لە ناو شاری کەرکووک دزیکردن بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لە شارەکە 15 حاڵەتی دزیکردن ئەنجام دراوە، بەڕێوەبەری نەهێشتنی تاوانەکانی کەرکووکیش ڕایدەگەیەنێت، هۆکارەکەی بۆ دیاردەی بێکاری دەگەڕێتەوە.
عەقید ڕەزوان شوکر، بەڕێوبەری نەهێشتنی تاوانەکانی شاری کەرکووک بە خەندانی ڕاگەیاند: "ماوەیەکە دزیکردن لە ناو شاری کەرکووک بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و ڕێژەکەش لە هەڵکشاندایە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لە شارەکەدا 15 حاڵەتی دزیکردن ئەنجام دراوە".
وتیشی: "کۆی ئه و 15 دزییانەی کە ئەنجام دراون لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، چەند کەسێک هەستاون بە ئەنجامدانیان و سەرجەمیان دەستگیرکراون دانیان ناوە بە تاوانەکانیاندا".
ئاماژەی بەوەشکر، لە ناو دەزکاندا گروپێک دەستگیرکراون کە چەندین ئۆتۆمبێلیان دزیووە، هەروەها سێ کەسی تریان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا 18 جار دزیان کردووە لە گەڕەکانی (ئیسکان و گورگەچاڵ و شۆراو".
روونیشیکردەوە، کە هۆکاری دزیکردن لە شاری کەرکووک دەگەڕێتەوە بۆ دیاردەی بێکاری و بەپێی ئه و ئامارانەشی کە بەردەستن دەربارەی کۆمپانیا و کارگەکانی شارەکە، کارگە هەیە 300 کرێکاری هەبووە کەچی ئێستاکە تەنها دوو پاسەوانی هەیە، هەر ئەوەش وایکردووە ڕۆژ دوای ڕۆژ دزیکردن بەره و زیادبوون بچێت".
- 08-09-2015