ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
لەبەرامبەر ناشتنی بەنهێنی تەرمی سنور و بێئاگاداری ڕێکخراوەکانی ژنان کە ئامادەکاری مەراسمێکی بەشکۆیان کردبوو، ناڕەزاییەکان زیاتردەبن.
ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان ناسراو بە (ڕەژاک) کە داوای لە دادگا و لایەنە بەرپرسەکان کردبوو مۆڵەتیان پێبدەن بەهەماهەنگی ڕێکخراوەکانی ژنان بە مەراسمیک سنور بنێژن، لەبەرامبەر ناشتنەکەی بەنهێنی ناڕەزایی نیشانداوە و لە بەیننامەیەکدا کە بۆ ڕۆژنیوز نێردراوە دەڵێن:" لە کەیسی سنوردا بۆ هەموو لایەک ڕاستی دۆخی ئێستای کۆمەڵکوژی و بێڕۆڵکردنی ژنان لەم هەرێمە لە پەیوەندی بە دامودەزگا و ڕێکخراوە بەناو ژنانیەکانەوە دەردەکەوێت".
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی ڕەژاک بەم شێوەیەیە:
گەرچی کوشتنی سنور درێژکراوەی کوشتنی دەیان هەزار ژنە کەلە ژێرسایەی حوکمرانی 24 ساڵی دەسەڵاتداری کوردیدا، بەڵام کوشتن و ناشتنی سنور هاوشێوەی دوعا و دونیا ڕاچەڵکەندنێکی لانی کەم لەنێو ژنان و ڕێکخراوەکان و ئازادیخوازان زیاتر دروستکرد، خەریک بوو ببێتە هەوێنێک بۆ نارەزایەتیەکی هاوبەشی بە کاریگەر تا سەنگ و قورساییەک بە ڕۆڵی ژن و ڕێکخراوەکان بداتەوە لەبەرامبەر ئەو عەقڵیەتە پیاوسالاریەی لە نێو دەسەڵاتەکانی هەرێم و کۆمەڵگا لە بەرامبەر ژنان زاڵە و بەمەش ڕێگریەک دروست کات هیچ نەبی ڕێ لە کوشتنی هەزاران سنوری تری ئەم وڵاتە بگرێت.
هەر لەم پێناوە ئێمە وەک ڕێکخراوی ژانانی ئازادی کوردستان (ڕەژاک) لە پاش بڵاوبونەوەی هەواڵی تیرۆری سنوری تەمەن 21 ساڵان بە ڕۆژی نیوەرۆ و لە پارکێکی گشتی و لە نزیک ئاسایشی سلێمانی، لە بەردەم دادگای سلێمانی گردبونەوەی نارەزاییمان ئەنجامدا و پاش بیستنی هەواڵی ئەوەی کە کەسوکارەکەی تەرمەکەشی وەرناگرنەوە. سەردانی نەخۆشخانە و بنکەی پۆلیسی پەیوەندیدار بەو کەیسە و دادگامان کرد، نەک تەنها جارێک بەڵکو بەبەردەوامی و ڕۆژانە سەردانی ئەو دامەزراوانەمان دەکرد بۆ ئەوەی تەرمی سنور بەبێکەسی و لەلایەن شارەوانی و لە گۆرستانی بێکەسان نە نێژرێت. بەڵکو لە مەراسیمێکی شایستەی بەرفراوندا و وەک نارەزایەتیکیش بەرامبەر کوشتنی ژنان بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراو و گرپ و دەستەکانی ژنان و ئازادیخوازان ئەسپەردەی بە خاک بکەین، کە ئەمەش دەبوو بە هێزێکی فشار بەرامبەر دەسەڵات و هەنگاوێک کە هێزێکی مەزنی دەدا بەو ڕێکخراوە خەمخۆرانەی دۆخی ئێستا ژنان. هەرچەندە بە هۆی پێداگریمان سەرجەملایەنە پەیوەندیدارەکان بەڵێنیان دا کە هاوکاربن لە ناشتنی تەرمەکە لەگەڵ شارەوانی، ئێمەش هەر لەو پێناوەدا پەیوەندیمان بە ڕێکخراو و گروپەکانی ژنان و تەنانەت دەزگای ڕاگەیاندن و ڕوناکبیری ژنانی یش کرد، بەڵام بەداخەوە کۆی دەسەڵاتەکانی بەرپرس لەم بابەتە بە تایبەت (دادگاو پۆلیس و شارەوانی) بە هاوکاری دەزگای ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری سەر بە یەکێتی ژنان بە بەرنامەیەکی هاوبەش بۆ شکست پێهێنانی هەوڵەکانمان بەشێوەی نهێنی تەرمی سنوریان شاردەوە.
ئێمە پێمانوایە لێرەدا و بەتایبەت لە کەیسی سنور بۆ هەموو لایەک ڕاستی دۆخی ئێستای ژنان و کۆمەڵکوژی و بێرۆڵکردنیان لەم هەرێمە لە سایەی زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری بەسەر دادگا و دەسەڵاتی جێبەجی کردن دەرکەوت، ئەوەی زیاتر بۆ ئێمە جێگای داخە بەشداری "دەزگای ڕووناکبیر ژنان" بوو لەو پلانەدا کە لەسەر ئاستی کۆمەڵگاش ڕق و کینە و بێمتمانەیی بەرامبەر بە هەوڵەکانی ژنان و نیشاندانی پەرتەوازەیی ڕیزەکانمانی زیاتر نیشاندا.
1- بۆیە ئێمە بە پێویستی دەزانین هەرچی زوە لەبارەی بە نهێنی شاردنەوەی تەرمی سنور بەشداری کردنیان ڕونکردنەوە بۆ ژنان و ڕای گشتی بدات.
2- کەیسی سنور گۆڕان و پیاداچونەوەیەک لە کاری ڕێکخراوەکان بەگشتی و بە تایبەت دیاریکردنی ستراتیژیەکی هاوبەشی ژنان بۆ ئەوەی بە هەموو ڕەنگەکانەوە کاری هاوبەش پێش بخەین یەک دەنگ و یەک ڕیز بین.
3- لیژنەیەکی هاوبەش لە ژنان هەموو ڕێکخراوەکان دروستکرێت بە پەلە کار بۆ دەسگیردنی بکوژی سنور بکرێت و بە ئاشکرا دادگایی بکرێت و پاشان لەسەر دەسگیرکردن و سزادانی بکوژەکانی تری ژنانیش کار بکرێت.
4- شوێنی شایستە بەپێی ستانداری وڵاتانی پێشکەوتوو بۆ پاراستنی ژنان دروستکرێت و لەلایەن لیژنەی بێلایەن و پسپۆر سەرپەرشتی بکرێت و ڕێگە نەدرێت هیچ ژنێکی هەرەشە لێکرا و بێ دڵنیا بوون لە پاراستنی بنێرێتە دەرەوە.
5- پێویستە ژنان دڵنیابن ئەم هێز و دەسەڵاتە ژنان ناپارێزی و پێویستە لە پێناو پاراستنی ژنان هێزی بەرگری و پاراستی ژن دورست بکرێت و بە ڕەسمی بناسرێت.
رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (رەژاک)