بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ساڵانی 2013 و 2014دا نزیکەی 500 لاوی کورد کە تەمەنییان لەنێوان 13 بۆ 25 ساڵدا بووە، چونە نێو ڕیزەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، بەڵام له و ژمارەیە، 150 کەسیان گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان.
مەریوان نەقشبەندی بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خەندانی ڕایگەیاند: "لە ساڵانی (2013-2014)، نزیکەی 500 لاوی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، پەیوەندییان بە ڕیزەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە کردووە، بەڵام لە شەش مانگی ڕابردوودا، هیچ حاڵەتێک بۆ چوونی هاوڵاتیانی کورد بۆ نێو ئه و ڕێکخراوە توندڕەوە، تۆمارنەکراوە".
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی، وتیشی: "لە کۆی گشتی ئه و 500 کوردەی پەیوەندییان بە داعشەوە کردبوو، 270یان لە شەڕەکاندا کوژراون، 150 کەسیشیان بە شێوەی جیاجیا گەڕاونەتەوە هەرێم".
بە وتەی ئه و بەرپرسەی وەزارەتی ئەوقاف، ئەوانەی گەڕاونەتەوە هەرێم، هەندێکییان بەشێوەی ڕاستەوخۆ خۆیان ڕادەستی هێزەکانی پێشمەرگە کردووە، هەندێکی ترییان لەڕێی کەسوکارییانەوە پەیوەندییان بە دەزگا ئەمنییەکانەوە کردووە، هەندێکی ترییان لەڕێی ئێمەوە بووە کە ئاسانکاریمان بۆ گەڕانەوەیان کردووە.
مەریوان نەقشبەندی، پێیوایە ئه و کوردانەی ڕیزەکانی داعشیان بەجێهێشتووە، پەشیمانبوونەتەوە و بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە خۆیان ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە، ئاماژەی بە ئازادکردنی هەندێک لەوانەش کرد کە کەیسەکانیان له و بارەیەوە گرفتی نەبووە تەواو بووە و هیچیان لەسەرنەماوە، بۆ ئازادکردنی ئەوانی تریش تەئکیدی لەسەر ئه و ڕێوشوێنانە کردەوە کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە گیراونەتەبەر کە بە وتەی ئەو، خۆیان لە لێکۆڵینەوەی زیاتر و چاودێری زیاتردا دەبیننەوە، تا دڵنیابن لەوەی گەڕانەوەکەیان گەڕانەوەیەکی تەندروستە، نەک بۆ فێڵ و خۆڕێکخستنەوە.
- 11-01-2016