کۆمەڵە هۆنراوەیەکی کلاسیکی شاعیر (م. ئاران)ە. لە وەشانگەی ئاراسی سنە چاپکراوە
بابەت: هەڵبەست
ساڵی چاپ: چاپی یەکەم 2015
هەر بە کێشی چاوەکانت فاعێالتۆن خۆشە خۆش
ڕەشترین شێعرێ کەوا بینیومە خوێن بێنێتە جۆش
ئەو کەسانەی باسی کۆن و نوێ دەکەن کوا تێدەگەن؟
خۆشەویستیت تازەیە یا فۆڕم و فکر و بیر و هۆش!
هەر بە شیری ئیشقی پاکت فرچکی گرتوە دڵم
گیان بە هەتوانی نیگات مشتوویەتی خۆشاوی گۆش
فێرەکێشەن چاوەکانی پڕ لە فیتنەی خێڵەکیت
بۆیە بۆم نەخرانە ناو کێش هەرچی کردم کردوکۆش
کێشەریی پڕهەستی چاوت بوونە هۆکاری ئەوەی
گشت دەم و ساتێ بکەومە گێژەنی داخ و پەرۆش
سیلەکەی مەستانەی ئەستێرەی درشتی چاوەکەت
بوونە گۆشەی پڕ لە ئەندێشەی خەیاڵی بادەنۆش
جوانی دوو کەس کەوشەنی گشت شێعر و ئەفسانەی بەزاند
یەک ئەتۆی پڕکێشی ناز و دوو کەنیلەی کافرۆش
زۆر لەمێژە ئارەزووی ژوانێکی تۆم کەوتۆتە دڵ
حەیفە بێماچێکی چاوت بچمە گۆڕی تەنگ و بۆش