بە توندی ئیدانەی ئەو کارە تیرۆرستییە دەکەین کە ئەمڕۆ گردبوونەوەیەکی ڕێکخراوەکانی لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا کردە ئامانج و لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر لە بەشداربووان، گیانیان لە دەست دا و بریندار بوون کە خۆیان بۆ چالاکییەکی مەدەنی لەپێناو ئاشتیدا ئامادە دەکرد. پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکار و گەل و حکومەتی تورکیا دەکەین و هیوای زووچاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.
دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشە تیرۆرستیانە لە کاتێکدا نیشانەیەکی ڕوونی فراوانبوونی مەترسیی تیرۆرە کە ڕووبەرێکی گەورەی لە ناوچەکە گرتووەتەوە، لە هەمان کاتدا بەڵگەیەی دیکەیە بۆ ئەوەی کە ناوچەکە بەتایبەتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی، دەبێ بە گیان و ئیرادەیەکی بەهێزترەوە ڕووبەڕووی تیرۆر و تیرۆرستان ببنە و لەپێناو سەرکەوتن بەسەر تیرۆرستاندا و بۆ نەهێشتنی تیرۆر، هاوکاری و هەماهەنگییەکی گەورەتر بکەن.
هیوادارین ئەنجامدەرانی ئەم کارە تیرۆرستییە ئاشکرا و دەسگیر بکرێن و لەبەردەم دادگا و یاسادا بە سزای خۆیان بگەن، هەروەها هیواخوازین ئەم تاوانە نەبێتە هۆی دروستبوونی تەنگوچەڵەمە لەبەردەم پرۆسەی دیموکراسی و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی تورکیادا.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
10-10-2015