کاتێک بەسەر چیای برادۆستی دەڤەری سۆران دەکەوی دیمەنی سەرنج ڕاکێشی ئەشکەوتی بەستوون دەببینی، ئەوەی جێی باسکردنە تاکوو ئێستا نەتواندراوە ئەو ئەشکەوتە سەرەنج ڕاکێشە کە مرۆڤ دەباتە خەیاڵی قوڵەوە بەخەڵکی بناسرێندرێ.
لەو بارەیەوە نادر ڕۆستایی ڕۆژنامەنووس و وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بەخەندانی ڕاگەیاند: ئەشکەوتی بەستوون بە ڕێگای سۆران- هاودیان بە دووری 129کم دەکەوێتە باکووری شاری هەولێر، بەڵام بە ڕێگای سپیلک-خەڵان تەنیا 109کم دەکەوێتە باکووری هەولێر، هەروەها 38کم لە ڕۆژهەڵاتی ئەشکەوتی شانەدەر دوورە، بە دووری 31 کم دەکەوێتە ڕۆژاوای شارۆچکەی سۆران.
دەشڵێت: دەمی ئەشکەوتەکە نزم و لاکێشەیە، بەرزیەکەی لەنێوان 100سم تاکوو 160سم دەبێت و بەرینی ڕووی دەرەوەشی 6م دەبێت.
ڕاشیگەیاند: ئەشکەوەتەکە لە ناوەوەدا زۆر فراوانەو هەندێک شوێنی 7م بەرز دەبێت، مەزندە دەکرێ کە 40 بۆ 70م پان و 100بۆ400م قوڵ بێت، لە ناو ئەشکەوتەکەشدا چەندان ئەستوون و کریستالی بلورینی جۆراوجۆر دەبینرێ کە بەهۆی کڵسی کەڵەکەبووی هەڵواسراو نیشتو (ستەلکتایت و ستەلکمایت) درووست بووە کە لە ئاوی سەروەی ئەشکەوتەکەوە هاتۆتە خوارەوە
وتەبێژی دەستەی گەشتووگوزار وتیشی: لەلایەنی مێژوویشەوە لە ساڵی 1934 ز دا، زانا (د.هنری فلید) لەسەر ڕاسپاردەی زانکۆی هارڤەردو زانکۆی پیەبۆدی سەردانی ئەم ئەشکەوتەی کردووە و بەدوای شوێنەواردا گەڕاوە. بۆ ماوەی 10 ڕۆژ کنەو پشکنینی بۆ کردووە، لە ئەنجام ژمارەیەک بەردەستێ و پارچە گلێنەو ئێسک دۆزرانەوە. کە بۆ چاخی بەردینی نوێ (6000 پ.ز) و چاخی بەردینی کانزایی (4900-3500 پ.ز) و سەرەتای چاخی برۆنزی (3500-2900پ-ز) دەگەرێنەوە، پشکنیەنەکان دەریان خستووە کە مرۆڤ لە چاخی بەردینی کۆن و ناوەڕاست لە هەردوو (ئەشکەوتی دیان ئەشکەوتی بەستوون) نەژیاوە. چونکە لە ناوچەکە پەناگەی باشتر هەبووە، وەک ئەشکەوتی (شانەدەر) .
ئەو ڕۆژنامەنووسە دەشڵێت: دکتۆر هنری پێیوایە کە ئەو پارچە گۆزەو بەردە ئەستێانەی کە لەم شوێنە دۆزراونەتەوە بۆ ئەو ڕاوچیانە دەگەرێنەوە کە بۆ ڕاوکردن لە چاخی بەردینی نوێ و چاخی کانزای و سەرەتای چاخی برۆنزی ڕوویان کردۆتە ناوچەکە و خواردنیان لە گۆزەکان لەگەڵ خۆیان بردووەو چەند ڕۆژێک ماونەتەوە پارچە گۆزەکان ئەوە نیشان دەدەن کە بەنارێکی درووستکراون و بۆ سەردەمی حەسونەی کۆن (6000پ.ز) دەگەرێنەوە.