سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوان لە قەزای کەلار، ئەنجامی ڕاپرسییەک ئاشکرادەکات سەبارەت بە مامەڵەی دەزگا ئەمنیەکان لەگەڵ هاوڵاتیان. ئەمڕۆ سێ شەمه، لە هۆڵی بەڕیوبەرایەتی ڕۆشنبیری گەرمیان لە قەزای کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان ئەنجامی ڕاپرسیەک لەسەر هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەکان بەرامبەر هاوڵاتیان ڕاگەیەنرا. ئامانج محەمەد، لە ڕاگەیاندنی سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوان ئۆفیسی کەلار بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:" لەچوارچێوەی پرۆژەی پاراستنی مافی مرۆڤ، سەنتەرەکەمان ڕاپرسیەکی لە شارۆکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان ئەنجامداوه، بۆ زانینی ئاستی ڕەزامەندی هاوڵاتیان لە دەزگا ئەمنییەکان و بە مەبەستی باشتر کردن و بەرەو پێشبردنی شێوازی مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان و پاراستنی مافی مرۆڤ." دواتر، گۆران عەباس، بەربرسی ڕێکخراوی گەشەپێدانی لاوان لەکوردستان دەرئەنجامی ڕاپرسیەکەی بەم جۆرە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن خستە ڕوو:" لەکۆی 105 فۆرم لە 70%ی لە ڕەگەزی نێر و 35%لە ڕەگەزی مێ وەڵامیان داوەتەوە و زۆینەشیان کە لە 44%دەکات لەدایک بووانی تەمەنی 18 – 25 ساڵ وەڵامیان داوەتەوه، هاوکات لە 45%یان دەرچووی ئامادەیی بۆسەرەوە بوون و لە 31%یان خوێندکار بوون." هەروەها وتی:" لەبارەی ئاستی پاراستنی مافی مرۆڤ لە کەلار، %42 ی بەشداربووان پێیان وایە مام ناوەندە و لە 10% پێیان وایە لە ئاستێکی خراپدایە." لەبارەی متمانەی هاوڵاتیان بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لەو شارە 39% بە تا ڕادەیەک وەڵامیان داوەتەوەو لە 12% بە زۆر کەم، هاوکات لە 46%ی هاوڵاتیان هێزە ئەمنیەکان زۆر بە کەمی بە هێزێکی نیشتمانی دەناسێنن و لە %7 زۆر بەهێزێکی نیشتمانی دەناسێنن، هەر بەپێی ئەو ڕاپرسیە، لە 36%ی هاوڵاتیان پێیان وایە هێزە ئەمنیەکان هەندێک جار توندوتیژی بەرامبەر هاوڵاتیان بەکاردەهێنن و لە 27%پێیان وایە هەمیشە هێزە ئەمنیەکان توندتیژی بەرامبەر بە هاوڵاتیان بەکاردێنن. گۆران عەباس، وتیشی:" لە 45%ی بەشداربوانی ڕاپرسیەکە جەختیان لەوەکردووەتەوە، کە هێزە ئەمنییەکان بێلایەنی خۆیان ناپارێزن لەکاتی گرژی و ناکۆکی سیاسیدا، و لە 64%ی هاوڵاتیان ئامادەییان تێدایە تارادەیەکی زۆر هاوکاری هێزە ئەمنیەکان بکەن و لە 44%ی بەشداربوان ئامادەن وەک هێزە ئەمنیەکان تێکەڵ بەو هێزە بن." بەرپرسی ڕێکخراوی گەشەپێدانی لاوان، هێمای بۆئەوەشکرد:" کە بەپێی ڕاپرسیەکە، لە 74%ی هێزە ئەمنیەکان سەرکەوتوون لە پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و 26%ی بەشداربوانیش هێزە ئەمنیەکان بەسەرکەوتوو نازانن، هەروەها لە 23% هاوڵاتیان دەمارگیری حزبی بەهۆکاری لاوازی هێزە ئەمنیەکان دەزانن لە گەرمیان." پاشان چالاکوان و پۆلیس و بەرپرسانی حکومی گەرمیان، لە هۆڵی ڕۆشنبیری گەرمیان لە شارۆچەی کەلار گفتوگۆیانکرد لەسەر دەرئەنجامی ڕاپرسیەکە.