزەکانی پێکهێنەری حکومەتی بنکە فراوان لەسەر پرسی سەرۆکی هەرێم کە ڕەنگدانەوەی شکست و بنبەستی سیاسیو قەیرانی حکومەتیو دابەشبوونیانە بەسەر کێشمەکێش و بەرژەوەندی دەوڵەتانی ناوچەکەدا، ئاسۆیەکی مەترسیدار دەخەنە پێش کۆمەلگای کوردستانەوە. ئەو حیزبانەی کە وایان ڕادەگەیاند پێکەوە خۆشگوزەرانیو ئارامی بۆ خەڵک دابین دەکەن، ئێستا لەناو گێژاوی بنبەستی دەسەلاتەکەیاندا گیریان خواردوەو لەئاست وەڵامدانەوە بە سەرەتاییترین پێداویستیەکانی خەڵک بێ وەڵام ودەستەوەستان و بێدەربەستن. سەرەڕای ئەوەش ئەگەری تێکچوونی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی لەئارادایەو سێبەری خلیسکانی بارودۆخەکە بۆناو شەڕێکی ناوخۆ بەسەر سەری خەڵکەوە دەسوڕێتەوە!
ململانێ و کێشمەکێشی نێوان ئەو هێزانەو بێدەربەستیان بەرامبەر کێشکردنی کۆمەڵگا بۆناو شەڕو کارەسات، هیچ پەیوەندی بە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانەوە نەبوەو نیە، بەڵکو بۆقۆرخکردن و دابەشکردنی پۆست و دەسەڵاتو سامانی کۆمەڵگایە لەنێوان خۆیاندا. شەڕی هێشتنەوە یان بەدەستهێنانی ئیمتیازاتی سیاسی و ئابوریە بۆخۆیان. بۆیە تەنها ڕێگایەک کە لەبەردەم خەڵکدا ماوەتەوە ئەوەیە کە:
1- پێویستە جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشو پێشکەوتنخوازو ئازادیخوازی کوردستان دژ بە پڕوپاگەندەی شەڕخوازانەو نابەرپرسانەی ئەو لایەنانە بێنە مەیدان و بەشێوازی جۆراوجۆری نارەزایەتی گشتیو جەماوەری ڕێگا لەبەردەم سەرەڕۆیی ئەو هێزانە دابخەن و لێیان قبوڵ نەکەن کوردستان بەرەو شەڕێکی دیکەی ناوخۆیی پاڵپێوەبنێن. دەبێ پێیان بڵێن کە ڕێگاتان نادەین ماڵ و حاڵمان بکەن بە مەیدانی جەنگی قازانج پەرستانەتان.
2- هاوکات لەپاڵ بەرێخستنی ئەم بزوتنەوە جەماوەریەدا دژی شەڕ، دەبێ خەڵک لە گەڕەکەکەکان و ناوەندەکانی کارو دامەزراوە گشتیەکان شوراو ئەنجومەنەکانی خۆیان دابمەزرێنن بۆئەوەی خۆیان لە خوارەوە پراتیکی دەسەڵاتی خۆیان بکەن. حکومەتی بنکە فراوانی بۆرژوازی کورد بە شکست و بنبەست گەیشتوە. بۆیە تەنها ڕێگایەک کە بۆ خەڵک مابێتەوە، ئەوەیە کە ئیرادەی سیاسی ڕاستەوخۆیان بێنێتە مەیدانو هەڵسوڕاوان و تێکۆشەرانو ڕابەرانی جەماوەریدەست بدەنە کاری ڕێکخستنی خەڵک لە شوراو ئەنجومەنەکانیاندا. لە ڕێگەی ئەو شوراو ئەنجومەنانەوە نوینەرانی ڕاستەقینەو دڵسۆزی خۆیان هەڵبژێرن و ئیدارەی دامەزراوەکانو شارو شارۆچکەکان بگرنە دەست خۆیان. بەوجۆرە خۆیان ڕاستەوخۆ دەست بدەنە پاکردنەوەی گەندەڵیو تاڵانکردنی داهاتی خەڵک لەلایەن مافیاو مشەخۆرەکانەوە، خۆیان هەنگاوبنێن بۆ دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاریەکانی وەکو ئاوو کارەباو جادەوبانو دابینکردنی کارو مووچەو ژیان و گوزەرانی هاوچەرخ و شایستە بۆ هەموو هاوڵاتیانی کوردستان. خۆپیشاندان و نارەزایەتیە جەماوەریەکانی شارەکانی ناوەراستو باشوری عێراق و بەغدای پایتەخت لەپێناو دابینکردنی خزمەتگوزاریەکانو باشکردنی ژیانو گوزەرانیانو لەدژی مافیاکانی دەسەڵات، نمونەیەکی پڕئەزمونی گرنگە کە خەڵکی زەحمەتکێشو کەمدەرامەتو ئازادیخوازی کوردستان دەتوانن کەڵکی لێوەربگرن.
بۆپیشەوە بەرەو بەرێکەوتنی بزوتنەوەیەکی جەماوەری دژی شەڕو شەڕخوازی ئەحزابی بۆرژوازی کورد
بۆ پێشەوە بەرەو دامەزراندنی ئەنجومەنو شوراکانو دەسەڵاتدارێتی جەماوەری!
حزبی کۆمۆنستی کرێکاری کوردستان
16-08-2015