رێکخەری ڕێکخراوی UPPی ئیتاڵی ڕایدەگەیەنێت، نزیکەی 700 حاڵەتی بەشوودانی منداڵانی کچ و بە زۆر بەشوودانمان لە کەمپەکانی هەرێم تۆمارکردووە.
رۆژی 11ی تشرینی یەکەمی 2015، لە شاری هەولێر هەردوو ڕێکخراوی UPPی ئیتاڵی بەهەماهەنگی کۆمیسیۆنی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان UNHCR لە شاری هەولێر کۆنفڕانسێکیان لە ڕۆژی جیهانی منداڵانی کچ لەسەر بە شوودانی کچ لە تەمەنی منداڵی و بە زۆر بە شوودان ئەنجامدا.
ئاژانسی ئەنادۆڵ لە زاری ڕێکخەری ڕێکخراوی UPPی ئیتاڵی ئیلیسیا پیڤا بڵاوی کردۆتەوە کە، "ئەو هەڵمەتەیان بەهاوکاری UNHCR و چەند ڕێکخراوێکی دیکە دەستپێکردووە کە مەبەست لێی هۆشیارکردنەوەی ئاوارە و پەنابەرانە لە مەترسییەکانی بە زۆر بەشوودان یان بەشوودانی منداڵانی کچ کە زیانی زۆری هەیە".
ئیلیسیا پیڤا ڕاشیگەیاندووە: "هەڵمەتەکەمان مەبەست لێی پاراستنی ئاوارەکانە بەتایبەت لەوەی نە پێشوەختە نە بەزۆری کچ بە شوو بدەن، ڕێکخراوەکەی ئێمە ڕێکخراوێکی خۆبەخشە کار لەسەر مافەکانی مرۆڤ دەکات لەو وڵاتانەی کە کێشەیان هەیە بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی جیاکاری".
روونیشیکردوەتەوە: "لەرێگەی حکوومەتە خۆجێییەکانەوە و لەگەڵ ڕێکخراوی UNHCR کار بۆ یارمەتیدان و پاراستنی ئەو منداڵە کچانە دەکەین و ئەمڕۆ زیاتر پاراستنی ئەو کەسانە دەکەین بۆ ئەوەی سبەینێیان بۆ مسۆگەر بکەین".
- 12-10-2015