ڕۆژنیوز – هۆزان زوبێر
پێچەوانەی ئەو شاڵاوی کۆچەی لە باشووری کوردستانەوە بەرەو ئەوروپا دەستی پێکردوە، خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان ڕۆژانە زیاتر دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان. ڕۆژانە هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستان لە باشوورەوە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، بەڕێوبەرانی دەرگای سنوری سێماڵکا ئاشکرای دەکەن کە تەنها لەمانگی ئابی ڕابردوودا 9 هەزار و 312 کەس لە باشوورەوە گەڕانەتەوە ڕۆژئاوا. لەلێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز بەڕێوبەری دەرگای سنوری سێماڵکا لە دیوی ڕۆژئاوای کوردستانەوە (بەدرخان میزا) وتی:" تەنها مانگی ئابی ڕابردوو 9 هەزار و 312 هاوڵاتی ڕۆژئاوا گەڕانەتەوە بۆ کانتۆنەکانی جزیرە، عەفرین و کۆبانێ، لەناو ئەوانەشدا 2 هەزار و 630 کەسیان خەڵکی کۆبانێ بوون". ناوبراو دەڵێت، ڕۆژانە 300 هاوڵاتی ڕۆژئاوایی دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان لەناو ئەو کەسانەی دەگەڕێنەوە ژمارەیەکی زۆریان گەنجن، بەتایبەتی دوای ئازادکردنی گردەسپی و کردنەوەی ڕێگەی نێوان جزیرە و کۆبانێ گەڕانەوەی هاوڵاتیان زیاتر بووە. بەدرخان میرزا بەڕۆژنیوز وت:" هەندێک لە هێزە هەرێمیەکان بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو ڕێگە لەبەر کۆچبەری خەڵک خۆشدەکەن، خەڵکی بۆ کۆچبەری هاندەدەن و دەیانەوێت ڕۆژئاوای کوردستان چۆڵ بکەن، بۆئەوەش دوا لە خەڵکی ڕۆژئاوا دەکەین بگەڕێنەوە و لەئاواکردنەوەی وڵاتەکەیان بەشداربن".