ئەنجومەنی هەناردەکارانی تورکیا ئاشکرایکرد، لەساڵی 2015 دا ئاستی هەناردەی شمەک لەتورکیاوە بۆ وڵاتانی دیکە بەڕێژەی 8.7% کەمیکردووە.
هەریەک لە محەمەد بۆیۆک ئاکشی سەرۆکی ئەنجومەنی هەناردەکاران و مستەفا ئالیتاش وەزیری ئابووری تورکیا لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ڕۆژی دووشەممە 3ی کانونی دووەمی 2016 بۆیان ڕێکخرابوو ئاماژەیان بەوەکرد، لەمانگی کانونی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا ئاستی هەناردەی شمەکی تورکیا بۆ وڵاتان گەیشتۆتە 11 ملیارو535 ملیۆن دۆلار ئەوەش بەبەراورد بە ساڵی 2014 لەهەمان مانگدا بەڕێژەی 12% کەمیکردووە.
لەبارەی کۆی قەبارەی هەناردەی شمەک لەتورکیاوە بۆ وڵاتانی تر لەساڵی 2015 دا سەرۆکی ئەنجومەنی هەناردەکارانی ئه و وڵاتە ئاشکرایکرد، قەبارەی هەناردەکردن گەیشتۆتە 143 ملیار و 730 ملیۆن دۆلار، بەهەمان شێوە بەبەراورد بەساڵی 2014 بەڕێژەی 8.7% کەمیکردووە.
هەر بەپێی ئه و ئامارە، ساڵی ڕابردوو هەناردەی تورکیا بۆ وڵاتی ڕووسیا بەڕێژەی 32%، هندستان 16.7%، ئەڵمانیا 11.6%، بەرازیل 16.4%، ئەمریکا 6.5% کەمیکردووە.
- 05-01-2016