نووسینی: فەخرەدین تاهیر
یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی کە بەزمانی کوردی دەرچوو، ڕۆژنامەی کوردستان (1898-1902)ی میر میقداد مدحت عالی بەدرخان بوو، کە ژمارەی یەکی لە شاری قاهیرەی میسر لێ بڵاوکرایەوە، کەئەمە بەدەستپێکی دیرۆکی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە تاراوگە و بە نهێنی دەناسرێت. بە واتایەکی دیکە دیرۆکی ڕۆژنامەگەریی کوردی مێژووێکی دێرینی خۆی هەیە و تا ئێستاکەش بەردەوامی بەم مێژووە پر لەسەروەرییە داوە و درێژەی هەیە.
بزاڤی ڕۆژنامەگەریی کوردی بە چەند قۆناخێکی گرنگی مێژووییەوە تێپەڕیوە و دەیان و بگرە سەدان سەربازی ون لەم نێوەندەدا تێکۆشاون تا بزاڤەکەیان بە ئەمرۆی سەردەم گەیاندوە و دەیان و سەدان کادیری ڕۆژنامەنووسی پرۆفیشینێلی کوردی پێگەیاندوە و ڕۆژ دوای ڕۆژیش ئەم مێژووە گەشەوەیە وەک خوێندنگەیەکی مۆدێرنی لێهاتووە و بەبەردەوامی کادیری باشتر و باشتر پێڕادەگەیێنێت.
لەم (25- 30) ساڵەی دێرۆکی ڕۆژنامەگەریی کوردیماندا بە هەوڵو ماندووبوونی هەندێک لە ڕۆشنبیرانی کورد بەگشتی و خوێندکارانی بە تایبەتی لە تاراوگەدا گەشەسەندێکی بێ وێنە لە هەندێک لە وڵاتانەی خوێندکارانمان بۆ خوێندن ڕوویان تێکردبوو دەبیندرێت.
ئەوی شایەنی گوتنە لە بیست ساڵەی کۆتایی سەدەی ڕابردووماندا ئەو خوێندکارانەی ڕوویان لە هەندێک لەو وڵاتانی سەر بە ئۆردووگەی سۆسیالیستی جاران بوون کردبوو، لە ڕێگەی ڕێکخراوی خوێندکارانەوە کە بریتی بوون لە چەند لقێکی خوێندکاری کەوتنە خۆ ڕێکخستن و دەرکردنی هەندێک بڵاڤۆکی خۆیان ئەم قۆناخە دەتوانین ببێژین: تا نێوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو درێژەی هەبوو، بەڵام لەدەستپێکی نۆوەدەکانی سەدەی ڕابردوو بەگشتی و ڕێکتر دەتوانین ببێژین دوای هەڵوەشاندنەوەی ئۆردووگەی سۆسیالیستی کە خۆی لە یەکێتی سۆڤیەت دەبینیەوە، ڕەوشێکی تازە تر هاتە ئاراوە و لە ڕێگەی گروپی گچکە و حزبی سیاسی کوردی و کوردستانی کە نوێنەرەکانیان وەک خوێندکار لەو وڵاتانە هەبوون دەستیان کرد بە دەرکردنی گۆڤار و ڕۆژنامە، یەکێک لەو وڵاتە هەرە گرنگانە ڕووسیای فیدراڵی ئەمرۆ بوو.
ئەوی جێگەی گوتنە حزبی کوردی و کوردستانی بەگشتی و هەردوو حزبی سەرەکی (یەکێتی و پارتی) باشووری کوردستان کە خوێندکارانیان لە ڕووسیای فیدراڵی هەبوو لە کۆتایی ساڵی نۆوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لە ژێر کاری بێلاینەی ڕۆژنامەوانی دەستیان بەدەرکردنی ڕۆژنامە وگۆڤار کرد. ئەوی ڕاستی بێ مەبەستمان هەر ئێستاکە لەم نووسینەمەندا ئاوڕێک لە ڕۆژنامەی نۆڤی کوردستان واتە کوردستانی نوێ کە بەزمانی ڕووسی بۆ یەکەمین جار لە شاری سانکت پیترسبوورگ دەستی بەدەرچوونی خۆی کرد بدەینەوە.
ڕۆژنامەی نۆڤی کوردستان بە زمانی ڕووسی بیرۆکەی دەرکردنی ئەم ڕۆژنامەیە لەلایەن خوێندکاری بەشی ڕۆژنامەوانی کۆلیژی ڕۆژنامەوانی زانکۆی شاری سانکت پیترسبوورگ (مغدید سەپان و شۆرش خالید سەعید)بوو.
ئەم دوو بەرێزە هەر بەوەندە نەوەستان بەڵکو هەردوو هاوژینی خۆشیان کە ڕووسی زمان بوون خستە نێو کاری ڕۆژنامەنووسی کوردی بەزمانی ڕووسییەوە.
رۆژنامەی نۆڤی کوردستان یەکەمین ژمارەی لە شاری سانکت پیترسبوورگ/ لینینگرادی جاران بڵاوکرایەوە ولەم دەرفەتەدا وای بەباشی دەزانم کە هەنووکە خوێندنەوەیەک بۆ ژمارەی یەکەمی ڕۆژنامەی نۆڤی کوردستان بکەم، بۆیەش دەلێم ژمارەی یەکەم چونکە مخابن هەموو ژمارەکانم لە بەردەست دا نییە و لەبەر هەندێ ژمارەی یەکەم وەک سەرەتای دەرچوونی ڕۆژنامەی نۆڤی کوردستان کە بەبزاڤی دەستپێکی ڕۆژنامەگەریی کوردی بەزمانی ڕووسی دەناسرێت، کە ئەو بزاڤەی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی تاراوگەوە بەگشتی و ڕۆژنامەگەریی کوردی باشووری کوردستان لە ڕووسیای فیدراڵ بەتایبەتی هەیە بکەین.
نۆڤی کوردستان ژمارە: 1 مانگ: یەکی حوزیران، ساڵ: 1997، شوێن: شاری سانکت پیترسبوورگ.
رۆژنامەی نۆڤی کوردستان کە چوار لاپەڕەیە و قەوارەکەی وەک کوردستانی نوێی کە ئەمڕۆ لە شار سلێمانی دەردەچێت هەمان قەوارەیە.
لە لاپەڕەی یەکەمدا بەم شێوەیە دەخوێنینەوە:
لەسەری هەر سەرەوەی ڵاپەڕەکەدا بە خەتێکی ڕەشی تۆخ و بەگەورەیی کە ڵاپەڕەکەی لە دەستی چەپەوە بۆ دەستە ڕاستی ناوی ڕۆژنامەکەی گرتووە، هەر لە دەستە چەپیدا لەسەر پیتی نوون بەزمانی ئینگلیزی نووسراوە: NEW KURDISTAN و لە دەستە ڕاستیشیدا لەسەر پیتی نوون بە ئەلفوبێی لاتینی نووسراوە:KURDISTANI NIWE.
لەدەستە چەپدا و لەژێر وشەی نۆڤی نووسراوە : مانگانەیەکی بێلایەنە. هەر لە کۆتایی وشەی نۆڤی مانگ و ساڵی دەرچوونی نووسراوە. لەژێر ناوی کوردستان نەخشەی کوردستانی مەزن بە ڕەنگی ڕەشی کاڵ نەخشێندراوە و لەدەستە ڕاستی ڵاپەڕەکەدا و لەبن پیتی نوون نووسراوە: ژمارە 1.
لە دەستە چەپی ڕۆژنامەکە بەناوی دەستەی نووسەرانیەوە ستوونێک بە پێنووسی مغدید سەپان نووسراوە و لە تەنیشت ئەم ستوونەدا وتارێک بۆ یادی 22 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە پێنووسی شۆرش خالید سەعید و وێنەیەکی سەرۆک مام جەلال تالەبانی بە کامیرای هیوا کاردۆخی چاپ و بڵاوکراوەتەوە و پاشماوەی ئەم وتارە لە ڵاپەڕە 3 دایە.
ئەوی جێگەی باسە هەر لەڵاپەڕە یەکدا لە دەستە ڕاستی لەسەرەوە نووسراوە:
لەم ژمارەیەدا دەتوانیت ئەم بابەتانە بخوێنیتەوە :
مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە باشووری کوردستان- ل 2.
هەڤپەیڤینێک لەگەڵ یەکەمین ژنە کوردی خودان بڕوانامەی دکتۆرای زانستی – ل2.
20 ملیون مین لە کوردستان – ل 3.
ڕاپرسێک لە شەقامەکانی سانکت پیترسبوورگ دا- ل 4.
ڕانانی چاپەمەنی نوێ،، هەڵبژاردن و ئامادەکردنی یولیا سەعید – ل 4.
هەر لە ڵاپەڕەی یەکەمدا لە خواری هەر خوارەوەدا مانشێتێک بەسەر دێری : پانۆرامای هەواڵەکان بەر چاو دەکەون و پاشماوەکەشی لە ڵاپەڕە 2 و 4 دایە.
لە ڵاپەڕە 2 دا ئەم بابەتانە دەخوێنینەوە :
بەسەر دێری : ناتوانن کتێبەکانی خۆیان چاپ بکەن، هەڤپەیڤێنێکە لەلایەن مغدید سەپان لەگەڵ زارا یوسوپۆڤا سازدراوە. هەر لە ژێر ئەم هەڤپەیڤینەدا پاشماوەی بەشێکی پانۆرامای هەواڵەکان بڵاوکراونەتەوە.
بابەتێک بەسەرناوی : ڕووداوەکانی میللەتێکی زوڵم لێکراو، پوختەیەکی کورتی مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە باشووری کوردستاندا، بەپێنووسی موەفەق ئەحـمەد (مەبەست لە دکتۆر موەفەق دەرگەلییە) نووسراوە.
لە ڵاپەڕە سێیەمدا سێ بابەت دەخوێنینەوە و لەمانە :
20 ملیون مین لە کوردستانی عیراقدا، لەلایەن هیوا کاردۆخی و شۆرش خالید سەعید نووسراون.
ڕوونی لە ئاوازەکانی سەما و کەسێکی بزێو دا، بەپێنووسی تاتیانا ئالێکسێڤا نووسراوە.
لە ژێری ژێرەوەی ئەم ڵاپەڕەیەدا پاشماوەی وتاری یادی 22 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
لەڵاپەڕەی چوارەمدا ئەم بابەتانە بەرچاو دەکەون و لەمانە :
لە دەستە چەپی ئەم ڵاپەڕەیەدا، بەستوونێکی درێژ لەسەرەوە بۆ خوارەوە
راپرسێک لە شێوەی هەڤپەیڤین لەگەڵ خوێندکارانی ڕووس کە هەر هەموویان کچە خوێندکارن سازدراوە.کەدەستپێک بەم شێوەیە دەست پێدەکا و بۆ هەر ژمارەیەک دەربارەی هەر کێشەیەک پرسیارێک دەورووژێنین و پرسیارەکەی ئـەمجارەشمان ئەوەیە: ئایە هیچ زانیاریێکتان دەربارەی کورد هەیە..؟
ئانا بولکینا کچە خوێندکاری تەمەن 20 ساڵە، بەڵێ دەزانم، بەڵام زۆر بەکەمی.
ئێلینا میزیۆکۆڤا کچە خوێندکاری تەمەن 19 ساڵە، بەشەرمەوە، هیچ دەربارەیان نازانم.
ئێلینا سیدۆر کچە خوێندکاری تەمەن 26 ساڵە، بەڵێ، من دەزانم و جێگەی شانازییە میللەتێک عاشقی ئازادی بێ و هەموویان بجەنگن لە پێناوی سەربەخۆیی کوردستاندا.
ئیرینا ڕۆمانچەڤا کچە خوێندکاری تەمەن 24 ساڵە، بەلێ من دەزانم کە ئەوان تێدەکۆشن لە پێناوی ئازادیدا، کە ژیانیان لەو پەڕی ناخۆشی و دژواری دایە لە تورکیا دا.
ئۆڵگا میرنۆڤا کچە خوێندکاری تەمەن 24 ساڵە، بەڵێ من دەزانم، لە ڕێگەی ڕاپۆرتەکانی ڕۆژنامە و تەلەڤزیۆندا.
هەر لەڵاپەڕەی چوارەم و لە دەستی ڕاستدا ڕانانی چەند کتێبێکی کوردی کە لە هەڵبژاردن و ئامادەکردنی یولیا سەعیدە ئەنجامدراوە کە بەم شێوەیە :
جوگرافیای کوردستان لە نووسینی دکتۆر عەبدوڵڵا غەفور و بەدوو ستوونی کورت ڕانانی بۆ کردوە.
بیبلۆگرافیای کوردەلۆژی لە نووسینی ژاکلین موسالیان کە بە دوو بەش لە شاری سانکت پیترسبوورگ چاپکراوە، بە ستوونێکی کورت ڕانانی ئەم دوو بەشەی کردوە.
هەر لەم ڵاپەڕەشدا قەسیدەیەکی مەلای جزیری بەسەرناوی:
(پێش دروست بوونی دونیا) کە لە دیوانی مەلای جزیری وەرگیراوە و
دوبارە چاپ و بڵاوکراوەتەوە وئەم دیوانەش لە زمانی کوردییەوە بۆ
زمانی ڕووسی لەلایەن دکتۆر کەریمی ئەیوبی تەرجەمە کراوەو لەشاری
سانکت پیترسبوورگ چاپکراوە.
هەر لەم ڵاپەرەیدا پیرۆزبایێک بە بۆنەی ڕۆژی شاری سانکت پیترسبوورگ
دەخوێنینەوە کە نووسراوە : هەموو ساڵێک لە 27 ی مانگی پێنجدا ڕۆژی
شارە، ئێـمە لە دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی نۆڤی کوردستان
پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی تەواوی خەڵکی شاری سانکت پیترسبوورک
دەکەین و ژیانێکی خۆش و کامەران و ئارامیان بۆ دەخوازین.
هەر لە ژێر ئەم پیرۆزباییەدا نووسراوە: ڕۆژنامەکەمان لە نووسینگەی
کۆمپیوتەری کۆلیژی ڕۆژنامەوانی زانکۆی سانکت پیترسبوورگ نووسراوە
تەوە و دیزانی بۆ کراوە.
دواتر پاشماوەی پانۆرامای هەواڵەکان هەر لەم ڵاپەرەیەدا بڵاوکراوەتەوە.
لە خواری هەر خوارەوەدا ناوی دەستەی نووسەران بەم شێوەیە
نووسراوە :
· سەرنووسەر : مغدید سەپان
· جێگری سەرنووسەر : یولیا سەعید
لە ژێرەوە ئەدرێس و ژمارەی مۆڵەتی ڕۆژنامەکە بڵاوکراوەتەوە و وێڕای
تیراژی ئەم ژمارەیە کە (1000) هەزار دانەی لێ چاپکراوە.
ئەوی جێگەی گوتنە ساڵی پار کە بەسەردانێک لە هەولێری پایتەخت بووم،
لە ئاخاوتنێکی سەرپێیدا دکتۆر مەغدید سەپان پێی ڕاگەیاندم: کە تا ئەو لە
شاری سانکت پیترسبوورگ بووە، (18) ژمارەی ڕۆژنامەی نۆڤی کوردستان
یان چاپ و بڵاوکردۆتەوە و دوای تەواو کردنی خوێندنی دکتۆراکەی
گەڕانەوە بۆ سوید و دواتر بۆ کوردستان دەستی لەسەر نووسەری ڕۆژنامە
کە کێشاوەتەوە و شۆڕش خالید سەعید و هاوژینی یولیا سەعید شوێنی
ڕۆژنامەکەیان گواستۆتەوە شاری مۆسکۆ بۆ لە چاپدان و بڵاوکردنەوەی
لەوێ بەردەوامیان بەدەرچوونی بە ڕۆژنامەکە داوە.
بەگوێرەی زانیاری و ڕاپرسی خۆم دوا ژمارەی ئەم ڕۆژنامە ژمارە (1-2)
کە هەمووی بەسەر یەکەوە (48- 47)ە لەمانگی کانوونی دووەم و شوباتی
ساڵی 2003 دوا ژمارەی بووە لە مۆسکۆ چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
ئەم ڕۆژنامەیەش وەک دەیان و سەدان چاپەمەنی دیکەی کوردی
بەبێدەنگی مۆمی تەمەنی کوژاوەتەوە.
هەڵبەتە بۆ ئەم هەلومەرجە و ئەو شوێنە گرنگەی ئەو دەمەی کەئەم
ڕۆژنامەیەی لێ دەرچووە، گرنگ و بایەخی زۆری خۆی هەبووە.
مخابن کۆکردنەوەی چاپەمەنییە کوردییەکانی دەرەوەی کوردستان
کارێکی ئەوەندە ئاسان نییە و ئەوانەی بەم کارانەش ڕابوونە کاتێ داوای
هاریکاریان لێ دەکەی کە هاوکارت بن بۆ بەدەستخستنی هەموو ژمارەکان
ئامادەی هاوکاری کردنت بۆ پڕۆژەیەکی وا نابن.
بەندەش هەموو ژمارەکانی ئەم ڕۆژنامەیەم لەبەر دەستدا نییە، هەربۆیە
هەر وەک سیمبۆڵێک و بەسەرکردنەوەی ڕۆژنامەیەکی ئا لەم جۆرەدا
کە بەزمانی ڕووسی بە ناوەڕۆک کوردی بۆ خوێنەرانی کە بایەخ بەم
تەوەرە دەدەن بخەمە ڕوو و خوازیارم لە ئایندەدا ئەگەر هاوکاری بکرێم
بۆ وەدەستخستنی هەموو ژمارەکانی ئەم ڕۆژنامەیە ئەو دەمە هەوڵدەدەم
زێدەتری لەسەر بنووسم.
رۆژنامەی نۆڤی کوردستان لەماوەی ساڵێک و نیودا لەشاری سانکت
پیترسبوورگ (18) ژمارەی لێ بڵاوکراوەتەوە و دوای گواستنەوەی بۆ
شاری مۆسکۆ لەوێش نزیکەی چوار ساڵ و نیو درێژەی بە دەرچوونی خۆی
داوە و لە نێوان ساڵانی (1997- 2003)و لەماوەی (6) ساڵەی تەمەنیدا
هەمووی بەسەریەکەوە کە دوا ژمارەی بەجووت (47-48)بوو دەرچووە و
دوای ئەم ژمارەیە ڕۆژنامەی نۆڤی کوردستان هیچ ژمارەی دیکەی،لێ بڵاونەبۆتەوە و کۆتایی بە دەرچوونی هاتووە.