نووسینی: هەندرێن هەورامی
(قەڵای سکرەی مێژوویکە لە سەردەمی ئەیوبیەکاندا دروستکراوە و شوێنێکی گەشتیاری چیاکەیە)
دۆسیەیەک لە سەر ڕزگارکردنی چییای قەزوان یان عەبدولعەزیز و گرنگی ئەو چییایە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان
دوایین جار شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە چییای پان و پۆر و بەرزری قەزوان یان عەبدولعەزیزیان بە تەواوەتی لە چەکدارە فاشستەکانی داعش پاککردەوە.بە ڕزگارکردنی چیای قەزوانیش قۆناخێکی نوێی لە ڕۆژئاوای کوردستان دێتە ئاراوە.
ڕزگارکردنی چیاکە و دەروبەری لە چوارچێوەی هەڵمەتی شەهیدی فەرماندە (ڕوبار قامشلۆ)دا دێت کە تەنها ماوەی 5 ڕۆژە بەڕێوە دەچێت و بەهۆیەوە ڕووبەڕێکی بەرفروانی ڕۆژئاوای کانتۆنی جزیرە لە داعش پاککرایەوە.لە ڕزگارکردنی چییای قەزواندا داعش دەیان کوژرا و برینداری داوە و شەڕڤانانی کوردیش دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گرتووە.
هەڵمەتەکە شەوی ڕابردوو، لەسێ قۆڵەوە (تلتەمر ــ حەسەکە ــ سەرێکانی) دەستی پیکردەوە و بەربەیانی ئەمڕۆ شەڕڤانان لە هەرسێ قۆڵەوە گەیشنتە سەر چیای عەبدولعەزیز و ئێستا لەبەرزترین لوتکەی ئەو چیایەدان و چیایەکە بۆ کانتۆنی جزیرە و ڕۆژاوای کوردستان لە زۆر ڕووەوە خاوەن گرنگی مەزنە.
دەکەوێتە دووری 35 کیلۆمەتری ڕۆژئاوای شاری حەسەکە و 35 کیلۆمەتری باشوری ڕۆژئاوای شارۆچکەی تەلمرەوە و دەبێتە سنوری نێوان کانتۆنی جزیرە و پارێزگای ڕەقای وڵاتی سوریا و زاڵە بەسەر قوڵایی
خاکی سوریا و ئیدی شەڕڤانانی کورد باڵادەست دەبەن بە سەر بەشێکی زۆری پارێزگای ڕەقادا کە پایتەختەکەی داعشی لێیە.
چیای عەبدول عەزیز نزیکەی 85 کیلۆمەتر درێژە و نزیکەی 15 کیلۆمەتر پانتایەکەیەتی و ڕووبەرەکەی بە گشتی 85 هەزار هکتارە و لە چەندین بەرزایی و دۆڵ و هەوراز و نشێو پێکدێت.
بەرزترین لوتکەی چیاکەش مەرقەب عەلییە کە 920 مەتر بەرزە و دوای ئەویش ڕەجم بەرزانە کە 882 مەتر بەرزییەکەیەتی.
ناوی چیاکەش لە قەزوانەوە هاتووە و کە درەختێکە لە زۆرێک لە ناوچە شاخاویەکانی کوردستان دەڕوێ. هەروەها عەبدولعەزیزیشی پێ دەوترێت، ئەو ناوەش لە شێخ عەبدولعەزیزی کوڕی ئیمام شێخ ئەبدولقادری گەیلانی حەسەنی سدیقی کوڕی صالح موسی جەنگی دوستەوە وەرگیراوە، کە ئەو زاتە لەسەردەمی ئەیبویەکاندا لەوێ گیرساوەتەوە و ئەمرۆکەش مەزارکەی لە چیاکەدا ماوە و بەر لە شەڕی سوریا ڕووگەی سەردانیکەرانی کورد و سوری و تەنانەت بیانیش بووە و دەوترێت یەکێک بووە لە فەرماندەکانی سەلاحەدینی ئەیبوی کورد.
هەڵبەتە بۆجۆنیکی دیکەش هەیە کە دەوترێت چییاکە بە ناوی یەکێک لە هاوەڵانی پەیامبەری ئیسلامەوە ناونراوە.
چییای عەبدولعەزیر چەندین شوێنی مێژویی گرنگ لە خۆ دەگرێت کە ئەمرۆکەش ئاسەواری بەشێکیان ماوە و لەوانەش قەڵای سکرەی مێژوویکە لە سەردەمی ئەیوبیەکاندا دروستکراوە و شوێنێکی گەشتیاری چیاکەیە و پێشتر ساڵانە هەزاران کەس سەردانیان کردوە. قەڵاکە لە چەندین بروج و دیوار بەرز پێکهاتووە و دەشوترێت بەر لە ئەیوبیەکان هەر قەڵا بووە، بەلام مێژوەکەی ون و نادیارە. لە ناو ئەو قەلایە 5 بیری قوڵ هەبووە بۆ دابینکردنی ئاو.
ئەمەو لە ساڵی 1991دا، نزیکەی 5 هەزار هکتار لە چیاکە کراوەتە ناوچەی پارێزراوی ژینگەیی و ژمارەیەکی زۆر ئاسک و مامز و باڵندە و ئاژەڵی کێوی دیکەی تێدا دەپارێزرا و هاوکات چیاکە شوێنی حەوانەوە و کۆچی زۆربەی باڵندە کۆچەرەکانە لە باکوری گۆی زەویەوە و بەرەو باشوری زەوی.
ئەمە لە چییاکەدا، چەندین دار و درخت و دەون هەن و لە دۆڵ و تەختایەکانیش کشتوکاڵ و باغدار دەکریت و باغە زەیتون هەن و ناوچەکەش بە دومەڵان زۆر بەناو بانگە و زۆرێک لە دانیشتوانەکەی لەو ڕێگەیەوەوە و هاوکات بە ئاژەڵداری بژێوی ژیانیان دابین دەکەن.
چیای عەبدولعەزیز یان قەزوان، لە ژمارەیەکی زۆر گوند پێک دێت کە پێشتر زۆربەیان کورد بوون، بەڵام لە پاش پەیڕەوکردنی سیاسەتی بەعەرەبکردن و ڕاگوستن لەلایەن حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی سوریا، ڕێژەی کورد دابەزینی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و ئەمرۆکە زۆربەی دانیشتوانەکەی عەرەبی هاوردەن.ئەو کوردانەشی کە تا ئەم دواییە لە ناوچەکەدا بوون، بەهۆی داعشەوە ناچاری کۆچبەری بوون.
www.teger.co