لەهەوڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پەکخستنی دامودەزگا شەرعیەکانی پەرلەمان و حکومەت و تێکدانی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ 11-10-2015، مەکتەبی سیاسی پارتی لەرێگای نوێنەرەکانیان لە حکومەت و پەرلەمان، سەرۆکی پەرلەمان و تیمی وەزاری بزوتنەوەی گۆڕانیان ئاگادارکردۆتەوە لەوەی نەچنەوە سەرکار و ئەکەکانیان و هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان جێبهێڵن، بەهۆیەوە کاروباری پەرلەمان و حکومەت پەکبخەن.
ئێمە پێشتر خەڵکی هەرێمی کوردستانمان لە هەڵە یەک لەدوای یەکەکانی پارتی ئاگادارکردۆتەوە و ئێستاش ڕونیدەکەینەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حزبێکی سیاسی ئەم هەرێمی کوردستانە، هیچ مافێکی یاسایی و سیاسی نیە تەجاوزی دەزگا قانونی و شەرعیەکانی هەرێمی کوردستان بکات و لەجیاتی یاسا بەرکارەکان و پەیڕەوی ناوخۆ لەهەرێمی کوردستاندا بڕیاری ناجۆر بەئارەزوی تاقم و دەستەیەک بەسەر خەڵکی هەرێمی کوردستاندا بسەپێنبێت.
ئێمە ڕای گشتی میللەتەکەمان و دۆست و پشتیوانەکانمان لە عێراق و نێوەندە نێودەوڵەتیەکان لەم سەرپێچیانە ئاگادار دەکەینەوە و پێیان دەڵێین مەکتەبی سیاسی پارتی بە چ مەنتقێکی سیاسی و یاسایی خۆیان دەخنە جێگای دەزگا تەشریعی و قەزائی و تەنفیزییەکانی هەرێمی کوردستان و لەجێگای ئەوان بڕیار دەدەن.
بزوتنەوەی گۆڕان
11-10-2015