هەڵسووراوی سیاسی باکووری کوردستان، لە ساڵی 1943 لە گوندی (کەرەهان) ی سەربە شارۆچەکەی (سوێرکی) پارێزگای (ئورفە) لەدایکبووە. دوای تەواوکردنی خوێندی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە شاری (#ئامەد#) ساڵی 1966 لە کۆلێژی یاسای زانکۆی #ئیستامبوڵ# وەرگیراوە. ساڵی 1969 یەکێک بووە لەو 13 خوێندکارەی کە (کۆمەڵەی ڕۆشنبیری شۆڕشگێرانەی ڕۆژهەڵات- دەدەقەدە) یان دەمەزراندووە و سەرۆکی کۆمەڵەکە بووە.
پێش ئەوەی زانکۆ تەواو بکات لە 12ی ئازاری 1971 فەرمانی دەسگیرکردنی بۆ دەرچووە و تورکیای بەجێهێشتووە و 1972 چووەتە دەرەوە و لە سوید نیشتەجێ بووە. سالێ 1974 پاش ئەوەی حکومەتی (بولەند ئەجەڤیت) لێبووردنی گشتی دەرکرد، ئەمیشە گەڕاوەتەوە بۆ تورکیا و بووە بە ئەندام لە باڵی چەپی #پارتی دیموکراتی کوردستان#ی تورکیا بە سەرکردایەتی (سەعید قرمز توبراخ- د.شڤان) ، دواتر دەستی لە کارکێشاوەتەوە و هاوکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کردووە، لە سەرەتای دەسپێکردنەوەی شۆڕشی نوێی چەکداریدا. لە ساڵانی 1976-1977 ڕۆڵی کارای بینیوە لە داینیکردنی پیداویستییە لۆجستییەکانی یەکێتی لەناو تورکیادا کە بردنی یەکەم پۆلی پێشمەرگە بە فەرماندەی برایم عەزۆ کە ژمارەیان 37 پێشمەرگە بووە لەناو سووریا و بۆ تورکیا و دواتر ناوچەی بادینان، هەروەها گەیاندنی چەندین بارە چەک لە سووریاوە بۆ بادینان. ساڵی 1977 بەشێکی ئەرکی بە سەلامەتی گەیاندنی تاڵەبانی لە ئیستامبوڵەوە بۆ سەر سنووری ئێراق- تورکیا لە ئەستۆ گرتووە. ساڵی 199 پاش ڕووخانی ڕژێمی شای ئێران و لە کردەوەیەکی کەموێنەدا توانی بڕێکی زۆر چەکی سووک لە شاری #قامیشلۆ#وە بە خاکی تورکیادا بگەیەنێتە سنووری ناوچەی سۆمای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ڕێگەی پێشمەرگەکانی (کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان-ئێران) بگاتە شاری #نەغەدە# و پاشان بۆ باشووری کوردستان و بارەگای سەرکردایەتی یەکێتی لە (خرەی ناوزەنگ) .
دوای کودەتاکەی ساڵی 1980 جەنڕاڵ (کەنعان ئیڤرین) لە شاڵاوێکی ڕەشبگیریدا لە مانگی نیسانی 1982 لە شاری (#ئامەد#) دەستگیر دەکرێت و لە 22 تشرینی یەکەمی 1984 لەژێر ئەشکەنجەدا شەهید دەبێت.[1]
بەپێی هەندێک سەرچاوەی تر، نەجۆ لە ڕۆژی 24-01-1984 گیانی لەدەست داوە.[2]