لە دەشتی بتوێنی سەر بەقەزای ڕانیە ئاسەواری بینایەکی گەورە و چەند کەلوپەلێکی مێژووی دۆزرایەوە، کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشوریەکان.
بارزان بایز، بەڕێوەبەری بەڕێوبەرایەتی شوێنەواری ڕاپەڕین بە خەندانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی تیمێکی شوێنەوارناسی لە زانکۆی کۆبنهاگنی دانیمارک هاتنە دەڤەرەکەمان ماوەی 3 ساڵە و بە چەند قۆناغێک و بە هەماهەنگی کاری پشکنینمان بۆ چەند ناوچەیەکمان ئەنجام داوە، لە ئەنجامدا لە (گردی باب و کوڕ)ی دەشتی بیتوێن، ئاسەواری بیانایەکی گەورەی مێژوویمان دۆزیوەتەوە".
وتیشی: "لە هەمان شوێندا چەندین کەلوپەلێکی بەکار هاتووی زۆر بەنرخ دۆزرانەتەوە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی (کاک کۆلسیک)ی سۆمەڕییەکان، واتا 3100 بۆ 4000 ساڵ پێش زاین، وەتا ئێستاش کاری پشکنین تێیدا بەردەوامە".
بەڕێوبەری شوێنەواری ڕاپەڕین ئاماژەی بەوەشکرد: "بەڕێوەبەرایەتیەکەمان لە ئێستادا لەگەڵ 3 تیمی شوێنەواری وڵاتانی بیانی و 1 تیمی فەرەنسی کەکاری ڕوپێوی کردنە، کار بۆ پشکنینی ناوچە شوێنەواریەکان دەکەین کە لە سنووری ئێمەدا زیاتر لە 300 شوێنەواری مێژووی بونیان هەیە، کە بەشێکیان لە سەر نەخشەی شوێنەواری عێراق ناویان تۆمار کراوە".
دەڤەری ڕاپەڕین یەکێکە لە دەڤەرە بەرفراوانەکانی باشوری کوردستان لە سنوری پارێزگای سلێمانی کە زیاتر لە 300 ناوچەی شوێنەواری بوونیان هەیە، کە تا ئێستا و بەشێکی زۆریان کاری پشکنینان و ڕووپێویان بۆ ئەنجام نەدراوە و نەخراونەتە سەر نەخشەی شوێنەواری کوردستان و عێراق.
- 24-10-2015