سەردەمی باوکسالاری گوزەشت... ئێستا سەردەمی بابە سالارییە.
د. سابیر بۆکانی
باوک، کێ بوو.... بابە، کێیە؟
باوک.... لەهەژدە ساڵیدا ژنی هێناوە. شەش کوڕو پێنج کچی، هەیە، دایکی منداڵەکانیش، لەماڵەوە، بەبێ نەشتەرگەری، هەموو منداڵەکانی بووە.
بابە.... لەچل ساڵیدا ها...وسەرگیری کردووە، هاوسەرەکەشی دوو کچی بەنەشتەرگەری فەتحولبەطن، بووە.
باوک.... نەمناڵ، نەدراوسێ، بەبیجامەوە نەیدیبوو، دوای نوێژی بەیانی، بەپێ دەڕۆشتو بیست نانی گەرمو مەنجەڵێک ماستی کوردی دەهێنا.
بابە.... سەعات نۆ بە سێ چارەکێکەوە، بەسەیارە دەچێ بۆ سەمونخانەو شەش سەموونو خامەو پاکەتێکی پەنیری کیری، دەهێنێت.
باوک.... لەماڵەکەیدا خۆیدا، لەسەر دۆشەکی لۆکەو بە لێفەو سەرینی پەڕی خۆیەوە، نەبوایە، لەهیچ شوێنێکیتر، نەده مایەوەو خەوی لێنە دەکەوت.
بابە.... لەهەفتەیەکدا تەنها سێ شەو لەماڵی خۆیانە. لەسەر سیسەم دەنوێتو پشتی طوببی، بەکاردەهێنێتو بەردەوام شەقیقەی هەیەو سەری دەیەشێت.
باوک.... هەرچی لێبنرایە، دەیخواردو زیاتر حەزی لەساوەرو دۆ بوو، ناوبەناویش نیسکێنەی پێخۆش بوو.
بابە.... هەموو ئەو خواردنانە ناخوات کە بەپاشگری (ێنە) کۆتاییان دێت.
باوک.... کە لەبازاڕ دەهاتەوە، لانی کەم، سێ لەمنداڵەکانی، بەرەو پیری ڕایدەکردو شتەکانیان لێوەردەگرتو بەخێریان دەهێنایەوە.
بابە.... نوکە دەکا، لەدەرگا دەدا، هەربانگ دەکاتو کەس وەڵامی ناداتەوە. ناچار بەشەش عەلاگەکەی بەدەستەوەیە، خۆی لەسەرلا، دەرگای حەوشەی دەکاتەوە.
باوک.... دوای نیوەڕۆ، خۆی لەپێشەوەو کوڕە گەورەکەی، سەیارەکەی، بۆ لێدەخوڕێو دەچێ بۆ تەعزێی شێخ ئەنوەری کۆنەدراوسێیان.
بابە.... خێزانەکەی سەیارە، لێدەخوڕێو بابە خۆشی، کچە ساوەکەی؛ بەمەمە شیرەکەوە، لەباوەشدایەو، دەیبەن بۆ ماڵی خەزوری. لەوێشەوە خواحافیزی لەسازان خان (هاوڕێی خێزانەکەی) دەکەن کە وابڕیارە، دوانزەی مانگ بگەڕێتەوە بۆ هۆڵەندا، بۆ لای مێردو کچەکەی
بابە... سەرباری ئەو هەموو فیلمە ڕوعبەی دیوەیەتی، کەچی ناوێرێ سەیری پیرەمێردێکی مردوو بکات، لەڕێی سەر قەبرانیش بۆ دە دوانزە مەترێک دەچێتە ژێر دارەمەیتێکەوە، هەر زوو خۆی دەدزێتەوەو دەچێتە بن دارێکەوە،... حیلکە حیلک، پێدەکەنێت.
باوک... دەیان مردووی شتووەو چەندین جەنازەی بەدەستی خۆی ناشتووە، لەسەر قەبرانیش بەئەدەبەوەو دەوەستاو موراعاتی هەستی کەسوکاری مردووەکەی دەکرد.
بابە... بەپەرواز حسین سەرسامە، گوێ لەشاکارەکانی لۆکەو دەشنێ دەگرێت، حەزی لەشیروان عەبدوڵڵایەو ئاخیر صەوتی دەداتێ.
باوک... کە بەهێمنی گوێی لە عەلی ئەسغەر، تایەر تۆفیق دەگرت، دەیوت ڕەحمەت لەو دەنگەت، بەکاوێزئاغا دڵی پڕ ئەبوو، بەعەباسی کەمەندیش ئاسوودە دەبوو.
بابە... جنێو بەکێ نادات؛ خوا، دایک، خوشکو ژن، جنێوەکان ئەوەندە قێزەونە، ناکرێت لێرە بنوسرێن.
باوک... ئەمە جنێوەکانی بوو: نارەسەن، ناجسن، بێ حورمەت، بێ ماریفەت، بەپیاوی سووک یان زۆر ژنانیشی دەووت: قەححبە.
بابە... سیاسییە، چاودێری یاساییەو ڕەخنە لەهەموو دنیا دەگرێت، بەئەمریکا دەڵی: غەرب، بەئێران دەڵێ: توو شەرەف ئەوە وڵاتە، یان دەڵێ: عەرەب پیاوی تیا نییە.
باوک... کوردپەروەرێکی بێلایەن بوو، بەڵام ئەگەر ڕەخنەت لە شێخ محمود یان مەلا مستەفا بگرتایە، پێی دەوتی: ئەرێ تۆ سەلکی سیری؟ قنچکی پیازی؟ خۆ ئەگەر قسەی ناشیرینت پێبوتنایە، توڕە دەبوو دەیوت: دە گوو بخۆ... بڕۆ دوو کەلیمە سەعی بکە، هەی خوێڕڕی.