ئاسنگەری : ئاسنگەر هەر لە دوکانەکەیدا (کوورەی ئاگر)ی هەیە وەک تەنور ئاگری تێدا ئەکاتەوە بە خەڵوز یان خەڵوزی مەعدەنجۆشی ئەدات هەروەک تەنوری نان گوڵبێنەی هەیە کە ئەویش مووشەدەمەی لەسەرە. مووشەدەمەش بریتیە لە هەمانەیەکی کون بڕ دەسکێکی تەختەی پێوەیە شاگرد بەرزی ئەکاتەوە و نزمی ئەکاتەوە بەوە باوەشێنی خەڵوزی ناو کورەکەی پێ ئەکات و ئەیگەشێنێتەوە بەم جۆرە ئەو ئاسنەی ئەخرێتە ناو کورەکەوە سوور ئەبێتەوە وەک پشکۆی ئاگری لێدێت، ئینجا وەستاکە هەر بە مقاشێکی گەورەی ئاسن دەری ئەهێنێ و بە چەکوش پیا ئەکێشێ، چی بوێ لە ئاسنەکە دروستی ئەکات چونکە ئاسنەکە بەو سوور بوونەوەیە نەرم بۆتەوە. بەم جۆرە (دەمە بێڵ، دەمە خاکەناز، گاسنی جوت، پیکی بەرد شکاندن، سێپای سەر ئاگردان، چەکوش، داس، تۆراس، گوڵمێخ، دەمە تەور…)ی لێ دروست ئەکات.
جۆڵایی : جۆڵایی بە مەکینەی دروستکردنی قوماشی ئەمڕۆ دائەنرێ. کە بەو ئامێرە سەرەتاییانەیان ئەو بەرهەمە جوان و نازدارانەیان پێشکەش ئەکرد. دەزگای جۆڵایی بریتی بوو لەم شتانە: (نەوەرد، لایەر، دانە، گورد، چۆلەکە، لالە، پێ تەقە و پردەڵە). جۆڵایش بریتی بوو لە دروستکردنی جاجم، پۆپەشمین، بەرماڵ، شاڵی ڕانک و چۆغە و گەلێک شتی تریان بەرهەم ئەهێنا. هەندێک جاجمیان دروست ئەکرد لە شێوەی چوار گۆشە یان درێژ کۆلە لە دەزوی لۆکە یا خوری ئەوەندە سفت و ڕێک و پێک و جوان، سیمیان تێکەڵ ئەکرد ڕەنگاو ڕەنگ، مەگەر مەکینە بتوانێ بەو شێوەیە دروستی بکات. جاجم و پۆپەشمین و پیشەی جۆڵایی وردە وردە ڕووەو نەمان ئەچن.
موتابچیەتی : موتابچی ئەو کەسەیە کە مووی بزنی لە ئیشەکەیدا بەکارئەهێنا و (گوریس و قەیاسە و خەرار)یان لێ دروست ئەکرد لەو خەرارەش (تورەکەی ئالیکی وڵاخ و کۆپان و خەرار بۆ توتن داگرتن) کە لەلایەن قەتارچیەوە ئەو فەردە توتنانە ئەگوێزرانەوە. ئامێرەکانی موتابچیەتی مەندەف ئامێری شیکردنەوە و گرێ لابردنی مووە کە ئەمیش یارمەتیدەری ئامێری چەرخە چونکە موو دەکات بە گڵۆڵەیەکی ئەوتۆ کەبە ئاسانی بڕێسرێ.
چەرخی موو ڕستن : ئەو ئامێرەیە کە موو ئەڕێسێ و ئەیکا بە (بەن).
خەڕەک : ئەو ئامێرەیە کە بەن هەڵدەکاتەوە سەر لوولە بۆ پۆی شاڵەکە ئەم پیشەیە زیاتر لە ناو (دیان)ەکاندا باوبوو.
کارگەچێتی : کارگەچی ئیشی بە خوری مەڕە دوای شتنەوەی خوریەکە و زۆر پاک بژار کردنی شی ئەکرێتەوە بۆ ئەوەی لەوسەرەوە (لباد)ی لێ دەربێنن فەرەنجی، سەروکڵاوی دژی باران، شەپقە، سدارە، پوزەوانە، کیفی تفەنگ، قەنەواچەی سەر شانی چاکەت، پەستەک، سەرزین بۆ ئەسپ، نەرمەزین دیسانەوە بۆ ئەسپ، کەپەنک بۆ شوان، کوڵەباڵ ئەمانە هەموو لە لبادی خوری مەڕ دروست ئەکران. کارگەچی لە ماڵی خۆیانا ئیشیان ئەکرد. زیاتر لە گەڕەکی چوارباخ،ئێستا ئەم پیشەیە و ناوەکەشی نەماون.
وەتراقچی : وەتراقچی ئەو کەسەیە کە شتی کۆنە ئەفرۆشێت. واتا (کۆنە فرۆش). (اوتراق وشەیەکی تورکییە واتای کاروان و برید) دێت وەتراقچی (فەرش و بەڕەی کۆن و لبادو جاجم و مەوج و پۆپەشمین و گوریس و خورجی پاشکۆی وڵاخ و هۆڕ و مەسینەی حەوت جۆش و گەلێک شتی تری لەم بابەتەی ئەفرۆشت.
چەخماخسازی : وشەیەکی سەردەمی عوسمانیەکانە. چەخماخساز ئەو کەسە بوو کە چەکیان چاک ئەکردەوە بە تایبەتی تفەنگ و تاپڕو دەمانچە. بەڵام ئەوانەی سلێمانی هێندە بەتوانا بوون ئەو شتانەیان دروست ئەکرد جگە لە ساچمەزەنی ڕاو، فیشەک، مقاشی زەرد، قفڵی لوولە، ئەڵقەڕێز و دوولای دەرگا، شەکرشکێن، کلیل و کڵۆم و کەوچک و…زۆر شتی تر. لای خۆمان حەمە ساڵح بەگی ئەجەخان و لە ڕەواندز (وەستا ڕەجەب کە تۆپ و گولە تۆپی دروست ئەکرد و ئێستاش ئەو لوولە تۆپانە لە بەغداد لە (مۆزەخانەی سەربازی) ماون و هەڵگیراون. ئیدمۆندز لەم بارەیەوە نوسیویەتی پێش جەنگی جیهانی یەکەم شاری سلێمانی بە مانیفاکتۆرەی چەک (چەخماخسازی) ناوی دەرکردبوو، چەخماخسازەکانی سلێمانی بەشێکی گەورەی پێداویستیەکانی هەردوو کوردستانی عێراق و ئێرانیان دابین ئەکرد. مارک سایکس ساڵی 1902 کە سەردانی سلێمانی کردووە زیاتر لە 150 دوکانی چەخماخسازی تۆمارکردوە کە بەرهەمەکانیان لەڕوی چۆنایەتییەوە ئاستێکی باشیان هەبووە.
شیرگەری : شیرگەر ئەو کەسە بوو کە خەنجەری دروست ئەکرد. ناوەکەشی لە (شیر واتا شمشێر)ەوە هاتووە تا کۆتایی سییەکانی سەدەی ڕابردووش خەنجەر کردن بە بەر پشتێنی جلی کوردیوە باو بوو. خەنجەر چەند جۆرێکی هەبوو (دەبان لە هەمووی باشتر و بەناوبانگ تر بوو) (خەنجەری خۆراسان و خەنجەری قەزوین و خەنجەری شینە تیغ).
مسگەری : لای ئێمە بە هەڵە ناوی مسگەریان لەو کەسانە نابوو کە حاجەتیان سپی ئەکردەوە بەڵام ڕاستیەکەی مسگەر ئەو کەسەیە کە کەل و پەل لە مس دروست ئەکات، ئەو کەل و پەلانەش وەک (مەنجەڵ، سینی، تەشت، مەسینە، لەگەن، یەغنیکێش، دەوری، تاوە، کەوگیر، جام، تاسی حەمام و گەلێک شتی تر) کە هەموو لە مس دروست ئەکران.
خومچێتی : خوم وشەیەکی فارسیە لە کوپە یان مەرکانەی گەورەدا ڕەنگیان تیا ئەگرتەوە. خومخانەش ئەو شوێنە بوو کە قوماش و خام و بلوری و شاڵ و کڵافە بەن و جارجار خوری تیا ڕەنگ ئەکرا.
زین و کۆپان : زین لە پشتی وڵاخ (ماین و ئەسپ) ئەنرا بۆ ئەوەی خاوەنەکەی بتوانێ سواری بێ هەروەها لغاوو ڕەشمە ئەمانە هەموو بۆ وڵاخ بوون کۆپانیش بۆ سەر پشتی گوێدرێژ.