بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
یەک لە دیارترین باس و خواسەکان کە بۆتە ڕۆژەڤی ئەمرۆی ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، مەسەلەی کۆچی بە لێشاوی گەنجانە بۆ ئەوروپا، کە ئەم بابەتە بە تووندی هەرێمی کوردستانیشی گرتۆتەوە، بۆیە وەک یەکێتی زانایان بە ئەرکێکی ئاینی و نیشتیمانی خۆمان زانی، لە وۆرکشۆپێکی تایبەت لە (15-09-2015) لە بارەگای مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان لەگەڵ کۆمەڵە بەرێزێکی شارەزا ئەم بابەتە تاوتوێ بکەین لە ژێر ناونیشانی (کۆچکردن بۆ هەندەران.... دەرهاوێشتەو بەرپرسیارێتی)، سەرەتا پێمان وایە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەتایبەتی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، لە ئاست بەرپرسیارێتی مێژوویی دابن و، بە جددی لە تەک ئەم بابەتەوە بووەستن، کە بەداخەوە خەمساردییەکی زۆر لەم بارەوە دەبینین، هەر لێرەشەوە بە پێویستی دەزانین دەستخۆشییەکی گەرم لەو گەنجانە بکەین، کە لەم دۆخەدا بە گیان و ماڵیان لە بەرەکانی جەنگ دیفاع لە گیان و ماڵ و خوێن و نامووسی گەلەکەیان دەکەن:
وۆرک شۆپەکەمان لە چوار تەوەری سەرەکی پێک هات:
تەوەری یەکەم: هۆکارو پاڵنەرەکانی کۆچکردن
1/ هەڕەشەی تێکچوونی ئاسایش، بەتایبەت لەو ناوچانەی کەوتوونەتە بن دەستی تیرۆریستانی داعش.
2/ لێکترازان و ناسەقامگیری سیاسی هەرێمی کوردستان، کە هیوای خەڵکێکی زۆر بەتایبەتی گەنجانی پووکاندەوە.
3/ تێکچوونی باری ئابووری خەڵک و نەبوونی دەخلی تایبەت و بڵاوبوونەوەی بێکاری، کە گەمارۆی ئابووری حکومەتی ناوەندی بۆ سەر هەرێم هۆکاری هەرە سەرەکی ئەم دۆخە ئابووریەیە.
4/ دانەمەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان.
5/ چاولێکەری، بەتایبەتی کۆمەڵە کەسێک هەن هیچ گرفتی ژیانیان نییە، تەنها لەبەر چاولێکەری دەڕۆن.
7/ لاوازبوونی پەروەدەی ڕۆحی و نغرۆبوون لە دنیای مادیات، کە دڵەکانیان بە هیچ شتێک ئۆقرە ناگرن.
8/ بەردەوامی جیاکاری و مەحسووبیەت لە دامەزراندنی گشتی و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت.
9/ کاریگەری نەرێنی بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان، کە تەنها لە پێناوی ناشیرینکردنی بەرامبەرو کۆکردنەوەی بینەر قەیرانەکان قوڵتر دەکەنەوەو، ژیان بە بەرچاوی خەڵک تاریکتر دەکەن.
10/ خۆبەریکردن لە بەرپرسیارێتی، کاتێک دەبینین دامەزراوەکانی دەوڵەت و ڕاگەیاندنەکان و حزب و لایەنە سیاسیەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چین و توێژەکان خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەدزنەوە، لە کاتێکدا هەر یەکەو بە قەبارەی خۆی دەکەوێتە ژێر بەرپرسیارێتییەوە.
11/ تا ئێستاش بە جۆرێک لە جۆرەکان دوو ئیدارەیی هەیە، کە ئەمەش وێڕای حزبە سیاسیەکان، لە خیتابی ئەندام پەرلەمان و بەرپرسەکانیش دیارە.
12/ نەبوونی ناوەندەکانی فێرکردنی گەنجان و ڕاهێنانیان لەسەر پیشەی دەستڕەنگینی.
13/ ڕۆیشتنی خانەوادەی بەشێکی بەرپرسان بۆ دەرەوەی وڵات.
تەوەری دووەم: ئاکام و دەرەنجامەکانی کۆچکردن
دوای هەڵسەنگاندنی ئەم بابەتە پێمان وایە، کۆچکردن بۆ هەندەران لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە:
ئیجابیاتەکان
1/ بەهێزبوونی جالیەی کوردی و ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و ئەو زوڵم و ستەمەی لێیکراوە، بەتایبەتی ئەگەر کەسانێکی وشیارو ڕۆشنبیرو نیشتیمانپەروەر بن.
2/ بۆ هەندێک کەسیش دەبێتە سەرچاوەیەکی ئابووری، نەخاسمە بۆ ئەوانەی فەرمانبەر نین، کە تاکو ئێستاش هیچ زەمانەتێک بۆ ئایندەیان نییە.
3/ کرانەوە بە ڕووی کلتوورو داب و نەریتی جیاواز، کە ئەمە بۆ کەسانی وشیار جۆرێک لە بیرفراوانی دروست دەکات و، گیانی لێبووردەیی و پێکەوەژیان قوڵتر دەکاتەوە.
سەلبیاتەکان
1/ لە دەستدانی تواناو عەقلی بەهێز بەتایبەتی لە کەسانێکی شارەزا، کە باس لە ڕۆیشتنی خاوەن چەند پسپۆڕییەکی تایبەتی دەکرێت.
2/ نەمان یان لاوازبوونی هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری بەتایبەتی بۆ ئەوانەی لە دەرەنجامی نائارامی سیاسی کۆچ دەکەن.
3/ هەڕەشەیە لەسەر گیانی کۆچبەران و ڕووبەرووبوونەوەی مەرگە.
4/ دەکەونە ژێر چەندین مەترسی کۆمەڵایەتی لە بواری لێکجیابوونەوەی خێزان و کەمبوونەوەی پرۆسەی هاوسەری و لاوازبوونی پەیوەندی.
5/ مەترسی ئاینیشیان لەسەرە، چونکە کەسانێک لەو حاڵەتانە هەستی دینداری و پابەندی ئاینی لە دەست دەچێت.
6/ هەڕەشەیە بۆ سەر باری سەربازی، بەتایبەت ئەگەر لە ناو کۆچبەران کەسانی پێشمەرگە هەبن.
7/ ناشیرینکردنی وێنەی کوردستان، بەتایبەتی بۆ ئەو کۆچبەرانەی وشیاریان لە ئاستی پێویستدا نییه، یان کوردستان وا پیشان دەدەن کە شوێنی پێکەوەژیان نییەو، کەمایەتییەکانی هەرێمی کوردستان لەژێر مەترسی لە ناوچوون دان.
8/ بەشێکی کۆچبەران تووشی پێکدادانی شارستانی و کلتووری جیاواز دەبنەوە، سەرەنجام هەردووکی لە دەست دەچێت.
9/ کەسانێک هەن دووری لە چاوی خزم و کەس و ناسیاوەکان دەکاتە دەرفەت و دەست بۆ کاری مافیایی و نایاسایی دەبات.
10/ هەڕەشەیەکی گەورەی ئەمنیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەت بەشێک لەوانەی چوونە ڕیزەکانی تیرۆریستان و شەری پێشمەرگەیان بە جیهاد دانابوو، لە دەرەوەی وڵاتەوە بەم شێوازە گۆش کرابوون.
تەوەری سێیەم: کۆچکردن لە ڕوانگەی ئیسلامەوە
زانایانی موسڵمان کۆچیان کردۆتە دوو بەش، هەندێکجار کۆچکردنەکە بۆ وەدەستهێنانی شتێکە وەک زانست و بازرگانی و بانگەوازیکردن، هەندێکجاریش هەڵاتنە، وەک ئەوەی بە مانەوەی مەترسی گیانی یان تەندروستی یان زوڵم و ستەمی لەسەر بێت، لە هەردوو حاڵەتەکە کۆچکردن بۆ وڵاتانی موسڵمان دروستە، بەڵام بۆ وڵاتێکی ناموسڵمان کە وێڕای ڕۆیشتن بە شێوازی نایاسایی، کۆمەڵێک مەترسیشی لەسەرە کە پێشتر ئاماژەمان پێکرد، بۆیە ئەگەر لەو مەترسیانە دڵنیا نەبێت ئەو دروست نیە بڕوات.
تەوەری چوارەم: ڕێگەچارەی ڕاگرتنی کۆچی بە لێشاو
1/ هەڵستانی دام و دەزگاکان و لایەنی پەیوەندیدار بە ئەرکی سەرشانی خۆیان و خۆنەدزینەوە لە مەسئولیەت، چونکە ناکرێ ڕۆژانە خەڵک بەرەو ڕووی مەرگی ناو دەریاو چیاو چۆڵەکان و بن دەستی قاچاخچیەکان برۆن، ئەوانیش سەرقاڵی قوڵکردنەوەی ململانێکان بن.
2/ پێویستە دەزگایەکی تایبەت بەم بووارە بکرێتەوە بۆ ئەوەی لەلایەکەوە پلان دابرێژن بۆ دانانی سنوورێک لە بەردەم کۆچی بەلێشاو، لەلایەکی تریشەوە هاوکاری ئەوانە بکات کە تووشی گرفت دەبنەوە، هەروەک گفتوگۆو ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ کونسوڵخانەکان بکات بۆ پێویستی و ئایندەی پەنابەران پەنابەران.
3/ چاککردنی خێرای باری ئابووری و مووچەی فەرمانبەران و، دەستکردن بە پرۆژەی ئابووری و کردنەوەی کارگەو بەکارخستنی بێکاران و زامنکردنی ئایندەیان، بەتایبەتی بکرێتە مەرج کە ڕێژەیەکی دیاریکراوی کرێکارو کارمەندەکان خەڵکی کوردستان بن.
4/ پێویستە لایەنە سیاسیەکان و ڕاگەیاندنەکان وەک ئیلتیزامێکی ئەخلاقی خۆیان دووربگرن لە بێبایەخکردنی وڵاتو نیشتیمان لەبەر چاوی گەنجان، لە پێناوی ململانێی سیاسی.
5/ لەم قۆناغەدا زۆر پێویستە حزب و لایەنە سیاسیەکان ئارامی سیاسی دروست بکەنەوەو، چیتر درێژە بە تەنگژەکان نەدەن.
6/ ئەرکێکی سەرەکی دەکەوێتە سەر ڕاگەیاندن، بۆ ئەوەی وا لە بینەر بکەن ئەگەر بە شێوەی ڕێژەییش بێت جۆرێک ئارامی لە ناخیان دروست بکەنەوە.
7/ گرنگیدان بە پەروەردەی ئاینی و بەها ڕۆحیەکان و پەروەردەی نیشتیمانی، چونکە ئەم بەهایانە وێڕای دینداری ئارامی و هێمنی لە ناخی تاکەکان دروست دەکەن.
8/ نەهێشتنی جیاکاری و ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی.
9/ هەڵمەتێکی ڕۆشنبیری دەست پێبکرێت بۆ یلاوکردنەوەی وشیاری ئەم بابەتە.
10/ لێپێچینەوە لە قاچاخچییەکان بکرێت، بەتایبەتی ئەوانەی ڕووداوی تراژیدیا دروست دەکەن.
11/ هەوڵ بدرێت بۆ دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزاری قەرزپێدان و سولفەکان و، دامەزراندن بەبێ جیاکاری، بە شێوازێک متمانەی تەواو لە ناو دڵی گەنجان دروست بکەنەوە.
12/ داوا دەکەین پەلە بکرێت لەو چاکسازییانەی بەڵێنیان پێدراوە بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
15-09-2015