ئێمەی کورد، مێژوو و ئەزموونمان پڕە لە قوربانی و شەهید..
گیان لەدەست دان و شەهیدبوونی گەنجی ئەم وڵاتە ئازاری گەورەترین ئێشە، کە بە ویژدانی نەتەوەیی و سیاسی و مێژوویمان دەگات..
بەداخەوەلێکەوتەکانیپشدەرجارێکیترخەمبارودڵشکاویکردینەوە.
هەر دوێنێ لەو شارەدا هاوکات بە شەهیدبوونی هاوڵاتیان، پێشمەرگەیەکی دەڤەری پشدەر لە سەنگەری جەنگی دژ بەداعش و تیرۆردا شەهیدبوو.. هەر هەمان ڕۆژ تەرمی گەنجێکی تری شەهیدی پشدەری، لە ڕێگای کۆچی هات و نەهاتەوە گەیشتەوە قەڵادزێ..
چەند شەهیدێک لە سێ حاڵەتی جیادا، لە نێو شار و لە سەنگەری بەرگری ولە سنوورەکانی نێوان تورکیا و بەلقاندا لە یەک کاتدا، ئەوەمان پێدەڵێت : ئێمە دەبێت لەم ساتەدا (زەبتی نەفسی) خۆمان بکەین، هەرچیمان کردبێت حیکمەتی عەقڵ و مەنتیق لەدەست نەدەین. دەنا توانای چارەسەری کێشەکانمان دوورتر دەبێت لەوەی بەداخەوە لێکەوتەکانی پشدەر جارێکی تر خەمبار و دڵشکاوی کردینەوە.
چاوەڕوان دەکرێت ..
لەگەڵ ئەوەدا کە خۆپیشاندان وەک دەربڕینی بیروڕا مافی ڕەوای هەموو کەسێکە، بەڵام بێمەرجیەکانی مانای ئەوە نیە شێوازی ئەو دەربڕینە خوێن ڕژان و ماڵ وێرانی لێبکەوێتەوە..
خوێنی هەر گەنجێکی ئەم نیشتمانە، ژیانی هەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە و بەهای هەر ئینسانێک، مەزنتر و لەپێشترە لە هەر بیروڕا و بۆچوونێکی ئەم دنیایە..
تکایە با توڕەیی زاڵ نەبێت بەسەر بیروڕا و ماف و شێوازی داواکاریەکانماندا.. گەڕانەوەمان بۆ دیاردەی بارەگا سوتاندن و هەڵکوتانە سەر بارەگا، دەمانباتەوە بۆ ئەو سەردەمەی لە ڕابردووماندا جێمان هێشتووە، نە ئەوکاتە و نە ئێستاش چارەسەری قەیرانەکانمان ناکات..
تکایە بە توڕەیی زاڵ نەبێت بەسەرماندا، چونکە شکاندنی هەر گڵۆپێک، تێکدان هەر جادەیەک، هەڵکەندنی هەر درەختێک شکاندن و تێکدان و هەڵکەنەندنە لەماڵ و حاڵی خۆماندا..
لەگەڵ ئەوەدا کە پێویستمان بە چاککاری و پێداچوونەوەی خێرا و بنەڕەتی هەیە بۆ سیاسەتی ئابووری و ئیداری هەرێمەکەمان، هاوکات پێویستمان بە بەشداری هێمنانەی فرەڕا و فرەلایەنەیە..
بڕیاری زاڵ و هێزی زاڵ و بیروڕای زاڵ، چارەسەری کێشە و قەیرانەکان ناکات ..
بۆیە لەم کاتە قورس و سەختەدا لەهەموو شتێک زیاتر پێویستمان بە کۆتایی هێنانی عەقڵیەتی زاڵ و خۆسەپاندنی خۆمان هەیە.. گەڕانەوەمان بۆ حیکمەتی عەقڵ و مەنتیق و قبوڵکردنی بیروڕای یەکتر باشترین ڕێگای چارەسەری کێشە و قەیرانەکانمانە ..
د. ئاسۆ فەرەیدون
پارێزگاری سلێمانی
10-10-2015