سکرتێری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، لەدوو مانگی ڕابردودا 134 کەس لەدەریای ئیجەدا خنکاون و 84 یان دۆزراونەتەوه و 57 یش بێسەروشوێنن، بڕیاریشە ئەمڕۆ تەرمی ژمارەیەک کۆچبەری تر کە لە دەریای ئیجەدا خنکاون بهێندرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ 6ی شوباتی 2016، دەشتی جەمال سکرتێری سەرتاسەری پەنابەرانی عیراق لە کۆنگرەیەیکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:لەدوو مانگی ڕابردودا 134 کەس لەدەریای ئیجەدا خنکاون و 84 یان دۆزراونەتەوه و 57 یش بێسەروشوێنن.
وتیشی: کاتژمێر 6ی ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی 25 له و خنکاوانە دەگەڕێندرێنەوە هەرێم، بەم نزیکانەش تەرمی 25 کەی تریش دەهێندرێنەوە.
ئاشکراشی کرد، لەدوو ساڵی ڕابردوودا 200 هەزار هاووڵاتی کورد لەهەرێمی کوردستان ڕوویان لەوڵاتانی ئەوروپاو دەرەوەی کوردستان کردووە.
سکرتێری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عیراق ڕاشیگەیاند: هەرچی زووە بەرەسمی وەڵامی خواستەکانی خەڵک بدەنەوه و هێنانەوەی تەرمەکانیش لەئەستۆ بگیرێت، لەگەڵ هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنەکان و قەرەبوکردنەوەی کەسوکاریان، ناچارکردنی حکومەتی تورکیا بەڕێگرتن لەقاچاخچیەکان.
وتیشی: لەساڵی 2015 بۆ 2016، 200 هەزار هاووڵاتی عیراقی ڕوویان لە دەرەوەی وڵات کردووە، بەشێک له و ئامارانەش لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی وڵاتان دەستمان کەوتوون، له و ماوەیەدا 3 هەزارو 500 هاووڵاتی عیراقی داوای مافی پەنابەرییان لە سوید کردووە، لە ئەڵمانیاش 13 هەزارو 629 و لەفیلەندا 20 هەزار و 4855 هاووڵاتی عیراقی داوای مافی پەنابەرییان کردووە.[1]
#06-02-2016#