ناونیشانی پەرتووک: مێژووی کورد لەدیدی ڕۆژهەڵاتناسی بریتانیدا 1900 - 1950
ناوی نووسەر: #سامان حوسێن ئەحمەد#
چاپخانە: ڕۆمان.
ئەم پەڕتووکە گەشتێکی گرنگ و بەسوودە بە (ڕۆژهەڵاتناسی) و مێژووی کۆنی کورددا، تا دەگاتە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم و لە چوار بەش پێکهاتووە، ئەمە بێجگە لەوەی هەر بەشەی بەسەر چەند تەوەرەیەکدا دابەشکراوە. لە پێشەکی پەڕتووکەکەدا نووسەر ئەوەی خستووەتەڕوو کە “ڕۆژهەڵاتناسى، پڕۆسەیەکی فیکری-مەعریفییە کە تێیدا ڕۆژاواییەکان هەوڵی ناسینی ڕۆژهەڵات دەدەن و لە سەرجەم لایەنە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی دەکۆڵنەوە و بەشێکی دانەبڕاویشە لە ململانێ و پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا.”
لە بەشێکی دیکەی پێشەکییەکەدا ئەوەش دەخاتەڕوو کە “بەریتانیاش بەو پێیەی کە یەکێک بووە لەو وڵاتە ئەورووپاییانەی هەر لە سەرەتای سەردەمە نوێیەکانەوە پێگە ئابووری و سیاسییەکەی لە بەهێزبووندا بووە و بەرژەوەندییەکانی بەرەو ناوچەکانی ڕۆژهەڵات چوون و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو ناوچانەدا لە فراوانبووندا بوون، وای کردووە پێویستی بە ناسینی ڕۆژهەڵات بێت، هەر بۆیە شوێنێکی دیاری لە پڕۆسەی ڕۆژهەڵاتناسیدا هەبووە”.
بێگومان بەشێکی پڕۆسەی ڕۆژهەڵاتناسی پەیوەندی بە تێگەیشتنەوە بووە لەم کولتوور و بیرکردنەوەی ئەو نەتەوانەی کە لە ڕۆژهەڵاتدا ژیاون، چونکە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژاواییەوە داگیرکراوە و زۆرجار ڕۆژهەڵاتناسەکان ڕێبەر و چاوساخی دەوڵەتە داگیرکەرەکان بوون. لەم پەڕتووکەدا ئەم لایەنانە بەوردی ڕوون کراوە و هەوڵ دراوە دیوە ڕاستەقینە و تاڕادەیەکی زۆر مەوزوعیەکەی کارکردنی ڕۆژهەڵاتناسان بخرێتەڕوو.
گرنگی خوێندنەوەی پەڕتووکی لەم شێوەیە کە ڕێی توێژنەوەی وردەوە ئاشنامان دەکات بە دیدی ڕۆژهەڵاتناسان لەسەر کۆمەڵگەکەی خۆمان گەلێک بایەخدارە بەو پێیەی دەبێتە دەروازەیەک بۆ ئاشنابوونەوەمان بە کوردبوون و ئەو پێگەیەی تێیدا وەستاوین. پەڕتووکەکە بەگشتی زۆر لایەنی مێژوویی گرنگی لە خۆگرتووە، کە لەم نووسینەدا دەرفەتی باسکردنی نابێت، بەڵام لێرەدا تەنیا ویستم ئەوە بخەمەڕوو کە خوێندنەوەی ئەم پەڕتووکە پێویستییەکە بۆ هەموو ئەو خوێنەرانەی دەیانەوێت بە ڕۆڵی ڕۆژهەڵاتناسە بەریتانییەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم ئاشنا بن.