سەرچاوەکانی وزە لە کوردستان زۆرن، بە تێکرایی بریتین لە سامان و کانزا بنزەوییەکان. بەڵام ئەوانەی کە تا ئێستا بەکاردەهێندرێن بەشێوەیەکی سەرەکی نەوت و گازن و بەشێکی کەمیش کەڵک لە کانزا دۆزراوەکان وەردەگیرێت.
سامانی نەوت و غاز:
کوردستان سامانێکی زۆری هەیە لە نەوت و گاز. بە پێوانەی پسپۆران نەوتی بنزەوی (یەدەگی) کوردستانی بە 45 ملیارد بۆشکە (نزیکەی 7.2 × 109 م3) مەزەندە دەکرێت، بەمەش کوردستان بە شەشەمین ووڵات لە یەدەگی نەوتی لە جیهان دادەندرێت. دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی 2007 دەستی پێکرد، لەدوای ئەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو خاک و زەوییانەی کە ڕژێمی بەعسی عێراقی ڕابووردوو لە کوردی داگیر و زەوت کردبوون، لەشارەکانی کەرکووک و موسڵ، گەڕاندەوە سەر هەرێمی کوردستان.
لە ناوەڕاست 2007 حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە کۆمپانیا بیانییەکان کرد بۆ وەبەرهینان لە 40 کێڵگەی نەوتی نوێ، بە هیوای زیاترکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە ناوچەکانی هەرێم لە چەند ساڵانی داهاتوو بۆ پێنج توانای بەرهەمهێنانی ئێستا، کە نزیکەی یەک ملیۆن پۆشکە لە ڕۆژێک (160.000 م3).
لە کۆتایی 2011 کۆمپانیای ئەکسۆن بەرەنگاری حکومەتی ناوەندی عێراق بووەوە، بەوەی کە چەند ڕێککەوتنێکی مۆر کرد لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەڕان بەدوای نەوت و گاز له شەش کێڵگە لە کوردستان. یەکێک لەو ڕێککەوتنانە گەڕان بوو بە دوای نەوت و گاز لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژهەڵاتی کەرکووک، که زۆرترین نەوت و گازی تێدایە. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە حکومەتی فێدرالی هەرەشەی لێبکات بە هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنەکانی سەبارەت بە کێڵگەکانی خوارووی عێراق، کە گەورەترینیان پرۆژەی ڕۆژئاوای گورنە بوو. لە وەڵامدا کۆمپانیای ئێکسۆن خۆکێشانەوەی خۆی لەم پرۆژەوە بڵاوکردەوە و تواناکانی خۆی بۆ ڕێککەوتنەکانی لەکەڵ کوردستان بەگەڕخست.
لەپاڵ نەوت کوردستان سامانی بنزەوی گازیشی زۆرە، کە ڕێژەکەی ئەو گازەی کە لەگەڵ نەوتە زۆرتره لە 2.800 م3 (100 × 1012 پای سێجا). ئەو کۆمپانیایانەی کە ئێستا لە کوردستاندا کاردەکەن لە بووارەکانی گەڕان و دەرهێنانی نەوت و گاز بریتین لە کۆمپانیای ئیکسون مۆبیل، تۆتال، شێفرۆن، تاليسمان ووزە، گاز پرۆمی ڕوسی، گێنەل ووزە، هەنت ئۆيل، گۆلف کيستون بترۆلیۆم، ماراسۆن ئۆيل و دانا غاز.
سامانی کانزاکان:
ناوچەکانی کوردستان چەندەها کانزای جۆراوجۆری بنزەویان تێدایە. ئەمانە هەتا ئێستا، بە بەراورد لەگەڵ نەوت و غاز، بایەخێکی زۆریان پێنەدراوە و بۆیە بەدوایدا نەگەڕاون. ئەم کانزایانه، ئەوەندەی تا ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا دۆزرابێتنەوە، بریتین بەشێوەیەکی سەرەکی لە بەردی گۆگرد، کە گەورەترین سەرچاوەی ئەم کانزایە لە جیهاندا کەوتۆتە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر. بە شێوەیەکی کەمیش، بە بەراورد لەگەڵ گۆگرد، لە کوردستاندا خەڵووز، ئاسن، مس، زێڕ، بەردی کاڵس (کە بۆ درووستکردنی چیمەنتۆ بەکاردێت)، مەرمەڕ و زینک هەن.