شوان عەلی سەعید ناسراو بە شامیل، شەهیدی ڕێبەر و سەرکردەی خوێنکاران و یەکەم سکرتێری یەکێتیی خوێنکارانی کوردستان، کادێر و ڕابەر سیاسی #کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان#، لەبەرەبەیانی ڕۆژی 3/9ی هەموو ساڵێک، لەئاسمانی ئەم نیشتمانەدا ئەستێرەیەک دەکشێ.
هەموو ساڵێک لەبەرەبەیانێکی وەک ئەمڕۆدا، هەڵۆیەک بەرز بەرز بەئاسمانی #قازانقایە#دا دەفڕێ، دەفڕێ تا لەبەرزترین لوتکەی ئەم نیشتمانە بۆ ئەبەد لەنگەر دەگرێ.
بەیانییەکی وەک ئەم بەیانییە، 38 ساڵ بەر لەئێستا کاروانی شەهیدانی ئەم نیشتمانە لە گوندی قازانقایەی ناوچەی #قەرەداغ# لایداو لەوێ وچانێکی دا، پاش وچان پاش پشوو، کە کەوتە ڕێ، شوان سەرقافڵەی بوو.
لەمانگی نۆدا شەهیدی سەرکردە کاک ئارام بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ لێپرسراوی مەفرەزەکانی ناوچەکە، بەتەتەردا هەواڵ بۆ هەموو لێپرسراو مەفرەزەکان دەنێرێت کە لە3/9دا لە قازانقایە ئامادە بن.
سەرلەبەیانی ڕۆژی #03-09-1977# لێپرسراوی زۆربەی مەفرەزەکانی ناوچەکە وەک: شەهید شوان، شەهید مەلا ئەحمەد، شەهید سیروان، ...هتد، لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەکیاندا دەگەنە گوندی قازانقایە، لەو کاتەدا ڕەوە جاشێکی تەحسین شاوەیس و قالە فەرەج بەدوایانەوە بوون و لە گوندی (هەڵدەر) لەمەڕ شوێنی پێشمەرگەکان، لە خەڵکی ناوچەکەیان پرسیبوو، بەفێڵ وتبویان: پێشمەرگەکانی ئێمەتان نەدیووە؟! ئەوانیش لەبەرئەوەی تا ئەوکاتە بەتەواوی لە سروشتی گڵاویان نەگەیشتبوون و نەیدەزانی چ ناحەزو دوژمنێکن، لەسادەیی خۆیان شوێنەکەیان پێ وتبوون.
لەکاتێکدا هەندێک لە پێشمەرگەکان خەرێکی خۆشتن و جل و بەرگ شتن و هەندێکیشیان لە هەیوانەکەی ماڵی پورەفاتم خەریکی پاککردنەوەی چەک و تفەنگەکانیان بوون، جاشە خۆفرۆشەکان دەورەیان دەدەن و لەدەوروبەری سەعات 9ی سەر لەبەیانی دا تەقە دادەمەزرێ، شوان و هاوڕێکانیشی بەبێ ئەوەی فریای خۆکۆکردنەوە و مەخزەن بەستن بکەون، بەپڕتاو هەر بە فانیلە عەلاگەکانی بەریان بەسەربانی ماڵەکاندا بەرەو دۆڵەکەی پشت گوندەکە ڕادەکەن و لەودەمەدا شەهید جوامێری هاوڕێیان دەپێکرێ و زامدار دەبێ، هاوڕێکانی وردە وردە هەرچۆنێک بێت لەگەڵ خۆیان بەرەو دۆڵەکەی دەبەن، بەو نیازەی لەوێوە بەرەو گردەسور ڕابکەن و دەربازبن، بەڵام کە دەزانن گردە سوریش بە ئۆردوی جاش و دوژمن تەنراوە، بۆ شوێنەکەی خۆیان دەکشێنەوە و دوای کەمێک تەقەکردن، هەوڵ دەدەن بۆ لای گوندی گوڕباز بچن و لەوێووە خۆیان دەرباز بکەن، لەو دەمەدا هەندێک لە پێشمەرگەکانی #شەهید ئارام# و کاک ئاوات قارەمانی و پێشمەرگەکانی هاوڕێیان، کە لەنێوان مێوڵێ و قازنقایەدا دەبن و بە باردۆخەکە دەزانن، بۆ بەدەنگەوە هاتنیان بەوەی وا نزیکتانین، دەست دەکەن بە تەقەکردن بۆ ئەوەی بەرگری بکەن و خۆڕاگربن، بەڵام لە بەدبەختیان پێشمەرگەکانی قازەنقایە بەوە نازانن کە شەهید ئارام و هاوڕێکانی خۆیانن و وادەزانن ڕێگای گوربازیشیان لێ گیراوە، ئیتر لەبەر زۆری هێزەکانی دوژمن و کوژرانی یەک دوو چەلەنگی هاوڕێیان وەک: مەلا ئەحمەد و تەقەمەنی لێ بڕانیان، بەتەواوی لە دەربازبوون بێ ئومێد دەبن، بۆیە لەسەر پێشنیاری شەهید شوان بەنارنجۆک خۆیان دەتەقێننەوە، سەرەتا شەهید شوان لەگەڵ دوو هاوڕێی دیکەی بەناوی شەهید سمکۆ و شەهید عەبدوڵڵا و پاشان دوو هاوڕێی دیکەشیان بەهەمان شێوە بۆ ئەوەی نەهێڵن جاشە ڕیسواکان یاری بەچارەنووسیان بکەن و بۆ ئەوەی سودیان لێ نەبینن، خۆیان دەکوژن، هەر لەو کاتەدا هاوڕێیەکی دیکەیان بەناوی شەهید عەزیز لەبەرئەوەی باوەڕ بەسوێندەکانی تحسین شاوەیس دەکات، کە ئەگەر خۆی بەدەستەوە بدات نایکوژن، بەدیلی دەگیرێ و پاشان لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا قاچێکی دەشکێنن و ئینجا دەیکوژن و شەهیدی دەکەن.
هەزاران سڵاو لەگیانی ئەو شەهیدە نەمرانە و شەهید شوان و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری کوردستان.