تیمێکی زانکۆی لیۆن ـی فەرەنسی بە هاوکاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی کارکردنی وەرزی سێیەمی خۆیان ڕاگەیاند و ئەوەیان خستەڕوو، کە زۆر شتیان بۆ دەرکەوتووە، لەوانە بەپێی لێکۆڵینەوەکە گردی شەمامک شارێکی کۆن و زۆر گرنگ بووە لە ئیمپراتۆریەتی ئاشووری ناوەڕاست.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئەوەش خرایەڕوو " ئەو گردە پایتەختی ئیمپراتۆریەتی ئاشوری بووە، بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لە وەرزی سێیەمی کارکردندا ئەنجامدراون، دەردەکەوێت مێژووی ئەم گردە بۆ1400 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، هەر لەوێدا پاشماوەی شاریکی کۆن دۆزراوەتەوە، کە مێژووەکەی بۆ 300 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە".
لەمیانی لێکۆڵینەوەی ئەو تیمانەدا کۆمەڵێک پارچەو پاشماوەی بیناسازی دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانیەکان، 10 پارچەی بەرد و12 خشت دۆزراوەتە، لەگەڵ10 پارچە کەلوپەلی جوانکاریی ئافرەتان، وەک ملوانکە و بازن، هەروەها 8 گۆزەی بچووک دۆزراوەتەوە کە لەسەر شێوەی ئاژەڵ درووستکراوە.
پێش ئەوەی لێکۆڵینەوەی تێدا بکرێت، لە ڕێگەی مانگی دەستکردەوە دەرکەوتووە کە ئەو شوێنە (گردی شەمامک) ناوچەیەکی شوێنەوارییە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە تێیدا.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئۆلڤەر دواوۆڵت، سەرۆکی تیمی زانکۆی لیۆنی فەرەنسی، گووتی: "کوردستان شوێنەواری زۆر مێژوویی تێدایە، کە دەتوانین بڵێین مرۆڤایەتی لەوێوە دەستیپێکردووە، ناوچەی زۆر کۆنی تێدایە کە خزمەت بە مێژووی مرۆڤایەتی دەکات نەک تەنها کوردستان".
دواوۆڵت داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، زۆر گرنگی بە ناوچە شوێنەوارییەکان بدات، بۆ ئەوەی ئەو ناوچە شوێنەوارییانە چیدیکە نەفەوتێن و گوتی "گرنگی مێژوویی خۆیان هەیە".
بەپێی ئامارێکی سەرەتایی زیاتر لە 1500 شوێنەواری مێژوویی لە پارێزگای هەولێر هەن، ئەم شوێنەوارانە مێژووی جیاوازیان هەیە، کۆنترینیان بۆ 7000 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، کە دەکەوێتە گردی پێنج حەسارۆک و ئێستا تیمێکی یۆنانی کاری تێدا دەکەن.