کەمال نوری مەعروف لەفارسیەوە گۆڕیوویەتی و لەسەری نووسیووە
یەکێک لەپاشماوە دێرینەکانی شوێنەوار، کە بەهادارو ناوازەیەو شوێنەواری حکومەتی (ماناییە) لەمەهاباد بە (بەردەکونتە) ناسراوە، کە مانای بەردی کونکراو دەگرێتەوە، کە هەزاران ساڵ بەسەر تەمەنیدا ڕۆشیتووە، لەوەوبەر واناسراوە کە شوێنی گوشینی ترێ بووبێت، بەڵام دەرکەوت پەرستگایەکی ئاگری کۆنی خامۆشە بەناوی (بەردە کونتە) .
شوورە دراوی کۆنی (بەردە کونتە) دەکەوێتە نێوان سنووری6 کیلۆمەتری باکووری شاری مەهاباد لەسەر ڕێگای مەهاباد ورمێیەو لەنزیکەوە گوندی (وسوکەند) (یوسفکەند) دێت. بینای (بەردە کونتە) لەدەشتدایەو وێرانەی شاروێرانی لەخۆگرتووە، کە دەکەوێتە5 کیلۆمەتری لای ڕاستی گوندی (دەرباز) یان (دەریاس) کە (بەتڵیمۆس) ی یۆنانی (داریۆسا) ناوی بردووە بە ناونیشانی یەکێک لەشارەکانی (ماد) باسیکردوو، ە کە شوێنی مانەوەی (مانایی-ماد) (807-505پ.ز) بووە و لەنزیکییەوە (فەقرەقا) یان (فەخریکا) دەڕوانێت بەسەریا. پەرستگای ئاگری (بەردە کونتە) لەزەوییەکی بەردینی پلەداری هەڵکۆڵراودایە، ئەم زەوییە سنووردارە کۆنە پەیوەستە بەهەزارەی یەکەمی پ.ز بەمانای ڕۆژگاری پڕشکۆو بەتوانای (مانایی) لەو ناوچەیەدا.
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا نووسینێک نەدۆزراوەتەوە یان دەرنەکەوتووە تاوەکوو بزانین ناوی ئەو بینایە یان پاشماوەیە چ بووە، دانیشتووانی (شاروێران) یش ئەو بینایە بە (بەردەکونتە) ناو دەبەن کەئەمەش ئاماژەیە بۆ پیرۆزیی لەباوەڕی مرۆڤی ئەم سەر زەمینەدا.
بەردەکونتە زمانێکی لێکدراوی کوردییە لەدووشە پێکهاتووە، یەکەمیان بەردو دووەمیان (کون) کەبەگشتی بەردی کونکراو یان ئەو بەردەی کراوەتە چاڵێکی قووڵ و کونکراوە، ئەمەش ناولێنانێکی ئاساییە هەڵبەتە (کون) لەزمانی کوردی دەتوانین بڵێین مانای تری نییە، بەڵام لەوانەیە بەمانای دێرینیش بێت ئەم بینایە پێدەچێت لەناو بەشێک لەشوێنێکی پیرۆزی گەورەی شاری (داریوسا) یان شاروێران بووبێت، لای مرۆڤ و دانیشتووانی شارەکەش شوێنێک بووبێت سەرچاوەی ڕێزو پیرۆزی بووە، کە بەردەوام لەڕێوە ڕەسمە تایبەتییەکانی خۆیاندا شوێنی ئەو بۆنانە بووە، شێوەی گشتی ئەم پاشماوەیەو ئەوانی لەناویدا بەرچاو دەکەون ئەوە دەردەخەن، کە پێدەچێت پاشماوەکە شوێنی هێمای قوربانی بێت واتە پەرستگایەک بوبێت هاوشێوەی زەقورەی سۆمەری پلیکانە زبرەکانیشی یادگاری بیناسازی دێرین بن، بەگشتی وێنە جۆراوجۆرەکانی پەیوەستن بەهەزارەی یەکەمی پ.ز. ئەم پەرستگای ئاگرە دێرینە چەند گۆرێکی بەردین و گۆڕێکی شێوە ستوونی و یەکێکی تر بەشێوەی ئاسۆیی لەگەڵ بوونی چەند ڕێزێکی پلیکانەکە، کەمێک لەیەکتری دوورن و ڕاکێشراون. لەناو ئەو بینایەدا چاڵی لاکێشی دەبینرێت لەبەرد هەڵکۆڵراوە، کەپێدەچێت بۆکاتی ڕێوڕەسمی ئایینی بەکارهێنرابێت، لەکاتیکردنەوەی ئاگری پیرۆز، لە بەشی سەرەوەی ئەو چاڵانەدا کە کەمێک لەیەکتر دوورن پلیکانە هەڵکۆڵراوەکان لەبەرچاو دەکەن کەشێوەی ڕیزیان وەرگرتووە، وا دیارن بۆ دانیشتن و تەواوکردنی تەواو پەیوەست بەڕێوڕەسمی تایبەت بەئایینەکەیان سوودیان لێ دیوون. لەوانەیە ئەم پەرستگای ئاگرە خامۆشکراوە بۆ ڕێوڕەسم و نزای تایبەت بەئایینەکەو قوربانی کرابێت، کە پێشکەش بەخواکان یان خواوەندەکانی شار کرابێت، بەڵام ئەوە ڕوون نییە کە دانیشتووانی کۆنەشار چ ئایینێک یان مەزەب و باوەڕێکیان بووبێت. لێرەدا پرسیارێک درووست دەبێت ئایا ئەم دوعاو نزایە بۆ خواوەندی پاک (ئاهۆرا فردا) بووەیان بۆ خواوەندەکانی تری ناسراوی شارە دێرینە فەرامۆش کراوەکە کراوە.
لەناو چوارچێوەی دێرینناسی مێژووە فەرهەنگ و هونەر و ئایینی ماناییدا کە سەرچاوەکەی دادوەری ئایینییانە، ناوەرۆکیان لەنووسینەکانی ئاشووریدا لەو ناوانەن کە بەشێکیان ئاشکرابوون.
وشەی (ئیلانی) بەمانای خواوەندەکان دێت، کە لەنووسینەکانی ئاشووریدا بەرچاو دەکەون دەبارەی شێوەی پەیکەری خواوەندەکانشیان، تاوەکوو سنوورێکی دوور لەحەو جۆشەکانی لوڕستان و دیمەنە نەخشکراوەکاندا لەسەر ئەوانەی شاری کۆنی زێویە هەن، دەتوانین ڕای لەسەر بدەین کە لەبەر ڕۆشنایی و زانیارییاندا ئەوە نیشاندەدەن، کە ئایینی سەر زەمینی خۆراوای مادی کۆن بەزۆری لەسەر ئایینی (خوری) (هۆری) بوون و ئاشوورییەکانیش تاوەکوو ئەندازەیەک لەسەر شێوەیەک بوون. ئەوەی سەرنجڕاکێشە دانیشتووانی شاری (داریوسا) کە ئاماژەمان پێدا لەکاتی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ئایینیاندا ئاگری پیرۆزیان لەپەرستگاکەدا داگیرساندووە، لە بەردەم خواکانیاندا لەم کارەیاندا ئامانجیان بۆنزاو نیاز قبووڵکردن و ئیتاعەتی ڕووناکی ئاگر و ئاوو باو خاک بووە، نزیک لەئاگری پەرستگاش چرا زۆر پیرۆز بووە و بەڕۆشتنی هەزار و ئەوەندە ساڵ لەهاتنی ئیسلام هەتاکوو ڕۆژگاری ئەمڕۆش لەباوەڕو پیرۆزییەکانی کۆنی مرۆڤی کورداماوە، ئێستاش لە کوردستاندا کەسانێک هەن کەسوێند بەرووناکی یان ڕۆشنایی دەخۆن کە بەلایانەوە سەرچاوەیەکی پیرۆزە لە ناوچەی مەنگۆڕایەتی لەدەوروبەری مەهاباد کەسانێک کەسوێند بەڕووباری پڕ هاژەو خرۆش دەخۆن لە ناوچەکەدا، دیارە ئەوانە ڕەگوریشەیان لەباوەڕو ئایینە کۆنەکان و ئەفسانەکانی ناوچەکەوە هێناوەو دەریدەخەن ڕێزو پیرۆزێتی ئاوو توخمەکانی تری لێوەیان نزیکن.
ئەگەر بەوردی سەرنج لەهەڵکۆڵینی شاخەکە بدەین، دەتوانین بڵێین ئەم پاشماوەیە پسپۆڕێتیەکەی بەشێوەیەکی گشتی پەیوەستە بەڕێوڕەسمی مەزەبی و گابەردەکەی بەرانبەرەیشی ئێستا جادەی مەهاباد بەنێوانیاندا دەڕووات پەیوەستە بەشوێنی شاردنەوەی لێپرسراوانی پەرستگاکە، لێرەدا دوو جۆر ڕێوڕەسمی مەزەبی ئەنجادراون، یەکەمیان لەفەزای ئازاددا ئەنجامدراوە، ئەوی دیکە بەگۆرە هەڵکۆڵراوەکە دیارە کە لەدڵی بەردەکەدا دەرهێنراوە، بەڵام بەڵگەکان دەری دەخەن سنووردارێتی ئەم شوێنەوارە بەزۆری و بەکردە لەئەنجامی ڕاکێشانی جادەی قیرتاو بووە، کە بەشێک لەپاشماوەی شوێنەوارەکە لەناوچووە، بەڵام ڕنینی دیواری خۆراوای دەستی چەپ هەتاکوو ئێستاش پاشماوەکەی بەرچاو دەکەوێت.
پێدەچێت شوێنی شاردنەوەی مردوو بووبێت
ئەو چەند پلیکانە شێوە بازنەییانەش کە بەچەندین ڕیز دەوری بیناکەیان داوە لەشوێنی سووتاندنی ئاگرەکەدان، واتە سەنتەری بیناکە پلیکانە زەبرەکانیش هاوشێوەنین کە ژمارەیان بەمەزندە85 پلیکانەن و لە3 لاوە دەوری تەپەی ناوبراویا داوە، کە پێدەچێت تەپەکە شوێنی شاردنەوەی مردو بوو بێت، لە بەشی باشووری تەپەکەدا دەڕوانێت بەسەر گوندی (وسوکەند) کونێک هەیە، بەقووڵی75سم هەڵکۆڵراوەو کۆتاییەکەی دەگاتەوە بەژوورێک لەناو تەپەکەدا، لەوانەیە ئەو کونە شوێنی تایبەت بەدەروازەی ئەسڵی ئەو بینایە بووبێت کە ئێستا بەگڵ داپۆشراوەو پڕ بووەتەوە، لەوێشەوە بەڕێرەوێک دەگەیتەوە بەکونێک کەپاشماوەی ئاگر و ڕەشی بەدیوارو بنمیچەکەیەوە دیارە، وادیارە لەو ڕێرەوەدا ژوورێک هەبوو بێت کە بەڕێژەیەک گەورە بووە و بەکارهێنراوە بۆ ئامادەکردنی خۆراک، لێرەش بەدواوە دەگەیتەوە بەڕێرەوەێکی تری دەرکەوتووی نوێ کە دەتگەیەنێت بەژمارەیەک ژووری ترو شوێنی نادیاری پەرستگای ئاگرەکە، لەوێشەوە ڕێرەوەکە بەردەوامی هەیە و دەڕوات لەدیواری باشووری تەپەکەشدا دیمەنی کەناڵێکی ئاو دیارەو چووەتە ناو تەپەکەوە، وادیارە ئەم تەپەیە ئاوی بۆ ڕاکێشراوە ئەوەش بەهۆی ئاوی گوندی کارێزە بووە، کە بەشی باشووری خۆراوای پاشماوەکەی گرتووە وە گەیشتووە بەتەپەکە، لە بەشی خۆرهەڵاتی کەناڵی ئاوەکەدا ڕێزێک بەردی تر بەرچاو دەکەون، کە بووەتە بەشێک لەبەردە کونتەو درێژ بووتەوەو دەگاتەوە بەناو ڕووبارەکە بەگۆشەیەکی45نمرە، هەروەها بەلای هاوتەریب دەبێتەوە، لەگەڵ جادە بەردینەکەدا کەبەشێکی تێکچووە پێدەچێت ئەو ڕیزە بەردە پاشماوەی دیوارەکانی قەڵاکە بێت یان بۆ پاراستنی شارەکە شوورەیەک بێت دانرابێت دووریش نییە پاشماوەی بەنداوێکی کۆن بێت، کە لە ڕۆژگاری دەسەڵاتی ماناییدا درووستکرابێت، بەمانای بیناکە پاشماوەیەکی پیرۆزو گرنگی بیناسازی مانایی بێت، لە شاری وێرانبووی درایوسادا بووە و ڕۆژگارەکەی گەورەترو شکۆدارتر کردووە، بەپێچەوانەی ئەمڕۆکە دەبینین وێرانەیەکە بیناکەش لەباشترین شوێنی شارەکەدایە کەبووەتە بەشێک لەبنەمای ڕەسەنی شوێنەکەو بەشەکانی تری دیارە لەژێر خاکەدا شاردراوەتەوە کە یەکتری تەواو دەکەن.
پیاوانی ئایینی لێپرسراوانی ئەم پەرستگایە، واتە پەرستگای ئاگر دانیشتووانی بەردەوامی ئەم شوێنە پیرۆزە ببوون، بەڵگەش بۆ ئەمە لەنزیکی ئەم بینایەدا بینای تر درووستکراون بۆ مانەوەی هەتاهەتاییان، هەموو ئەم بەڵگانە گومان دەرۆنین بۆ گەیشتن بەپایەو پلە کە لەناویانا بەمیرات بۆیان ماوەتەوە، پلەوپایەو وەرگرتنیش هەموو چینەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژگاری مانایی گرتۆتەوە.
بەردەوام شوێنێکی پیرۆز بووە
لەوانەیە پادشاکانی مانایی و دەرباریان و دانیشتووانی شارەکە و هیی شارەکانی تری ماننا ساڵانە هاتبن بۆ شوێنە دیاریکراوەکان یان مانگانە بۆ بەجێگەیاندنی ڕێوڕەسمی ئایینی و تەشەریفاتە تایبەتییەکان و پێشکەشکردنی دیاریەکان بەشوێنە پیرۆزەکە، کە بۆیان هێناون ئەم پەرستگایە لە ڕۆژگاری مادو هاخامەنشی تاوەکوو کۆتایی حکومەتی ساسانی پڕ شکۆداری پارێزراوەو بەردەوامیش شوێنێکی پیرۆز بووە و ماوەتەوە، پەرستگای بەردە کونتە لەبەهاری ساڵی1364 (1985) دوای کاری لێکۆڵینەوەو کنەو پشکنین تێیدا لەلایەن (بەهەمەنی کارگەر) بەپێی پێشنیازی ئیدارەی فەرهەنگی گشتی ئازەربایجانی خۆراوا، شوێنەوارەکە وەکوو پاشماوەیەکی شوێنەواری میللی ئێران تۆماکراوە.
ئەم پەرستگا کۆنە، بینازسایەکەی گرنگە و سنووردارە بەکەسی ئێرانییەوە، لەهەزارەی یەکەمی پ.ز ئومێدەوارین کنەوپشکین و لێکۆڵینەوەی زانستی شوێنەوارناسی لەئاییندەی نزیکدا تێیدا ئەنجامبدرێت و گۆشە تاریکەکانی و شوێنە نەناسراوەکانی ئەو پەرستگایەو کۆمەڵە بەردە گەورەکانی دەربکەون بۆ خزمەتی مێژووی کۆنی ناوچەکەو چمکە شاراوەکانی کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا مەزندە بۆی دەچین.
هەندێک ڕاو بۆچوون لەسەر پەرستگاکە
کەدێنیە سەرباسی پەرستگای بەردە کونتەی ناو شاروێران، لە باکووری شاری مەهاباد دەبێت ئەو بخەینە بەرچاومان کە پەرستگای ناوبراو بەشێکە لە مێژووی پاشماوەی شوێنەوارەکە (فەقرەقا) یان (فەخریکا) ش گوڕێکی هەڵکۆڵراوی بەردینە، لەهاوشێوەی قزقەبان و ئەو گۆڕانەی تری ناوچەی کرماشان، لەوانە دوکان دادو یان زین دانی زوحاکی ناوچەی هەورامانی خۆرماڵ ئەو گۆڕەو پەرستگایەش کە دەکەونە ناو شار وێران دەبنە چەند ئەڵقەیەک لەو زنجیرە گەورەیەی کە ناوی شاروێرانی لێنراوەو بەهەموویان بەڵگەن بۆ شارستانییەتێکی دێرین، ئێمە لەم ڕاو بۆچوونەماندا دەبێت ئاماژە بەوەبدەین کەشاروێران لە ڕۆژگاری خۆیدا ڕووەو خۆر پاشماوەکانی لەخانووبەرە درووستکراون، بەڵگەش بۆ ئەمە بەکەلاوە وێرانەکانییەوە دیارن لەوانە پەرستگاکەی دێت، لەم دیاردەیەدا ناوبراو هاوشێوەی شاری (حەزەر) یان (حەترا) ی شاری ڕۆژدێت، ئەمەش پەیوەستە بەدابونەریتی ئایینەکەو نموونەی ئەوەش پەرستگای ئاگری بەردە کونتەیەو پاشماوەکەی ساڵی 1985کاری و کنەوپشکنینی تێداکراوە لەئێستادا شارەکە لەبەر ئەوەی کاری کنەوپشکنینی بەرێگای زانستی تێدا نەکراوە، ناتوانی ڕاو بۆچوونی تەواو لەسەر پاشماوەکە بەگشتی بدەین، بەڵام بەپێی لەتەگۆزەو گڵێنەکانی کە بەڵگەن بۆ ئەو سەردەمانەی بەسەر شوێنەوارەکەدا تێپەڕیون بۆیە دەتوانین بڵێین:
1 هەموو ئەو لەتەگۆزەو گڵێنانەی لەسەر پاشماوەی شاروێران پەرستگای ئاگری بەرچاو دەکەون، ئەوە دەگەیەنن کە دانیشتووانی شوێنەوارەکە بەردەوام شارەکەیان لەدوا دوای چاخی هەشتەمی پ.ز ئاوەدان بوون، واتە لە سەردەمی مادەوە هەتاکوو دەگاتەوە بەسەردەمەکانی هاخامەنشنی و سلوکی و ئاشکانی و ساسانی کە دوا سەردەمەو لە ساڵی651 کۆتایی هاتووە کەبەدورینازانم لەلایەن ئەعرابەکانەوە کرابێتە شارێکی وێرانە.
2 شوێنی شارەکە کە ڕووی لەخۆرە پێوەی دیارە کە دانیشتووانەکەی خۆر پەرست بوون، بۆیە دەڵێن ئایینی خۆرپەرستی بەر لەئایینی زەردەشتی لەناو ماناییەکاندا بڵاوبووەتەوە، ئەمانە عەشرەتێک و حەوت عەشیرەتی دەوڵەتی مادیان پێکهێناوە، بەسەرۆکایەتی دیاکۆ مانایی بەڵگەی بەرچاویش بۆ ئەو بۆچوونە ئەو نەخشەو نیگارانەیە کە بەسەر لەتەگۆزەو گڵێنەکانەوە بەرچاو دەکەون، کە شێوەی چەپکە تیشکیان وەرگرتووە و بەنینۆک نەخشێراون و ئەمەش ڕاستی ئایینکەو سەردەمەکە بەرجەستە دەکات.
3 پێدەچێت بەپێی پاشماوە شوێنەوارەیەکەی شاروێران و قەڵاتی زێویەی ناوچەی سەقزو قەڵایچەی بۆکان سەرەتای شارستانییەتی شارنشیانی مادەکان لە ناوچە گوندنشینەکانەوە دەستپێکردبێت و دواتر بەرەو شار درووستکردن هەنگاویان نابێت، سەرچاوەکانیش باس لەوەدەکەن کە دیاکۆ یان دێوسپی هەروەکوو لەوەو بەر ئاماژەماندا، بەردی بناغەی بۆ دەوڵەتی ماد دانابێت، واتە دەسەڵاتیان لە ناوچەی گوندشنیی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی لەوێوە بەرەو درووستکردنی شار گەیشت و بەپایتەخت هەروەکوو لەئەکبەتانە یان هەگمەتاندا بەرچاو دەکەوێت شار وێرانیش دەچێتە ناوچوارچێوەی سنووری دەسەڵاتیانەوە، کە پێدەچێت ڕۆڵی کاریگەریی گێڕابێت لە ماوەی دەسەڵاتیاندا.
4 لەڕووی ئایینییەوە پەرستگای ئاگری بەردەکونتە پێدەچێت، بۆهەمان دەسەڵاتی پادشای ناوبراو بگەڕێتەوە، کە بەڵگەی ئەوەمان پێدەدات خۆر پەرست بوون، دیارە ئایینی زەردەشتیش دواتر لەناو هاخامەنشییەکاندا بڵاوبووەتەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین پەرستگای ناوبراو مێژووەکەی لەپاشماوەکەی شار وێران و فەقرەقا جیانابێتەوە، کە بەڵگەن بۆ دەسەڵاتی مانایی لە سەردەمی دیاکۆدا کە سەرجۆنی ئاشووری (722-705) گروتوویەتی و بەدیلیەتی بردوویەتی بۆ حەما لەسووریا، بەڵام دواتر گێڕاویەتەوە بۆ دەسەڵات.
5 ماناییەکان ئاگریان نەپەرستووە، بەڵکوو یەزدانی بوون کە خۆرپەرست بوون، بەڵام ئاگر لایان بەچاوی خۆرچوێنراوە، بۆیە پیرۆزی ئاگرەکە لەخۆرەکەدا بەرجەستە بووە، ئەعرابەکانیش هەموو ئەوانەیان بەئاگر پەرست ناوبردووەو ناوی زەندیق یان لێناون، ئەمە ناولێنانێکی هەڵەیەو دوورە لەراستیەوە کە پێویستی بەراستکردنەوە هەیە.
سەرچاوە
گۆڤاری مەهاباد بەشی فارسی،
ژمارە 151 ساڵی1392 (2013) ل58-59