ناو: سابیر
نازناو: ڕازی
ناوی باوک: سەعید شوکری
شوێنی لەدایکبوون: گەڕەکی #مەڵکەندی#ی شاری #سلێمانی#
ساڵی لەدایکبوون: 1937
ڕێکەوتی کۆچیی دوایی: #09-08-2015#
شوێنی کۆچی دوایی: شاری سلێمانی
$ژیاننامە$
شاعیر لە دیوانەکەیدا خۆنووسی کردووە و دەنووسێت: (ئەم کۆمەڵە هۆنراوەیەی لەم دیوانەدا بەرچاو دەکەوێ، زادەی مێشک و دڵمە، هەروەها بەرهەمی پێگەیشتووی پلە بە پەلی ئەم ژیانەمە) . لە بواری وێژەدا هەنگاوم ناوە بەپێی توانام بەم جۆرە دامڕشتوون. ئەگەرچی گشتیان قۆناغی ماندووێتیم پێوە چەشتوون، هەریرکر بەپێی بەهرە و بوونی ڕەخساودا گوتراون، بەڵام لە ناتەواوی خاڵی نین، وەنەبێت خوانەخواستە لە بڵاوکردنەوەیان پەلەم کردبێ. دیارە باوەڕی پتەوم بەو پەندە کوردییە هەیە، کە دەڵێت: هەڵەشەیی و پەلەکردن پەشیمانی لە دوایە. من ئێستە خۆم بە پەشیمان نازانم چونکە بڕوام بە سەرهەڵدان و مانەوەی هۆنراوەکانم هەیە.
ئاشکرایە هۆنراوەکانم وەک خۆم سینگیان فراوان و ملکەچن، بۆ ڕەخنە. ڕەخنەیش ڕەخنەیەکی درووستکار، کە گیانی ڕاهێنان و بیری پێشکەوتنی تێدا بێ. سەرلەنوێ وا بکات بە هەڵەکانی خۆیدا بچێتەوە و بژاری بکات. بەرەبەڕەوازیان لێ بهێنێت. وشەی ناسک و لەبار و گونجاوتر بکاتە درووشمی بەرهەمی داهاتووی با ئەوەیش لە یاد نەکەین ڕەخنەی ڕووخێنەر دەبێتە مایەی پەشیمانی و وازهێنان لەو ڕێبازەی، کە ئەو گرتوویەتی. ئەمەش لە بازاڕی وێژەدا بە کاری ناڕەوا و دڵ ساردکردنەوە دادەنرێت. هەمیشە تۆوی ڕق و قینە و دواکەوتویی دەچێنێت، ڕێبازی وێژە بەرەو دواوە دەبات.
لە هۆنراوەدا جارجارێ پێڕەوی کردنم گرتووە نەک لاسایی کردنەوە، بەتایبەتیی پێڕەوی شاعیرە بەنرخەکانی وەک (خەیام، مەولەوی) و چەندانی تر. گیانی هۆنراوە بەهرەیە، ئینجا خوێندنەوە، یان شیکردنەوەی ناوەرۆکە. لەم ڕووەدا چەند هۆیەک دەروازەی هۆنراوە وتنی بۆ واڵا کردم و پاڵی پێوەنام: وەک دڵگیری دیمەنی دڵڕاکێشی چیا و دۆڵ و لالەزار و ئاوی سازگاری خاکیی نیشتمان، هەوای خۆش و شەپۆلی لارولەنجەی هەست بزوێن، هەروەها نازی شۆخانی خەم ڕەوێن بوونە هۆی بناغەی نووسینم. لەگەڵ دڵبەند بوونم بە هۆنراوەی چەندان هۆنەری کۆن و نوێ، وەک شاعیرانی (نالی، سالم، گۆران، ناری، ...) هەروەها زۆری تری وەک هێمن و پیرەمێرد و ئەوانی تر.
زۆر ئارەزووی هۆنراوەی نوێم لە دڵدا بوو، بەڵام سرووشت ئەو ڕێگە و ڕێبازەی پێ چەسپاندم و گۆڕی. لەو دەمەی کە خولیای هۆنراوەی جووڵاندم ناسناوی ڕازیم بۆ خەم هەڵبژارد، لێرەدا خۆناساندن پتر دێتە بەرهەمەوە، پێویستە کوورتەیەک لە ژیانم باس بکەم: ناوم سابیر کوڕی سەعید کوڕی شوکرییە، لە ساڵی 1937دا، لە شاری #سلێمانی# گەڕەکی مەڵکەندی هاتوومەتە دنیاوە. ژیانی منداڵیم ئەوەندە شێواو و بزڕکاوە، تاڵ و تفت بووە، هەرگیز بۆ ئەوە ناشێ باسی لێوە بکەم یان لێی بدوێم.
پلەی خوێندنم، لە کام فێرگە یان کام قوتابخانەی ئەم شارە پان و بەرینەدا خوێندوومە، دەبێت بڵێم نەخێر لە فێرگە و هیچ قوتابخانەیەک نەمخوێندووە. بێبەش بووم لێیان لەبەر ئەوەی ژیانی منداڵیم هێندە ناساز بوو، تەنانەت لە خوێندن و قوتابخانەیشم کاری کرد. تەنیا دڵسۆزێکم نەبوو کە خەمخۆری ژیانم بێت، نەخوازا کاتێک گەورەبووم هەستم بەهەژاری و جێماوی خۆم کرد، بەڵام باری گوزەران ڕێگەی قوتابخانەی گرتبووم، نووزەی لێ بڕیبووم ناچار خۆم بووم بە مامۆستای خۆم. دواتر لە ساڵانی 1953 -1954 بە گەرموگوڕی گەڕامەوە خوێندن و نووسین پێشوازیمی لێ کرد.)
شاعیر لە مێژووی 09-08-2015 دا، کۆچی دوایی کردووە.