جەماوەری خۆڕاگری کوردستان...
ماوەیەکە بارودۆخی کوردستان بە قۆناغیکی هەستیاردا تیدەپەڕێت و چەندین کێشە و قەیران بەرۆکی کوردستانی گرتووە و مەترسی گەورە لە سەر ئەزمونی گەلەکەمان هەیە و پێشمەرگە قارەمانەکانیش سەرەڕای بوونی قەیرانەکان، هێشتا لە سەنگەری بەرگریدان، هاوکات هاوڵاتیان و فەرمانبەرانیش بەدۆخیکی قورسدا ژیان دە گوزەرێنن.
حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان کە سەرقاڵی بەرگرییکردنە لە خاکی پیرۆزی کوردستان لە دژی تیرۆرستانی داعش، پشتگیری لە ئازادی ڕادەربڕینی هاوڵاتیانی کوردستان دەکات، مافی خۆیانە داوای ژیانێکی شایستە و ئارام بکەن و سەربەرزانە بژین بەڕێگای مەدەنی و دوورلە توندوتیژی و تێکدانی ئارامی و ئاسایشی کومەڵگای کوردستان و نەهێڵن داوا و مافە ڕەواکانیان بەئاراستەیەکی تردا بڕوات و گرژی و توندوتیژی و سوتاندنی بارەگای حکومی و حزبی و ماڵ و موڵکی گشتی کێشەکان چارەسەرناکات. بۆیە ماڵ ویرانی بەدوای خۆیدا دێنێت و میللەت باجەکەی دەدات هاوڵاتیان دەبنە قوربانی، وەک بینیمان لە ڕووداوەکانی ئەم چەند ڕۆژەدا.
ئەرکی پێنج حزبەکەی دەسەڵاتە بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن و کێشە و داواکاری هاوڵاتیان تیکەڵ بە ململانێکانی خۆیان نەکەن کە ماوەیەکی زۆرە جەماوەریان سەرقاڵکردووە بەخۆیانەوە و بۆ ساتێکیش بیریان لە کەموکوڕی و کێشەی هاوڵاتیان نەکردووەتەوە و نەهێڵن ئەم گرژیانە تەشەنە بکات و کاردانەوەی لێبکەوێتەوە و و شتی تر بەدوای خۆیدا بهێنێت لە ناوچەکانی تری کوردستان.
داوا لە گشت لایەک دەکەین هێمنی و ئارامی بپارێزن و دامودەزگاکانی حکومەتیش پێویستە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و یاسا سەروەر بێت .
حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان
09-10-2015