راگەیێندراوی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
بۆ ڕای گشتی
هاووڵاتیانی خۆشەویست و خۆڕاگری کوردستان...
ئاگادارن کە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا زنجیرە کارێکی تێکدەرانە بەرامبەر هەندێ لە بارەگاکانی پارتیمان، پارتی دیموکراتی کوردستان، لە سنوری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان لەژێر ناوی خۆپیشاندانی جەماوەری، ئەنجامدرا، کە لەڕاستیدا خۆپیشاندانەکان خۆڕسک نەبوون، بەڵکو پێشوەختە پلان بۆداڕێژراوبوون بۆ تێکدانی بارودۆخ و پەلاماردانی بارەگاکانمان، لەکاتێکدا پارتیمان بەهەموو هێز و تواناوە خەریکی بەرگریکردنە لە کوردستان لە بەرامبەر تیرۆرستانی داعش.
ئێمە نەوشیروان مستەفا و دارودەستەکەی بە بەرپرسیاری یەکەمی ئەو کارە تێکدەرانە و ئاڵۆزی دروستکردنە دەزانین و وەڵامی گونجاومان دەبێت و بەدڵنیاییەوە دەبێت پیلانگێڕان باجی ئەم دەستدرێژیانەیان بدەن.
لەهەمان کاتدا دامودەزگاکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە کەمتەرخەم دەزانین لەپاراستنی بارەگاکانمان لە کاتێکدا ئۆرگانەکانی پارتیمان بەهیچ شێوەیەک بەرپرس نەبوون و نین لەهەبوونی کەموکوڕی و کەمی خزمەتگوزاری لەو ناوچانەدا، چونکە دیارە کە بەرپرسیاریەتی ئیداری و خزمەتگوزاری ئەو دەڤەرە لەئەستۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و گۆڕان _دایە، هەروەکو چۆن دەزگاکانی ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان و ئیدارەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەو ناوچانە بەبەرپرسیار دەزانین لە پاراستنی بارەگاکانی دیکەمان و سەروماڵی ئەندام و کادیران و جەماوەری پارتیمان.
هاووڵاتیانی بەڕێز و خۆشەویست.
تاکوئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان دانی بەخۆداگرتووە و هێمنی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی پاراستووە، ئەویش لەبەر بەرژەوەندی باڵای گەلەکەمان و، هیچ هەنگاوێکیشی نەناوە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم پیلان و دەستدرێژییە ناڕەوایانە، بەڵام ئیمڕۆش تاوەکو ئەم ساتەش نەوشیروان و تاقمەکەی هەر سورن لەسەر جێبەجێکردنی پیلانەکەیان، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان بەحەقی ڕەوای خۆی دەزانێت هەرهەنگاوێک بنێ کە بەگونجاوی بزانێ بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم ئاژاوەگێڕی و پیلانە تێکدارانە. پارتی وەک هەنگاوی یەکەم خۆی بە ئازاد دەزانێ لە ڕێککەوتنەکانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و بەشداری تاقمی نەوشیروان تیایاندا.
جەماوەری خۆڕاگری کوردستان...
پارتی دیموکراتی کوردستان باوەڕی بەتینە بەسەرکەوتنی گەلەکەمان بەسەر دوژمنانی جۆراوجۆری مافە ڕەواکانی و چارەسەری ئەو کێشە و قەیرانانەی ڕوبەڕوی دەبێتەوە، لێرەدا داوا لە ئەندام و کادیران و جەماوەری تێکۆشەری پارتیمان دەکەین کە هیچ پەرچەکردارێک نیشان نەدەن و هێمنی شارو شارۆچکەکان بپارێزن و، وەکو هەمیشە بەرپرسیارانە لەگەڵ بارودۆخەکە ڕەفتاربکەن، سەرکەوتن بۆ گەلەکەمانە.
بژی کورد بژی کوردستان...
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
10-10-2015