لە ساڵی 985ی پاش زاییندا باد دۆستەک دەوڵەتی مەروانیی دامەزراند و مەییافەرقین (سلیڤان) یشی کردە پایتەخت بۆ خۆی. سنووری دەوڵەتی مەروانی لە ماوەیەکی زۆر کەمدا فراوان کرا و تاکوو هەرێمی نسێبین، جەزیرە، مەعدەن، ئامەد، ڕەحا، بەدلیس و مەلازگریی گرتەوە.
ئەو پاشایانەی کورد کە دوای دۆستەک هاتن، دەوڵەتی مەروانییان بەباشی و خۆشی ڕاگرت، بەتایبەتی لە سەردەمی پاشایەتیی ئەحمەد مەروان (ناسرلدەولە) دا، خەڵک بە ئازادی و سەرفەرازی دەژیا. لە دەوڵەتی مەروانیدا شارستانێتی و هونەر زۆر پێش کەوتن. پەیکەری مەییافەرقین و ئامەد دیاربەکری سەرلەنوێ درووست کرایەوە. گەلێک مزگەوت و کاروانسەرا و پرد درووست کران. لە کۆشکی پاشایانی کورددا مۆسیقا، سەما و هەڵپەڕکێ پەرەی سەند و کاری هونەری پێش کەوت و دەوڵەمەند بوو.
لە کاتی بوونی دەوڵەتی مەروانیدا، دەوڵەتی تورکە سەلجووقییەکانیش هەبوون، لە سەردەمی مەنسووری ناسرلدەولەدا، توغرولبەگ سوڵتانی سەلجووقییەکان بوو.
لە ساڵی 1043دا توغرولبەگ بە سەرۆکایەتیی توغا ئاسغلی 1000 سواری ناردە سەر مەییارفەرقین، بەڵام هێزی سەلجووقیی تورک بەرانبەر سوارچاکیی مەروانی خۆیانیان ڕانەگرت و پیس شکان و تاڵانیش کران، ئیتر لە دوای ئەوەوە تورک خۆی دوور ڕا دەگرت.
لە سەردەمی ناسرلدەولەدا دەوڵەتی مەروانی بەرەو کزی چوو و نیزامولمولکی سوڵتانی سەلجووقییەکان، بە هەلی زانی و هێزێکی سوارەی بە سەرکردایەتیی فەخرولدەولەی ناردە سەر مەروانیەکان. فەخرولدەولە لە نزیکی ئامەد لەشکری خۆی دوو بەشەوە، بەشێکیان بە سەرۆکایەتیی کوڕەکەی خۆی، زەعمیرولڕوئەسا، ناردە سەر ئامەد و خۆیشی لەگەڵ هێزەکەی تردا هێرشی کردە سەر وان کە پایتەخت بوو، ناسرولدەولە ناچار بەرەو جەزیرە هەڵات.
لە ساڵی 1086دا و دوای مەییارفەرقین و ئامەد، ئیتر دەوڵەتی مەروانی کەوتە ژێر دەستی تورکە سەلجووقییەکانەوە. لە ساڵی 1097دا دوایی بە دەسەڵاتی مەروانی هات. [1]