دواڕۆژ، زریان محەمەد
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لە ساڵی 2015دا زیاتر لە 700 هاوڵاتی بەهۆی ڕاوەوە دەستگیرکراون.
وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، بەدواڕۆژی ڕاگەیاند "لەمساڵدا 743 هاووڵاتی بەهۆی بەنایاسایی ڕاوکردنەوە دەستگیرکراون که 284یان لەسەر باڵندەی کێوی دەستگیرکراون، 73شیان لەسەر ئاژەڵی کێوی و 96 هاوڵاتیش لەسەر ڕاوی ماسی و 45 کەسیش لەسەر داربڕین و 13 هاوڵاتی دیکەش لەسەر خەڵوزکردن و 190 لەسە زیادەڕەوی و 42 هاوڵاتی دیکەش لەسەر ئاگر کەوتنەوە کە ئاگریان لە دارستان و پوش و پەڵاش بەرداوه، دەستگیرکراون"
عەقید هێمن کەمەر خان، وتیشی" لەساڵی 2015دا ئەو ئاگرانەی کەوتونەتەوە 271 هەزار و 397 دۆنم لە پوش و پاوەن و دارستان سوتاون و زیانیان پێگەشتووه."
سەبارەت بە کەرەستەی ڕاوچییەکان کە دەستی بەسەرداگیراوه، وتی" 22 کڵاشینکۆف، 2 دەمانچە، 3ژێرسە، 1 زەمینۆف، 5 تیر و کەوان، 150 تاپڕ، 11 بادی، 444 فیشەکی کڵاشینکۆف، 584 فیشەکی تاپڕ 151 فیشەکی ژێرسە، 120 باڵندەی کێوی زیندو، 26 ئاژەڵی کوژراو، 123 جیهازی بیر لێدان، 15 دوربین،10 مۆلیدە، 29 ماتۆر سکیل، 8 بەلەم، 910 داری سروشتی بڕاو دەستیان بەسەرداگیراوە. "
ئاماژەی بەوەشدا لەو ڕووبەڕووبوونەوانەدا کە ڕاوچی دەستگیر دەکرێن ئەفسەرەکانمان ڕوبەڕوی کێشەی کۆمەڵایەتی بونەتەوە.