ڕێنووسی کوردی لەنێوان بەڵگەی زانستی و هەست و سۆزی کەسیدا.
ئایا لە زمانی کوردیدا دەنگی (ص)مان هەیە؟ ئەگەر هەیە بۆ لە نووسیندا بەکار ناهێنرێت؟ ئەو بەڵگانە کامانەن کە بوونی ئەو دەنگە دەسەلمین وە بەڵگانەش کامانەن کە زمانی کوردی بێبەری دەکەن لەو دەنگە؟
سەرەتا پێویستە بزانین نووسین چیە؟
نووسین ڕێگایەکە بۆ دەربڕین گفتوگۆ بەشێوەیەکی بینراو، بەهۆی بەکارهێنانی کۆمەڵە هێمایەکەوە کە هەر هێمایەک و گوزارشت لە دەنگێک دەکات وەک پیتەکان یان گوزارشت لە وشەیەک دەکات وەک ژمارەکان.
بەگوێرەی پێناسەی نووسین، ئەو ڕاستیە دووپات دەبێتەوە کە هەر هێمایەک و بەرپرسە لە نواندنی دەنگێک، واتە ناکرێت دوو دەنگی جیاواز تەنها بە (یەک) هێما (پیت) دەرببڕرێت. بۆ نموونە: ناکرێت وشەی (دار) بە وشەی (مار) یان (بار) یان (کار) بنووسرێت چونکە هەریەکە لەو وشانە واتای تایبەت بە خۆیان دەبەخشن.
زۆر پێویستە لە کاتی ئاخاوتندا چی بێژە کرا هەر هەمان شتیش بنووسرێت. بەکارهێنانی پیتی (س) لە شوێنی پیتی (ص) بەتەواوی هاوشێوەی ئەم باسەیە. هەندێ کەس پێیان وایە ئەم دەنگە (ص) لە کوردیدا نیە بەڵکو عەرەبیە بە بەڵگەی ئەوەی عەرەبەکان بەکاری دێنن، ئەم وتەیە هیچ بنەمایەکی زانستی نیە بەڵکو لە هەست و سۆزێکی بێبنەماوە سەر دەردێنێت، چونکە چەندین پیتی دیکەمان هەیە کە عەرەبەکانیش بەکاری دێنن بۆ نموونە: پیتەکانی (ت، ڕ، و، ق، ل، ک، د، س، ج، م، ز،...هتد)، ناکرێت هەر پیت و هێمایەک عەرەبەکان بەکاریان هێنا بڵێین: ئەمە کوردی نیە، چونکە ئەگەر وابێت هەمووی چەند پیتێکی کەم بەکوردی دەمێنێتەوە. لە ڕاستیدا ئەم پیتە لە کرۆکی زمانی کوردییەوە هەڵقوڵاوە، چونکە دەیان وشەمان هەیە کە ئەو دەنگەی تێدایە. وە زۆریش پێویستە لە نوسیندا بە هێما تایبەتەکەی خۆی (ص) بنووسرێت، ئەگەر ئەو دەنگە بە پیتی (س) هێما بکرێت، ئایە دەگونجێت؟
دەپرسین ئایە دەگونجێت پیاوێک ناوی (جوامێر) بێت بەڵام بە (نازە) بانگی بکەین؟
لە نووسینی کوردیدا چی بێژە بکرێت هەر ئەوەش دەبێت بنووسرێت. لێرەدا بوونی ئەو دەنگە لە چەند وشەیەکدا ئاماژەی پێکراوە، بۆ نموونە:
صڵق، ماصت، صابوون، صاف، صاغ، صاڵ، پاص، صەوڵ، صەگ، صواڵکردن، صڕ بەواتای (نهێنی)ە بەڵام (سڕ) واتە سست یان وڕ.
بوونی تەنها یەک وشە لە زمانی کوردیدا، بەسە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو ڕاستیە چونکە پەندێکی کوردی هەیە و دەڵێت: ئەو کەسە کەسە، ئەلیفێکی بەسە.
ئێوەش ئازادن بە چی هێمایەک ئەو دەنگە دەنووسن، چونکە خودا بە ئازادی ئێوەی ئافراندووە.
زۆر سوپاس.