نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عیراق ڕایگەیاند، لەماوەی 22 مانگی ڕابردوودا نزیکەی 19 هەزار هاوڵاتی مەدەنی عیراقی کوژراون، بەهۆی پەرەسەندنی تووندوتیژییەکان و شەڕی نێوان هێزە حکومییەکان و ڕێکخراوە چەکدارەکانەوە، زیاتر لە سێ ملیۆن کەسیش لەهەمان ماوەدا ئاوارەبوون.
لە ڕاپۆرتێکیدا، کە نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بەبەشداری نووسینگەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لەژنێف ئامادەی کردووە، ڕایگەیاندووە: " پەرەسەندنی شەڕی نێوان داعش و هێزەکانی حکومەتی عیراق و میلیشیا چەکدارەکان، لەسەرەتای 2014ەوە تا کۆتایی 2015، بووەتەهۆی کوژرانی نزیکەی 18،802 هاوڵاتی مەدەنی عیراقی، دوو هێندەی ئه و ژمارەیەش هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون".
راپۆرتەکە، ئاماژەی بەوەشکردووە کەنزیکەی 3500 کەس کە زۆربەیان لەژن و منداڵی ئێزدی پێکهاتوون، لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە دەستگیرکراون و هەندێک لەژنەکانیشیان وەکو کۆیلە فرۆشراون.
هەروەها ڕاپۆرتەکە باس لە ڕەفتارە دڕندانەکانی تیرۆریستانی داعش و دەڵێت دەچنە "خانەی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جینۆسایدەوە".
- 19-01-2016