نووسەر و شاعیر و پێشمەرگەی دێرین. لە دایکبووی ساڵی 1958 شاری #هەولێر#ە، قۆناغەکانی خوێندنی هەر لە هەولێر تەواوکردووە. ساڵی 1976 لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی موسڵ وەرگیراوە. ساڵی 1980 خوێندنی تەواوکردووە. ژیانی سیاسی لە قۆناغی خوێندکاری لە زانکۆی موسڵ دەست پێدەکات و پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە دەکات ساڵی دواتر پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەوە کردووە، وەک کارد لە دەزگای لێکۆڵینەوەی زانستی سەر بە دەزگای ڕۆشنبیری کۆمەڵە. لەو ماوەیەدا لەگەڵ (عەبدوڵڵا عەلی ڕەشێد-کاکە عەبە) سەرقاڵی دانانی فەرهەنگۆکی دەستەواژە سیاسی و ئاوبوورییەکان بوو. ئەوەی هاوکاری بۆ ئەم
کارە شارەزایی تەواوی بوو لە زمانەکانی (کوردی، عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی) بووە. ساڵی 1982 وەک ئەندامی دەستەی نووسەران بەشدار بووە لە دەرکردنی خولی یەکەمی گۆڤاری (ڕاپەڕین) کە گۆڤارێکی گشتییە، کۆمیتەی سەرکردایەتی هەولێر لە گوندی (وەرتێ) دەریکردووە. کە لە خولی یەکەمدا (4) ژمارەی لێدەرچووە. هەر لەو ماوەیەدا سەرقاڵی وەرگێرانی کتێبی (نەخۆشی چەپڕەوەی منداڵانە لە کۆمۆنیزمیدا-ی لینین) و کتێبێکی (لیو شاو شی- بەناونیشانی - ململانێی ناوخۆیی حیزب) بووە بەڵام چاپکردنی هەردوو کتێبەکە بە هۆی سەختی هەلوومەرجی پێشمەرگایەتییەوە کەوتووەتە ساڵی 1985 و هەردووکیان لە گوندی(چاڵاوا)ی دۆڵی جافەتی چاپکراون.
ساڵی 1983 گۆێزراوەتەوە بۆ کەرتی ڕێکخستنی #چۆمان# و لەوێ وەک ئەندام کەرت و ئەرکەکانی سەرشانی لەبواری ڕێکخستندا جێبەجێکردووە. لە ماوەی نێوان 1985 -1988 لە سنووری مەڵبەندی سێ وەک پێشمەرگە درێژەی بە هەڵسوڕانی خۆی داوە، پاش شاڵاوەکانی ئەنفال لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا کشاوەتەوە سەر سنوور و دواتر لە شاری (#سەقز#) گیرساوەتەوە.
ساڵی 1989 گوازراوەتەوە بۆ بارەگای مەکتەبی ڕاگەیاندن و ئەرکی سەرنووسەری ڕۆژنامەی (ڕێبازی نوێ)ی لە ئەستۆ گرتووە کە تا ساڵی 1990 بەردەوام بووە لە سەر ئەم کارە.
لەو ماوەیەدا نەخۆشی شێرپەنجە تینی بۆ دێنێت و پاش ململانێیەکی سەخت لەگەڵ ئەم نەخۆشییەدا لە 24 ی ئایاری 1991 لە تاران کۆچی دوایی کردووە و تەرمەکەی هێنراوەتەوە بۆ کوردستان و لە شەقڵاوە بە خاک سپێردراوە. هەر لەو ساڵەدا هۆنراوەکانی کۆکراونەتەوە و لە دیوانێکدا بەناوی (زەمانی لم) لە چاپخانەی (برایم عەزۆ) چاپکراوە.
سوپاس بۆ کاک (ئیبراهیم حەمە ئەمین) بۆ ناردنی ئەو کتێبە.