کوردستان بەگشتی و ناوچەکانی بەشی خۆرهەلات بەتایبەتی، هەر لەکۆنەوە شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ بووە و لەناو سنووری قەڵەمڕەوی حکومەتە زلهێزو شارستانییەتە بەناوبانگەکانی ناوچەکەدا بووە، بەو هۆیەوە لەڕووی ئاوەدانی و ئابوورییەوە ناوچەیەکی گرنگ بووە، هەر بۆیە لەئێستاشدا چەندین شوێنەوار و پاشماوەی دێرین و مێژوویی لەشێوەی قەلاو قەلات و گردو کەلاوەی شارو ئاواییەکانی تێدایە، بەڵام بەداخەوە زۆرێک لەو شوێنانە تا ئێستا وەک پێویست کنە و پشکنینیان بۆ نەکراوە و مێژووییەکی دەوڵەمەند و پڕ لەزانیاریان لەئامێزی خۆیاندا حەشارداوە، یەکێک لەو شوێنە دیارو بەرچاوانەی کوردستان دەشتی شار وێران و گۆڕە لەشاخ داتاشراوەکەی فەخرەقایە، لەنزیک شاری مەهاباد کە دوو شوێنەواری زۆر بەناوبانگ و بەرچاوی باپیرانمانن.
بەپێێی سەرچاوە مێژووییەکان، ئەو دەشتە پان و بەرینەی نزیک مەهاباد کە بەشار وێران ناسراوە، لەسەردەمی فەرمانڕەوایی مادەکان لەنێوان ساڵانی700-550پ.ز، شاریِکی فراوان و بەناوبانگی وڵاتەکە بووە، لەوکاتەدا بەشار یدریاز ناوبراوە. بۆ سەلماندنی ئەو ئاوەدانی و بەناوبانگییەی ئەو شارەش لەوکاتەدا، ئیمپڕاتۆری ئەوکاتەی ڕۆمهیرا کلیوس-هرقل دوای نزیکەی8 سەدە لەنەمانی ماددەکان، لەهێرشێکیدا بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ساسانییەکان و بەتایبەت ناوچەکانی باشووری دەریاچەی ئوورمییە، ئاماژەی بەشارێک و پەرستگایەکی گەورەی پاشایان کردووە، هەروەها هیرا کلیوس لەو هێرشەیدا کاتژمێریکی گەورەی لەو شارەدا بینیووە کە ڕۆمەکان هەتا ئەوکاتە ئامێری لەو شێوەیەیان نەبینیووە، بەبڕوای زۆرێک لەشارەزایان و مێژووناسان، ئەو شارەی کە هیراکلیوس باسیکردووە، شاری دریازی ئەوکات و شاروێرانی ئێستایە کە بەدووری 5کلم کەوتۆتە نزیک شاری مەهاباد و وێرانەکانی ئێستا گوندێکە بەناوی داریاز، بەهۆی ئەوەی کە تا ئێستا هیچ کنەو پشکنینێک لەوێرانەکانی ئەو شارە مێژووییەدا نەکراوە، بۆیە بەشاروێران ناسراوە.
لەلایەکی تریشەوە بەڵگەیەکی تر بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە بوونی گۆڕە داتاشراوەکەی شاخی فەخرەقایە، کە دەکەوێتە بەرانبەر دەشتی شاروێران و بەدووری15کلم لەخۆرهەلاتی شاری مەهابادو لەخوارووی گوندی ئیندرقاش هەڵکەوتووە. گۆڕە بەردینەکە لەناوەڕاستی شاخی فەخرەقا داتاشراوەو هەر بۆیەش بەو ناوەوە ناونراوە جێگای ئاماژەیە کە ئەو گۆڕە لەبەرهەیوانێک پێکهاتووە، کە بەدوو ستوونی لەبەرد درووستکراو ڕاگیرکراوە بەبەرزی 2 مەترو دە سانتیمەتر.
ئەو ئەشکەوتە3 گۆڕی تێدایە هەریەکەیان بەقوڵی نیو مەتر لەشاخەکە داتاشراون، لێکۆڵینەوە شوێنەوارییەکان ئەوەیان سەلماندوە کە یەکێک لەو گۆڕانە بەگۆڕی خشترتییە-خەشاریا شا655 -633پ.ز، پاشای مادەکان زانراوە.
خشترتییە دوای مردنی دیاکۆی باوکی، وەک دووەم پاشای ماددەکان دەسەڵاتی گرتۆتەدەست، ئەو پاشایە لە مێژووی هیرۆدۆتدا بەفرائورتیس ناسراوە، ساڵی633پ.ز لەلایەن سوپای ئاشوور پانیپاڵ668-627پ.ز، پاشای ئاشوورییەکانەوە لەشەڕێکدا لەشکرەکەی بەسەختی تێکشکاوە و خشترتییەش لەو شەڕە سامناکەدا دەستگیرکراوە و دواتر کوژراوە، دوای کوشتنیشی لەڕێوڕەسمێکی شایستەدا لەو ئەشکەوتەدا بەخاکسپێردراوە.
سەرچاوەکان:
-1عومەر ئیسماعیل مارف: دەوڵەتی ماد، چاپی یەکەم، چاپخانەی پەیوەند-2010-سلێمانی.
-2تابانی، حەبیبوولا: هاونەتەوەیی قەومی کورد و ماد، و: جەلیل گادانی، چاپ ی دووەم-2010، چاپخانەی ڕۆژهەلات هەولێر.