ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی 11ـی 2015 تەلەفزیۆنی کوردستاتنیوزی سەر بە ینک و نەورۆز تیڤی سەر بە پەکەکە، باسی ئەوەیان کردووە کە گوایە چەکدارانی یەپەژە و یەپەگەی سەر بە پەکەکە چوونەتە ناو شنگال.
لێرەدا بە هەموو لایەک ڕادەگەیێنین کە ئەم دەنگۆ و پڕۆپاگەندانە هیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە ڕاستی و ئامانج لێی کەمکردنی ڕۆڵی پێشمەرگە و نادیتەگرتنی قوربانیدانی گەلی کوردستانە بۆ ڕزگارکردنی دەڤەری شنگال.
پەکەکە کە هیچ ڕۆڵێکی لە ناوچەکەدا نییە و دەستکەوتیشی بۆ خەڵکی ئێزیدی و گەلی کوردستان نەبووە، لەڕێی بڵاوکردنەوەی پڕۆپاگەندەی بێ بنەما دەیەوێ دووبەرەکی لەنێو خوشک و برا ئێزیدییەکانمان دروست بکات.
پەکەکە دەمێکە بووەتە کۆسپ لەبەردەم ئازادکردنی شنگال و چاوەڕێ دەکەن پێشمەرگە پەلاماری دوژمن بدات و خوێن ببەخشێ ئەوانیش بێن و سەرکەوتنی پێشمەرگە بدزن و خۆیان بکەنە خاوەنی سەرکەوتنی پێشمەرگە. ئەگینا بۆ هەتا پێشمەرگە دەست بە ئۆپڕاسیۆن نەکات ئەوان لەشوێنی خۆیان بێدەنگن، ساڵێک زیاترە داعش شنگالی داگیرکردووە، ئەگەر پەکەکە ڕاست دەکات چاوەڕێی چییە؟ بۆ نەچوو شنگال ئازاد بکات؟ بۆچی هەتا پێشمەرگە هەڵمەت نەبات ئەوان دەنگیان نییە؟
ئەوەی ئێستا پەکەکە لەڕێی بڵاوکردنەوەی درۆ و پڕۆپاگەندەی بێ بنەما دەیکات سووکایەتیکردنە بە دامودەزگەی ڕەسمیی هەرێم و بە ئێزیدییەکان و سووکایەتیکردنە بە خوێنی شەهیدان و هێزی قارەمانی پێشمەرگە. هەموو لایەک چاک دەزانێ برینی خوشک و برا ئێزیدییەکانمان و بەو یارییە سیاسییە بێ بەهایەی پەکەکە و هاوشێوەکانی سارێژ ناکرێت.
هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەروەکچۆن ئابڵۆقەی چیای شنگالی شکاند و سێ ڕێگەی سەرەکی بۆ دەڤەری شنگال ئازاد کرد، ئێستایش پلانی خۆی هەیە و پشت بەخوا شنگال لە دەستی تیرۆریستان ئازاد دەکات و تەنیا پێشمەرگەیە دەتوانێ ئازادی و ئۆقرەیی و ئاساییش و دواڕۆژی گەش بۆ خوشک و برا ئێزیدییەکان مسۆگەر بکات.
بژی کوردستان، بژی پێشمەرگە، نەمری بۆ شەهیدەکانمان
سەرچاوەیەکی سەربازی لە فەرماندەیی پێشمەرگە لە شنگال
11-11-2015