"ئیبڕاهیم عەلیپوور" وێنەگری کورد خەڵکی بانە، لە 04-06-2015 لە یەکەمین فێستیڤاڵی وێنەی تەندروستی لە ئێران و سێهەمین فێستڤاڵی وێنەی "قابهای بێهشتی" بەشی هاووڵاتیی، وەک وێنەگری نموونەی ئەو فێستیڤاڵە هەڵبژێردرا.
عەلیپوور، ساڵی ڕابردووش خەڵاتی باشترین وێنەی فێستیڤاڵی "پێرسپێکتیو"ی هێندوستانی بە دەست هێنا.
ناوبراو هەر لە فێستیڤاڵی پێرسپێکتیودا، بە وێنەیەک لە ژێر ناوی "ئومید" (The hope) خەڵاتی یەکەمی باشترین وێنەی "نۆئاوەرانە"ی ئەو فێستیڤاڵەی بە دەست هێنا و وەک وێنەگری "ئاوانگارد" ناسێندرا.
هەروەها، ناوبراو لەو فێستیڤاڵەدا بە وێنەیەک لەژێر ناوی "خودا نزیکە" (Near the God)، لەلایەن ڕێکخراوی جیهانی وێنەگرانەوە خەڵات کرا.
ئەو هونەرمەندەی خەڵکی بانە ساڵی 2014ی زایینی لە نۆهەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کە لە وڵاتی هۆلەند بەڕێوەچوو، وەک یەکەم وێنەگری فێستیڤاڵەکە هەڵبژێردرا.
ئیبراهیم عەلیپوور خەڵکی شاری بانەی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئەندامی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتیی وێنەگرانە. ناوبراو هەتا ئێستا چەندین پیشانگای تاکەکەسی و زیاتر لە 15 پیشانگای گرووپی لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا بەڕێوە بردووە.