ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتی مانگانەی هەناردەکردنی نەوت بۆ مانگی ئەیلولی 2015 بڵاودەکاتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە حکومەتی هەرێم بڕی 18،614،798 بەرمیل نەوتی خاوی (واتە تێکڕا 600،463 بەرمیلی ڕۆژانە)ی لە مانگی ئەیلولدا لە ڕێی بۆری نەوتی کوردستانەوە بۆ بەندەری جیهان لە تورکیا هەناردە کردووە.
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە لەم بڕە کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان بە 13،898،548 بەرمیل (واتە تێکڕا بە 448،340 بەرمیلی ڕۆژانە) بەشداریان کردووە و ئەو کێڵگانەشی کە لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە بەڕێوە دەبرێن بە 4،715،794 بەرمیل (واتە تێکڕا بە 152،122 بەرمیلی ڕۆژانە) بەشداریان کردووە.
حکومەتی هەرێم دەڵێت: بەهۆی چەند بارودۆخێکەوە کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندایە، لە مانگی ئەیلولدا هێڵی بۆری هەناردەکردن بۆ ماوی 2 ڕۆژ لەکارکەوتووە.
لە ئەیلولدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە لە زیادکردنی فرۆشتنی ڕاستەوخۆی نەوتی خۆی لە بەندەری جیهان بۆ قەرەبووکردنەوەی هەرێم بەرامبەر کەمی دابینکردنی بودجە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە لە بەغدا.
لەکۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانیدا لە حکومەتی فیدراڵی عێراق لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ هەموو کێشە هەڵواسراوەکانی پەیوەست بە نەوت و غازەوە، لەم بارەیەوە حکومەتی هەرێم دەرفەتێک دەبێنێت بۆ بەرەوپێشچوونێکی باش لە گفتوگۆکانی داهاتوودا لەسەر بودجەی فیدراڵی ساڵی 2016.