دواڕۆژ، زریان محەمەد
بەڕێوەبەرایەتی نشینگەو پاسپۆرتی سلێمانی ڕایگەیاند کە لەساڵی 2015دا زیاتر لە120 هەزار پاسپۆرتیان بۆ هاوڵاتیان دەرکردووەو سلێمانی یەکەمە لەو ڕووەوە.
بەڕێوەبەرایەتی نشینگەو پاسپۆرتی سلێمانی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری کارو چالاکییەکانی ساڵی 2015ی ئاشکرا کرد، کە بەپێی ئەو ئامارانە سلێمانی پلەی یەکەمی گرتووە لەسەر ئاستی هەرێم کە زیاتر 120 هەزار پاسپۆرتی بۆ هاوڵاتیان دەرکردووە.
بەپێی ئامارەکانی چاپی نوسینگەکانی پاسپۆرتی هەرێم، پاسپۆرتی نوسینگەی (1)ی سلێمانی 121 هەزارو 439 پاسپۆرتی بۆ هاوڵاتیان دەرهێناوە، نوسینگەی دهۆک پلەی دووەم 117 هەزارو 14 پاسپۆرتی بۆ هاوڵاتیان دەرهێناوە، نوسینگەی هەولێری یەک 93 هەزارو 228 پاسپۆرت لەپلەی سێیەم، نوسینگەی کەرکووک پلەی چوارەم کە 92 هەزارو 498 پاسپۆرتی داوەتە هاوڵاتیان ونوسینگەی مەنسور 88 هەزارو 294 پاسپۆرتی بۆ هاوڵاتیان دەرهێناوەو لەپلەی پێنجەمدایە.
هەر لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا سالار عەبدوڵا بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ڕایگەیاند لەئێستادا هەموو شتێک تەواو بووە بۆ دانانی بینای پاسپۆرتی هەڵەبجەو چاوەڕێی بڕیاری حکومەتی مەرکەزین تا بڕیاری کۆتای بدەن و دەست بەکاربین.