بەرپرسێکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لەحکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، بەر لەئاماری شەڕەکەی دوێنێی نێوان هێزی پێشمەرگه و چەکدارانی تیرۆرستی داعش، تائێستا زیاتر لە 250 چەکداری کورد کە لەناو ڕیزەکانی داعشدا لەسوریا و عیراق شەڕیان کردوە، لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە یاخود بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکان یاخود بەتۆمەتی خیانەت لەلایەن خودی ئه و ڕێکخراوە تیرۆرستیەوە کوژراون.
مەریوان نەقشبەندی بەڕێوەبەری پەیوەندیەکان لەوەزارەتی ئەوقاف لەلێدوانێدا بۆ خەندان ئاماژەی بەوەکرد، لەماوەی دوو بۆ سێ ساڵی ڕابردودا نزیکەی 500 چەکداری کورد لەناو ڕیزەکانی داعشدا هەبوون، بەڵام لەئێستادا ئه و ژمارەیە بۆ 100 چەکدار کەمی کردوە.
نەقشبەندی وتیشی، لەماوەی ڕابردودا نزیکەی 100 چەکداری کوردی ناو داعش لەڕیزەکانی ئه و ڕێکخراوە تیرۆرستیە هەڵاتون و گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان و خۆیان ڕادەستی هێزە ئەمنیەکان کردوە.
ئه و بەرپرسەی وەزارەتی ئەوقاف زیاتر دواو وتی، هەندێک له و چەکدارانەی تریش بەره و وڵاتانی باکوری ئەفریقا وەک میسرو تونس و لیبیا هەڵاتون تا لەوێوە بەره و وڵاتانی خۆرئاوا بڕۆن.
مەریوان نەقشبەندی ئەوەشی ڕونکردەوە، لەئێستا ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش هیچ متمانەیەکی بە چەکدارانی کوردی ناو ڕیزەکانی نەماوه و بەجۆرێک ئه و چەکدارە کوردانە هیچ بەرپرسیارێتیەکیان پێنادرێت و لەهەریەکەیەکی سەربازیدا تەنها دوو چەکداری کورد دادەنرێت بۆ ئەوەی هیچ پەیوەندیەکیان پێکەوە نەبێت و بتوانن چاودێریان بکەن.
- 01-10-2015